لە نەورۆزدا نزیکەی 900 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگای کوردستانی رۆژهەڵات

 زووم:

لە ماوەی 10 رۆژی بۆنەکانی نەورۆز و سەری ساڵی هەتاوی، زیاتر لە 867 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، ئەوەش بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی میراتی کلتوری، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی سنە.

بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئیرنا، مەنسوور مێهرزاد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان گوتوویەتی: ئەم ژمارەیە لە رێبواران و گەشتیاران سەردانی شوێنە مێژوویی، سروشتی، گوندی گەشتیاری، ئایینی و کلتورییەکانیان لە سەرتاسەری پارێزگاکە کردووە.

شارەکانی مەریوان، بانە، و سنە زۆرترین سەردانیان بۆ کراوە و بەهۆی کەمبوونی شوێنی نیشتەجێبوون لە پارێزگای کوردستان، 15 هەزار و 43 گەشتیار لە نەورۆزدا لە قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە نیشتەجێکراون.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی میراتی کلتوری و گەشتوگوزاری کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: دابەشکردنی نەخشە و نامیلکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێنمایی و ناساندنی شوێنە مێژووییەکان هەیە و لە سەردەمی نەورۆزدا لە کوردستان ئێمە لەم کەرتەدا چالاک بووین.

پارکی ئاویەر و مۆزەخانەی کورد لە سنە، دەریاچەی زرێباری مەریوان، ناوچەی هەورامان، گوندی پاڵەنگانی کامیاران، بازاڕی شاری سنە، بانە و مەریوان لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای کوردستانن کە بەرزترین ئاستیان هەیە لە ژمارەی گەشتیارانی ساڵانەدا.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگای کوردستان دوو هەزار شوێن کە بریتین لە شوێنەواری مێژوویی، ئەشکەوتی سروشتی، دارە کۆنەکان و شوێنە سروشتییەکان دەستنیشان کراون، لەو ژمارەیەش 950یان تۆماری نیشتمانی کراون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button