رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هەموارکردنەوەى بودجەى عێراق لە تونێلى تاریکى رێککەوتنە سیاسییەکاندایە
کازم فەیاز، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بەدوورى نازانێت هەموارکردنەوەى بودجەى 2024 داوبکەوێت و هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان گەڕاندەوە.
لەلایەکى دیکەوە نەبیل مەرسومى، پسپۆری ئابووری گوتى، یەکێک لە خاڵە رەش و تاریکەکانى نێو پرۆژەیاساکە پلە تایبەتەکان و بریکارى وەزارەتەکانن، کە ژمارەیان 768 پلەیە.
ئەو دەڵێت، پشکى هەرێمى کوردستان لەو ژمارەیە 329 پلەیە، کە دەکاتە 43%ـى پلە تایبەتەکانى عێراق، لە هەمان کاتدا لەنێو وەزارەتەکانیشدا وەزارەتى دەرەوە پشکى شێرى بەرکەوتووە، کە 118 پلەى تایبەتیان هەیە.
مەرسومى رایگەیاند، بوارى سەربازیی رێژەیەکى ئێجگار زۆری لەنێو بودجەى 2024 دا داگیرکردووە، کە بڕەکەى 29 ملیار دۆلارى ئەمریکییە و لەو بڕەش 42%ـى بۆ بابەتى مووچەى هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان دیاریکراوە.
دەستوور
پردى زانستى لەنێوان زانکۆکانى عێراق و بەریتانیا دروستدەکرێت
نەعیم عەبود، وەزیریى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق رایگەیاند، لە لایەن ئەنجومەنى باڵاى زانکۆکانى بەریتانیاوە نامەى فەرمیی پێگەشتووە، کە ئەنجومەنى رۆشنبیریی بەریتانیا رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر دروستکردنى پەیوەندى هەمەلایەنە لەگەڵ زانکۆکانى عێراق و پەرەپێدانى توانامرۆیی و زانستییەکانى هەردوو وڵات، بەتایبەتى لە بوارى پزیشکى و ئەندازیارییدا.
وەزیری خوێندنى باڵاى عێراق دەلێت، سەرقاڵی دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەشن بۆ ئەو مەبەستە و زانکۆ ئەهلییەکانیش دەگرێتەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئاستى زانکۆکانى عێراق زیاتر بەرزبکەنەوە.
عەرەب
کولێرا هەڕەشەیەکى جدییە لەسەر یەمەن
مارتن گریفیس، بریکاری سکرتێری گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتاى ئەم مانگەوە نیگەرانى لە دۆخى سەرهەڵدانى کولێرا لە یەمەن راگەیاند و بەگوێرەى بەدواداچوونى رۆژنامەى عەرەبیش نەخۆشییەکە هەڕەشەیەکى جدییە لەسەر ژیانى هاووڵاتییانى وڵاتەکە.
تەیسیر سامعی، لە وەزارەتى تەندروستیى یەمەن رایگەیاند، پارێزگاى تەعز بە یەکێک لە قەرەباڵغترین پارێزگاکاى یەمەن دادەنرێت و زۆرترین توشبووى کولێراى تێدا بڵاوبووەتەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەى وەزارەتى تەندروستى رایگەیاندووە، تەنها لەنێو پارێزگاى تەعز 820 حاڵەتى کولێرا لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تۆمارکراوە و 12 حاڵەتیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو دەڵێت، لە سەرانسەرى یەمەن تەنها لەم مانگەدا بە فەرمی 30 هەزار حاڵەت تۆمارکراوە، زۆرینەى رەهاى ئەو ژمارەیە دەکەوێتە ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى حوسییەکاندایە.
مارتن جەختى کردووەتەوە، لەنێوان 2016 بۆ 2021 زۆرترین حاڵەتى توشبوون تۆمارکراوە کە رۆژانە نزیکەى هەزار توشبوو هەبووە و تائێستاش زیاتر لە 250 هەزار حاڵەت بەفەرمى تۆمارکراون و لەسەرەتاى ئەمساڵیشەوە تائێستا 166 کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەرەبی جەدید
بەمەبەستى دادگاییکردنیان عێراق سەرقاڵی گەڕاندنەوەى تاوانبارانە
پرۆسەى هاوکارییە ئەمنى و یاساییەکانى نێوان عێراق و وڵاتانى دراوسێ پێی ناوەتە قۆناغێکى نوێوە، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو تاوانبارانەى بەمەبەستى خۆدزینەوە لە دادگا لە دواى 2003ـەوە پەنایان بردووەتە بەر وڵاتان.
دەستەى دەستپاکی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، بەشێکى زۆر لەو تۆمەتبارانە لە وڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا نیشتەجێن و تۆمەتەکانیان پەیوەندى بە تیرۆرو حزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە هەیە.
کەریم مەحمەداوى ئەندامی لیژنەى ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانى عیراق رایگەیاند، گۆڕینەوەى زانیاری لەنیوان عێراق و وڵاتانى دراوسێدا بەردەوامە، بەتایبەتى لە گەڵ تورکیا، سوریا، ئوردن و لوبنان بەمەبەستى گەڕاندنەوە و رادەستکردنەوەى داواکراونى عێراقیدا، بەتایبەتى ئەوانەیان تۆمەتبارن بە تاوانى سیاسی و تیرۆر و لە دواى 2003ـەوە عێراقیان بەجێهێشتووە.
موهەنەد سەلوم، پسپۆری ئەمنى و ستراتیژیی دەڵێت، زۆرینەى ئەو کەسانەى داواکراون دوو دەستەن؛ یەکەمیان، بەعسییە هەڵاتووەکانن و دووەمیشیان ئەوانەن پەیوەندییان بە داعش و گرووپە توندڕوەکانەوە هەبووە و تاوانبارن بە کارى نایاسایی و دژە مرۆڤایەتى.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە شەڕی کۆبانیدا سێ هەزار برینداری یەپەکە لە تورکیا چارەسەر کران
گالیپ ئەنسەریئۆغڵو، پەرلەمانتارى ئاک پارتى لە بازنەى ئامەد رایگەیاند، لە 2014 لەکاتى شەڕی کۆبانیدا سێ هەزار ئەندانی یەپەگە لە نەخۆشخانەکانى تورکیا چارەسەرکران.
ئێنسەریئۆغڵو ناوی شەرڤانانى یەپەگەی بە بەرخودانەکان ناوبردووە، ئەمەش لە پەرلەمان کاردانەوەى لێکەوتەوە.
سەباح
کار بۆ نەهێشتنى سەگی بێلانە لەسەر شەقامەکان دەکرێت
ئاک پارتى پرۆژەیاسایەکی بۆ چارەسەری سەگی بێلانە ئامادەکردووە، لەئێستادا چوار لە وەزیرەکانى حکومەتى تورکیا کارى لەسەر دەکەن.
بەگوێرەى پرۆژەیاساکە لە یەکەم هەنگاودا سەگى بەرەڵا لەسەر شەقامەکان کۆدەکرێنەوە، هەنگاوى دووەم دروستکردنى شێڵتەرە بۆیان، لەلایەنە شارەوانییەکانەوە و هەنگاوی نەزۆککردنى سەگەکان دەستپێدەکات.
هاوکات وێنەى تەواوى ئەو سەگانە دەگیرێت و بڵاودەکرێنەوە تاوەکو هەرکەس خواستی هەبێت دەتوانێت خاوەندارێتی بکات، ئەو سەگانەشی تووشی نەخۆشی بوون لە رێگەی دەرزییەکەوە دەخەوێنرێن.
تورکیا
توندوتیژى دژ بە ژنان کۆتایی نایەت
لە تورکیا و لە باکوورى کوردستان لە رۆژێکدا چوار ژن کوژران، دوانیان لە ئەستەنبوڵ کوژران، یەکیان لە ئەرزەڕۆمى باکوورى کوردستان و یەکێکی دیکەش لە موغڵە کوژرا.
بەگوێرەى رۆژنامەکە تەواوى ئەو قوربانیانە بە چەک کوژراون و دواتر بەنزینیان پێداکراوە و سوتێنراون.
تورکگون
لە چوار مانگی ئەمساڵدا نزیکەى 13 ملیۆن گەشتیار روویان لە تورکیا کردووە
رێژەی هاتنی گەشیارى بیانى بۆ تورکیا زیادیکردووە، لەماوەى چوار مانگی ئەمساڵدا، 12 ملیۆن و 678 هەزار و 959 گەشتیار روویان لە تورکیا کردووە. بەگوێرەى ئامارێکی وەزارەتى کلتوور و گەشتیاریی تورکیا، ئەو رێژەیە بەراورد بە چوار مانگی ساڵى رابردوو، 11.79% زیادیکردووە.
زۆرترین رێژەى گەشتیاریش لە وڵاتانى ئەڵمانیا، رووسیا، ئێران، بولگاریا و بەڕیتانیا بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
چاینە دەیلی
دادگای لاهاى داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشی سەر غەزە رابگرێت
دادوەرانی دادگای دادبینیی نێودەوڵەتی لە لاهایی هۆڵەندە رۆژی هەینی رایانگەیاند، پێشتر داوایان لە ئیسرائیل کردووە هەنگاوی بەپەلە بنێت و نەهێڵێت قەیرانە مرۆییەکانی نێو کەرتی غەزە هێندە خراپ بێت، بەڵام سوپای ئەو وڵاتە گوێی لێ نەگرتوون و رەوشەکەی بەرەو خراپتر بردووە.
نەواف سەلام دادوەری باڵا لە دادگاکەى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە مانگی ئازارى رابردووەوە ئەو داوایە دراوە بە ئیسرائیل، بەڵام ئەو تائێستا کاری پێ نەکردووە و لە ناوچەی رەفەحی سەر بە باشووری کەرتی غەزە رەوشەکە تادێن خراپتر دەبێت.
ئیندیپێندەنت
مایکڵ گۆڤ خەریکە لە کەشتییەکەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە، پارتی پارێزگارانیش بەدوای 191 کاندیددا دەگەڕێت
ریشی سوناکی سەرەکوەزیرانی بەریتانیا بە سەردانێک چوو بۆ شوێنی دروستکردنی کەشتیی تایتانیک، هەر لەوێ بوو بەردی ئەو هەواڵە ناخۆشەیان کێشا بە دڵیدا، کە پێیانگوت مایکڵ گۆڤی پاڵێووراوی پارێزگاران بڕیاریداوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکات، بەمەش ژمارەی ئەو پاڵێوراوانەی پارتەکەی، تائێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردن پاشەکشەیان کردووە گەیشتووە بە 78 کەس.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، مەگەر تەنها لە ساڵی 1997 و کاتی سەرۆکایەتییەکەی تۆنی بلێردا هێندەی ئێستا کاندید لە لیستەکەی پارێزگاران پاشەکشەیان کردبێت.
یو ئێس ئەی تودەی
ژمارەیەکی کەمى ئەمریکییەکان پێیانوایە هونەرمەندە بەناوبانگەکان کاریگەریی لەسەر دەنگدانیان دەبێت
ئەمریکییەکان دەڵێن، ئەوکاتەی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بوونی ناوی کەسە بەناوبانگەکان کاریگەری زۆریان لەسەر دروستناکات.
ئەوان دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردن لەنێو کەسایەتییە میوزیکى و هونەرییەکاندا بکەن، ئەوا بیر لە بیۆنسێ و تایلەر سویفت و کیم کارداشیان دەکەنەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسەی بیانەوێت بۆ پۆستی سیاسی دەنگی پێبدەن، زۆربەیان بیر لە باراک ئۆباما دەکەنەوە.
رۆژنامەی یو ئێس ئەی تۆدەی راپرسییەکی کردووە و ناوی چەندین هونەرمەندی نواندن و میوزیکى و سیاسیی پێشنیازکردووە، پرسیویەتى،”ئەگەر ئەمانە پاڵێووراوبن بۆ پۆستێکی سیاسی، تۆ دەنگ بە کامیان دەدەیت ؟ لە ئەنجامدا ئۆباما و هاوسەرەکەى کەوتنە پێشی هەمووانەوە”.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئەو پەیامەی چین دەینێرێت بۆ تایوان بۆنی جموجوڵی سەربازیی لێدێت
ئەوەی لە وێنەی سەرەکیی سەر لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵدا دەیبینین، شاشەیەکی گەورەی تەلەڤزیۆنییە لەنێو پەکینى پایتەختی چین دانراوە.
ئەم شاشەیە هەواڵێکی لەسەر نوسراوە و دەڵێت، سوپای وڵاتەکەیان لە مانۆڕێکی سەربازیدا گەمارۆی دوورگەی تایوانی داوە.
ئەم مانۆڕە بە چەند رۆژێکی کەم پاش ئەوەدێت، خەڵکی دوورگەی تایوان هەڵبژاردنێکیان ئەنجامدا و سەرۆکێکیان هەڵبژارد، کە ئەمریکا پشتگیری دەکات.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەستیپێکردووە
پەیمان جەبەلی، بەرپرسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یارمەتیدان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکى پڕ لە سۆز، کە مەبەست لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە بۆ شوێنگرەوەى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى کۆچکردوو.
ئەو دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جیاوازە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەبێت دیزاینێکی جیاوازمان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە دڵنیاییەوە دیبەیت یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێموایە دیبەیتمان دەبێت، کە دوور بێت لەو زیانانەی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی لە قۆناغەکانی پێشوودا هەبوو. هەندێک لە دیبەیتەکانى پێشوو کاندیدان هێرشیان دەکردە سەر یەکدى، ئەوەش لەوکاتەدا ناڕەزایەتى لێکەوتەوە.
ئەفکار
پرسەی سەرۆککۆمار پەیامی بەهێزیی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ هەموو جیهان
عەلی خامنەیی، لە کاتی سەردانی بنەماڵەی ئیبراهیم رەئیسی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانەکەی، ئاماژەی بە بوونی خەڵک لە پرسەی سەرۆککۆمار کرد، بەتایبەتى میوانە بیانییەکان.
خامنەیی گوتى، وەک پەیامێک بوو بۆ جیهان، کە لە قازانجی کۆماری ئیسلامی بوو، رەگ و ریشەی جەماوەریی کۆماری ئیسلامی و هێزەکەی نیشانی هەموو جیهان دا.
ئاسیا
دەرگای سینەماکان بەڕووی خەڵکدا دەکرێنەوە
لە دوای چەند رۆژێک ماتەمینیی گشتی و داخرانی هۆڵەکانی سینەما لە ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسی و هاوڕێکانیەوە ژیانی ئاسایی لە ئێران دەستپێدەکاتەوە.
گوتەبێژی کۆمەڵەی سینەماکاران رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سینەماکان بکرێنەوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوو لە رێگەی سیستمی بەڕێوەبردنەوە هەواڵەکە بڵاودەکەیتەوە.
شەهروەند
رەئیسی بەرهەمهێنانی نەوتی زیادکرد و بێکاری کەمکردەوە
ئاماری دامەزراندن دەریدەخات رێژەی بێکاری لە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسیدا کەمیکردووە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.
سۆلەت مورتەزەوی، وەزیری کار، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە رێژەی بێکاری، رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە هەشت پارێزگای ئێران لە خوار 7%ـەوەیە.
هەروەها بەرهەمهێنانی نەوت لە سەردەمی حکومەتی رەئیسیدا نزیکەی 60% زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەرزترین ئاستە لەدوای سزاکانی ئەمریکاوە.