زوومی کلتووری
ئەزغەر فەرهادی، بۆ جاری دووەم، شوێنی فیلمە نوێیەکەی کە تا ئێستا ناوەکەی رانەگەیەندراوە، گۆڕی.
یەکەمجار وا بڵاوکرایەوە، ئەم فیلمە نوێیەی فەرهادی لە لۆس ئەنجڵس وێنەدەگیرێت، بەڵام دواتر شوێنەکەی گۆڕدرا بۆ نیویۆرک، بەڵام لە ئێستادا سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، ئەم فیلمە بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەستێرە دیارەکانی سینەمای فەرەنسا لە پایزی ئەمساڵدا لە پاریس وێنەگرتنی بۆ دەکرێت.
فەرهادی پێشتریش بە بڵاوکراوەی لۆمۆندی راگەیاندبوو: ئیترهیچ ئارەزوویەکی نییە، فیلم لە ئێراندا درووستبکات، چونکە سانسۆر زیانێکی زۆری هەیە، رەنگە لە سەردەمێکدا هەندێ رێگە بۆ چارەسەری ئەم سانسۆرە بدزۆینەوە، بەڵام لە درێژ مەودادا، دەبێتە هۆی وشکبوونی داهێنان.
چل ساڵە فیلمسازانی ئێرانی لەگەڵ سانسۆردا خەریکی کارکردنن، هەربۆیە دەبنینین لە ئێستادا درووستکردنی فیلمە هونەرییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو روو لە کەمییە.
ئەزغەر فەرهادی یەکێک لە داهێنەرترین فیلمسازەکەنای ئەمڕۆی سینەما لە ئێران و دنیادایە و تا ئێستا دووجار براوەی خەڵاتی ئۆسکار بووە و بە کۆتا فیلمیشی واتە فیلمی ‘قهرەمان’ بووە براوەی خەڵاتی گەورەی داوەرانی کان.