شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەخووڕ و تەرزە شاری مەشهەدی ئێرانی گرتەوە

زووم…

 

شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەخووڕ و تەرزەی توند شاری مەشهەدی ئێران گرتەوە کە لە 200 ساڵی رابردوودا شەپۆلی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.

شەپۆلەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و هەورێکی چڕ ئاسمانی شارەکەی داپۆشی بە جۆرێک شارەکەی تەواو تاریک کرد.

هەر بەگوێرەی وێنە و ڤیدیۆکان کە لە میدیاکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە، شەپۆلە لەناکاوەکە بووەهۆی دروستبوونی لافاو و زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی گرتەوە، ئەوەندە بەهێز بوو ئۆتۆمبێلی لەگەڵ خۆی راماڵیوە، لە زۆر ناوچە تەرزەکە ئەوەندە بەهێز بووە جامی چەندین ئۆتۆمبێلیشی شکاندووە.

رەزا عەباس نەیشابوری، سەرپەرشتیاری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی بە میدیاکانی ئێرانی گوتووە، ئەو شەپۆلەی مەشهەدی گرتووەتەوە لە 200 ساڵی رابردوودا بێوێنە بووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو شەپۆلێکی دیکەی بەهێز شارەکەی گرتەوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button