پەرلەمانی بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسەندکرد

زووم..

 

دواجار پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسا مشتومڕاوییەکەی پەسەند کرد کە رێگە بە حکومەت دەدات ئەو پەناخوازانە دیپۆرتی رواندا بکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتە.

ماوەی دوو مانگە پڕۆژەیاساکە گەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام ئەنجومەنی لۆردان چەند جارێک ناردییەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و داوای هەمووارکردنەوەی کرد، بەڵام شەوی رابردوو بڕیاری دا هیچ هەمووارێکی دیکە ناکات، ئەمەش بە مانای تێپەڕاندنیەتی.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەو کۆچبەرانەی بە قاچاخ دەگەنە بەریتانیا دەستگیردەکرێن و دەنێردرێن بۆ وڵاتی رواندا و لەوێ پرۆسەی مافی پەنابەرێتییان بەڕێوەدەچێت، ئەگەر سەرکەوتوو بوون، ئەوە رێگەیان پێ دەدرێت لە رواندا بمێننەوە و مافی پەنابەری وەربگرن، ئەگەرنا دەتوانن بە پاساوی دیکە لە رواندا بمێننەوە یاخود داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێکی دیکە بکەن.
دوای تێپەڕاندنی لە پەرلەمان، پڕۆژەیاساکە دەچێتە لای پاشا چارڵز بۆ واژووکردنی و دواتر وەک یاسایەکی بەرکار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران و حزبەکەی زۆر هەوڵیان دا ئەم پڕۆژەیاسایە تێپەڕێنن و بیسەلمێنن کە رواندا لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا وڵاتێکی سەلامەتە بۆ ناردنی کۆچبەران.

حکومەتەکەی سوناک رووبەڕووی چەندین فشار بوویەوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووکەوە ئاوی کەنداوی ئینگلیزی تێدەپەڕێنن و خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتە، یاسا نوێیەکە دەسەڵات دەداتە حکومەت خۆی لە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی مافی مرۆڤی بەریتانیا بدزێتەوە و پشتگوێیان بخات کە دژی ناردنی ئەو کۆچبەرانەن بۆ رواندا.

کۆتایی ساڵی رابردوو، دادگای باڵای بەریتانیا ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا بە پێچەوانەی یاسا ناوبرد، بۆیە ریشی سوناک پەنای بردە تێپەڕاندنی لە پەرلەمان بۆئەوەی ببێتە یاسا.

ریشی سوناک جەختیکردەوە کە حکومەت لە فڕۆکەخانەکان ئامادەکاری کردووە و فڕۆکەی بازرگانیشی گرتووە بۆ ناردنی یەکەم کاروانی کۆچبەران بۆ وڵاتە ئەفریقییەکە.

ئەمە ساتێکی مێژووییە

هەروەها بەڵێنی دا لە هاوینی داهاتوودا، واتە 10 بۆ 12 هەفتەی داهاتوو یەکەم وەجبەی کۆچبەران رەوانەی رواندا بکات، هەر بۆیە جەیمس کلێڤەری، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە دەڵێت، ئەمە ساتێکی مێژووییە کە هاتنی بەلەمی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە دەوەستێنێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button