دەیان پەلەوەر لە گوندێکی ناحیەی ئاغجەلەر مرداربوونەتەوە و هۆکارەکەشی نادیارە

زووم:

چەند پەلەوەری جۆراوجۆر لە گوندی گۆپتەپەی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر مرداربوونەتەوە و بەرپرسانی ڤێتەنەریش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی دەکۆڵنەوە.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی مرداربوونەوەی چەند پەرلەوەرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و دەگوترێت بەهۆی نەخۆشی نیوکاسڵەوە بووە، بەڵام ئومێد ساڵح، بەڕێوەبەری ڤێتەنەری ئاغجەلەر بە زوومی رایگەیاند، مەرج نییە ئەو نەخۆشییەوە مرداربووبێتنەوە، چونکە چەندین نیشانە هەن هاوبەشن لە نێوان نەخۆشییە پەلەوەرییەکاندا.

ئومێد ساڵح گوتیشی، لەم وەرزەدا پەتا پەلەوەرییەکان زۆرن، بەڵام تا پەلەوەرە مرداربووەکان پشکنینی وردیان بۆ نەکرێت و نەنێرێت بۆ تاقیگەی سلێمانی، نازانرێت نەخۆشیەکە چ جۆرێکە، کە تووشی پەلەوەرەکان هاتووە.

هاوکات عادل نەسرەدین، بەڕێوەبەری ڤێتەنەری چەمچەماڵ بە زوومی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیانە حاڵەتێکی دووبارەیە لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بەڵام ئەوە ئاسایی نییە بگاتە پەلەوەرەکانی ماڵەوە چونکە ئەوان بەرگرییان زیاترە.

عادل نەسرەدین گوتیشی، کوتانی ساڵانە بۆ پەلەوەر بە دوری دەخات لە نەخۆشییە گوازراوەکان، ئەنفلۆنزا و نیوکاسڵ، هەندێک نیشانەیان وەک یەکە، بەڵام دەبێت تاقیگە یەکلای بکاتەوە کامیان هۆکاری مرداربوونەوەی پەلەوەرەکان بووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button