لە 12 کاتژمێردا هێندەی ساڵێک باران لە دوبەی باریوە

شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین لە مێژووی ئیمارات بەهێزترینە

زووم…

 

شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ئیماراتی گرتووەتەوە و تەنیا لە 12 کاتژمێردا نزیکەی بەشی ساڵێک باران لە دوبەی باریوە.

بەگوێرەی ئەو داتا فەرمییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە کەمتر لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە هەندێک ناوچەی دوبەی 250 ملیم بارانباریوە، بەو هۆیەوە لە بەشێک لە شەقامەکانی شارەکە لافاو دروستبووە.

بە گوێرەی ئامارەکان، زۆرترین بڕی باران لە ناوچەیەکی ئەبو زەبی بووە و لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا نزیکەی 255 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا بڕی بارانی ساڵانە لەو شارە نزیکەی 100 ملیمەترە.

لە ساڵی ١٩٤٩ـوە ئامار لە ئیمارات تۆمار دەکرێت، ئەمە یەکەمجارە وڵاتەکە شەپۆلی بارانبارینی لەو شێوەیە بەخۆوە دەبینێت.

بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکەوە لافاو لە زۆربەی شەقامەکانی دوبەی دروستبووە و شۆفێران ناچاربوون ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان جێبهێڵن.

لافاوەکەی دوبەی چەندین دارخورمای لە رەگەوە دەرهێناوە و زیانی بە چەندین باڵەخانە گەیاندووە، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا گەشتە ئاسمانییەکانی دوبەی هەڵوەشێنرانەوە و دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاکانیش لە تەواوی ئیمارات راگیران.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button