زریانێکی خۆریی بەهێز گۆی زەوی گرتەوە کە بەهێزترین بوو لە 21 ساڵی رابردوودا

زریانە خۆرییەکى دەکرێت ببێتە هۆى پچڕانى تۆڕى کارەبا و پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان

زووم…

 

شەوی رابردوو زریانێکی خۆریی “توند” دای لە گۆی زەوی کە بەهێزترین بوو لەدوای ساڵی 2003ـەوە، هەرچەندە ئاسمانی جەمسەریی بەشێک لە وڵاتانی بە شێوەیەکی سەرنجراکێش رووناککردەوە، بەڵام کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تۆڕی ئەلیکترۆنی و سیستمی پەیوەندییەکان.

ئاژانسى چاودێرى ئۆقیانووس و بەرگەهەواى ئەمریکى رایگەیاند، ئەم زریانە بەهۆى هاتنى زنجیرەیەک کارلێک و دەردانى بارستەییەوە لە خۆرەوە بە ئاراستەى زەوى دروستدەبێت، کە پلەکەى پێنج دەرەجەیە و بە توندترین پلە دادەنرێت.

دەشڵێت، “زریانەکە دەکرێت کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر سیستەمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی (جی پی ئێس) و تۆڕەکانی وزە و مانگە دەستکردەکان و چەند جۆرێکی دیکەی تەکنەلۆجی.”

بەگوێرەى ئاژانسە ئەمریکییەکە، کۆتا جار زریانێکى هاوشێوەى ئێستا لەسەر ئاستى پێنج گەیشت بە زەوى، مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 2003 بوو کە ناوى زریانى هاڵەوینى خۆرى لێنرا، کە ئەوکات بووە هۆى پچڕانى کارەبا لە سوید و زیانى بە ژێرخانى کارەباى باشوورى ئەفریقا گەیاند، بەوهۆیەوە پێشبینى دەکرێت لەم چەند رۆژەدا ئەم زریانە خۆرییەى ئێستا هاتووە، کاریگەرى لەسەر کارەبا دروست بکات و ببێتە هۆى پچڕانى.

زریانە خۆرییەکە لەئاسمانى چەند ناوچەیەکەوە بەجوانى دەرکەوت بەتایبەت لە وڵاتانى ئوستوراڵیا و باکوورى ئەوروپا، هاووڵاتیانى ئەو ناوچانە وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.

دەسەڵاتداران، بەڕێوەبەرانی مانگە دەستکردەکان و هێڵی ئاسمانی و تۆڕی کارەبایان ئاگادارکردەوە، هەنگاوی خۆپارێزی بنێن بۆ ئەگەری پچڕان کە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەى لە کێڵگەی موگناتیسی زەویدا دروست دەبێت.

بە پێچەوانەی بڵێسەی خۆرەوە کە بە خێرایی ڕووناکی دەڕوات و لە ماوەی نزیکەی هەشت خولەکدا دەگاتە زەوی، زریانە خۆرییەکە بە خێراییەکەى کەمترە، شارەزایانى بوارەکە دەڵێن، خێراییەکەى دەگاتە 800 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا، هۆکارى دروستبوونەکەشى بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، خۆر لە لوتکەى خولێکى 11 ساڵى نزیکدەبێتەوە بەوەش کۆمەڵێک کارلێک دروستدەکات و ئەو زریانەى لێوە دەردەچێت.

ئاژانسە ئەمریکییەکە پێشبینى دەکات زریانە خۆرییەکە تا کۆتایى هەفتەى داهاتوو بەردەوامبێت و کارلێکى زیاتر رووبدات و رێژەیەکى زیاتر لەو شەپۆلە بگاتە زەوى.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button