زوومی کلتووری
ئەنتۆنیۆ باندێراس، ئاڤالونکگۆریا، مارتین سکۆرسیزی، رۆسل کرۆ و زۆرێکی دیکە لە ئەستێرە و کەسایەتییە دیارەکانی هۆڵیوود، بۆ مەرگی پاپا فرانسیس هەستی خۆیان دەربڕی.
رێبەری کڵێسای کاثۆلیک دوێنێ دووشەممە لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایکرد و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
ئەم مردنەش کاردانەوەی فراوانی لە ئاستی دنیادا دروستکرد و لەو چوار چێوەیەشدا هونەرمەندان بە تایبەت لە هۆڵیوود پرسەیان راگەیاندووە.
رۆسل کرۆ، کە لە ٢٠١٤دا پاپا فرانسیسی بینیوە، لە تۆڕی ئێکس نووسیوێتی: رۆژێکی جوان لە رۆم، بەڵام رۆژێکی غەماوی بۆ ئەهلی ئیمان، رۆحت شاد فرانسیس.
پێتی ئیسمیت، مۆسیقاکار و شاعیر و نووسەری ئەمریکی لە ئینستاگرامەکەی فۆتۆی گوڵێکی چاوبازەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوێتی: ئەمە تەنها گوڵێکی بچووکە، سادەیە بەڵام بەهێز، ئەمڕۆ ئەوەم بینی و کەوتمە ژێر کاریگەری، بە یادی پاپا فرانسیسی ئازیز.
دەرهێنەری بەناوبانگ، مارتین سکۆرسیزی، کە لە چەندین بەرهەمیدا باوەڕداری خۆی دووپاتکردووەتەوە و لە ٢٠٢٣دا پاپا فرانسیسی بینیوە، لە نووسراوێکدا دەڵێت: ئەمە لە دەستدانێکی گەورەیە، بەڵام ئەم لە دەستدانە بۆ دنیا زۆر گەورەترە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو رووناکییەکی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە هەرگیز ناکوژێتەوە.