زوومی کلتووری
فاتمە حەسونە فۆتۆگرافەر و هونەرمەندنی فەڵەستینی کە چوارشەممەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، پێش ٢٤ کاتژمێر لە کوژرانی لەوە ئاگادارکرابووەوە فیلمەکەی گەیشتووەتە فێستیڤاڵی کان.
حەسونە لە فیلمێکدا بە ناوی ‘رۆحت بە دەستەوە بگرە و بکەوەڕێ’ لە دەرهێنانی ‘سپیدە فارسی’ لە فێستیڤاڵی کانی ئەمساڵ و لە بەشی ‘ئەسید’ بەشدارە، لە ماڵەکەی خۆیدا و لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لە ئەنجامی بۆمبارانی ئیسرایل، غەزە کوژرا.
سپیدە فارەسی، دەرهێنەری فیلمەکە بە بڵاوکراوەی دێدلاینی راگەیاندووە’حەسوونە کەسێکی زۆر بەتوانا و ئومێدبەخش بوو، چەند رۆژێک پێش ئێستا پەیوەندیم پێوەکرد و پێـمڕاگەیاند فیلمەکەمان لە کاندا پیشاندەدرێت و دەمویست بانگهێشتی بکەم بۆ کان’.
بەڵام حەسوونە بە دەرهێنەرەکەی راگەیاندووە ‘دێم بەڵام دەبێت بگەڕێمەوە بۆ غەزە، نامەوێت غەزە بە جێبهێڵم’.
سپیدە فارس دەشڵێت: نیگەرانی ئەوەم بەهۆی بەشداری فیلمەکە لە کان و چالاکییە رۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل ئەم هونەرمەندەی کوشتبێت.
حەسونە لە ئابی ساڵی رابردوو لە ئینستا گرامەکەی نووسیبووی ‘ئێمە لێرە هەموو رۆژێک بە شێوەی جیاواز دەمرین. هەر جارێک ئازاری منداڵێک دەبینم هەزار جار دەمرم، پارچە پارچە دەبم و دەبمە خۆڵەمێش، ئەم پووچییە ئازارم دەدات، ئەگەر مردم، مەرگێکم دەوێت دنیا بیبیستێت و بۆ ساڵانێکی زۆر باسبکرێت و بە جۆرێک بێت هەرگیز بیر نەچێتەوە.