راپۆرتێک: نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە سودان لە لێواری برسێتییەکی کارەساتباردان

زووم…

 

دەستەی جیهانیی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراک، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتیوانیی دەکرێت، لە راپۆرتێکی تازەیدا دەڵێت، پیویستە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی رێژەی مردن و داڕمانی تەواوەتی بژێوی و رێگریکردن لە قەیرانی برسێتیی کارەساتبار لە سودان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەبێ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی ژمارەیەکی زیاتری هاوکارییە مرۆییەکان، هەڕەشەی گەورە دەکەوێتەسەر ژیانی دانیشتووانی شارە گەورەکانی وەک خەرتوم و جەزیرە و دارفور و کردفان، بەجۆرێک ئەو ناوچانە دەگەنە خراپترین ئاستی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی لە وەرزی گەرمای داهاتوو، کە لە مانگی نیسانەوە دەستپێدەکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، نزیکەی ٥ ملیۆن کەس بەدەست بەدخۆراکیی قورسەوە دەناڵێنن، لەو ژمارەیە ٣ پۆینت ٦ ملیۆن منداڵ هەن تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵە و ١ پۆینت ٢ ملیۆن ژنی دووگیان و شیردەریش هەن.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نێو راپۆرتەکە بەهۆی بوونی شەڕ لە ناوچە سەرەکییەکانی کشتوکاڵکردن لە سودان، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی دانەوێڵە بە رێژەی ٤٦٪ کەمیکردووە.

هاوکات، نرخی کەرەستە خۆراکییەکان لە بازاڕەکاندا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی ٧٣٪ بەرزبووەتەوە.

هەر لەم مانگەدا ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای راگرتنی راستەوخۆی شەڕی لە سودان کرد، رۆژی پێنجشەممەش ئەمریکا هۆشداریدا فشار دەخاتەسەر ئەنجومەنی ئاسایش بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی گەیاندنی هاوکاری بەو کەسانەی لە سودان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

لە ١٥ـی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە شەڕ لە سودان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هەڵگیرساوە.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس، کە دەکاتە نیوەی دانیشتووانی سودان، پێویستییان بە هاوکارییە، نزیکەی ٨ ملیۆن کەسیش لە ترسی شەڕ لە ماڵەکانیان هەڵاتوون.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button