زوومی کلتووری
لە بەیاننامەیەکدا دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی فیلمنامەنووسی ئێران، باس لە حەقدەستی نووسەرانی بواری سینەما و تەلەفزیۆن لە وڵاتەکەیاندا دەکەن و دەڵێن، ئەو دۆخە ئابوورییەی سەرجەم کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە کاریگەری هەبووە لەسەر بواری فیلمسازی و بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمێکی سینەمایی بۆ دووبەرامبەری ساڵی پێشوو.
ئەنجومەنی فیلمنامەنووسان گوتویشیانە، لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی رێسا و ستانداردە جیهانییەکان، نووسەری هەر فیلمێک نزیکی پێنچ تا دە لەسەدی بودجەی فیلمەکەی بۆ تەرخاندەکرێت، بەڵام ئەوان چاویان لەمە پۆشی و ویستیان لەگەڵ ئەو دۆخە نالەبارەی هاتووەتە ئاراوە خۆیان بگونجێنن.
هەربۆیە چاوەڕێدەکەن ئەو دۆخە کۆتایی پێبهێنرێت و فیلمنامەنووسان مافی خۆیان وەربگرن بە تایبەت لە زۆربەی کاتدا لە نووسەرێک زیاتر لە پرۆژەیەکدا ئامادەییان هەیە.
ئەم ئەنجومەنە پێشنیازدەکات بۆ لەمەودوا حەقدەستی فیلمنامەیەکی سینەمایی یەک ملیار تمەن بێت، کە دەکاتە نزیکەی ١١ هەزار دۆلار، ئەمە لەکاتێکدا تێچوی فیلمێک ٢٠ ملیار تمەن بێت.
حەقدەستی فیلمانەیەکی تەلەفزێۆنیش ٥٠٠ ملیۆن تمەن بێت، بۆ نوسینی هەر ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەکی تەلەفزێۆنیش ٣٠٠ ملیۆن تمەن، بۆ ئەو زنجیرانەشی کە بۆ پلاتفۆڕمەکان بەرهەمدەهێنرێن بۆ هەر ئەڵقەیەک ٥٠٠ ملیۆن تمەن بێت.