پاپای ڤاتیکان داوا دەکات کۆتایی بە بەکرێدانی منداڵدانی ژنان بهێنرێت

زووم:

پاپای ڤاتیکان داوا دەکات لە هەموو جیهاندا واز لە بەکرێدان و بەکرێگرتنی منداڵدان بهێنرێت، ئەو کارە بە “پێشێلکردنی کەرامەتی ژن و منداڵ” ناودەبات.

پاپا فرانسیس لە کاتی پێشوازیکردنیدا لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار، گوتارێکی داوە، قسەی لەبارەی شەڕ و ململانێکانی ئێستای جیهان کردووە، جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان کردووەتەوە، گوتوویەتی، رێگای بەدیهێنانی ئاشتی بەوە دەبێت رێز و بەها بۆ ژیان دابنرێن.

لەو روانگەیەوە، پاپای ڤاتیکان دەڵێت، ژیانی کۆرپە لەناو رەحمی دایکیدا مافێکە ناکرێت بکرێتە کاڵا و بگوازرێتەوە و بڕوای بە “دایکی جێگرەوە” نییە، بۆیە دژی بەکرێدان و بەکرێگرتنی منداڵدانی ژنانە.

پاپا دیاردەکە بە پێشێلکردنی گەورەی کەرامەتی دایک و کۆرپە و منداڵ وەسفدەکات، دەڵێت، “منداڵ خەڵاتی خودایە و هەرگیز ناکرێت ببێتە بابەتی گرێبەستی بازرگانی، بۆیە داوا دەکەم هەوڵێک بخرێتەگەڕ ئەم رەوشتە نامرۆییە لە دنیادا نەهێڵدرێت”.

دیاردەی بەکرێگرتنی منداڵدان لەلایەن ئەو هاوسەرانەوە پەنای بۆدەبرێت، کە خۆیان بەهۆی بوونی کێشەی تەندروستییەوە ناتوانن منداڵیان ببێت، بۆیە پەنا بۆ ژنێکی دیکە دەبەن کە ئامادەبێت منداڵدانی خۆی بدات بە کرێ، لە رەحمی ئەودا منداڵەکەی خۆیان دەچێنن و دوای لەدایکبوونی لێی وەردەگرنەوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button