کتێبەکەی شازادە هاری بە ناونیشانی “زیادە” بە فەرمى بڵاوبووەوە

کتێبەکە، بیرەوەرییەکانى شازادە هاری کوڕی شاچارڵزی پادشاى بەریتانیایە

زووم، ئاژانسەکان:

شەوی رابردوو کتێبخانەکانی لەندەن جمەیان دەهات لەو کەسانەى کە بۆ کڕینی کتێبەکەی شازادە هاری لەسەرەدا وەستابوون و بە پەرۆشەوە چاوەڕێیان دەکرد نوسخەیەک لە کتێبەکەیان دەستبکەوێت.

کتێبەکە، بیرەوەرییەکانى شازادە هاری کوڕی شاچارڵزی پادشاى بەریتانیایە کە ناوی ناوە “زیادە” وەکو ئاماژەیەکە بۆ ئەو گوتە باوەی نێو بنەماڵە شاهانەییەکان کە دەڵێت “دەسەڵات و سامانی پادشا هەر بۆ کوڕی یەکەمە و کوڕی دووەم زیادەیە.” هاری پێیوایە بەهۆی برا گەورەکەیەوە (شازادە ویلیام) لە لایەن بنەماڵەی شاهانەوە وەکو زیادەیەک سەیردەکرێت.

یەکەم کڕیاری کتێبەکەی شازادە هاری

تامەزرۆیی خەڵک بۆ کڕین و خوێندنەوەى کتێبەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت دەیانەوێت راستی پشت هۆکارى دەستبەرداربوونی هاری لە “ناز و نیعمەتەکانی” بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا و دەنگۆکان لەبارەی ژیانی شاهانە و بنەماڵەی شاهانە لە دەمی هاری خۆیەوە ببیستن وەکو ئەندامێک کە رۆژانێک لە بنەماڵەکەدا بووە.

خەڵک، دەیانەوێت راستی پشت هۆکارى دەستبەرداربوونی هاری لە “ناز و نیعمەتەکانی” بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا  لە دەمی هاری خۆیەوە ببیستن

بەهۆی زۆری خواست لەسەر کتێبەکە خەڵکێکی زۆر پێشتر لە کتێبخانەکاندا ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ کڕینی، بەشێوەیەک کتێبخانەکان دەڵێن کتێبی “زیادە” یەکێک بووە لە دڵخوازترین کتێبەکان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا.

کتێبەکە کە لەلایەن شازادە هاری خۆیەوە نوسراوە، بیرەوەرییەکە لەبارەی ژیانی خۆیەوە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تا هاتنەدەرەوە و دەستبەرداربوونی لە پۆستی شاهانەیی بنەماڵەکەی.

کتێبی “زیادە” یەکێک بووە لە دڵخوازترین کتێبەکان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا

تێکچوونی پەیوەندییەکانی هاری لەگەڵ بنەماڵەکەی لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە هاری لە ساڵی 2016 کچە ئەکتەری ئەمریکی بەناوی “مێگان مارکڵ” دەناسێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروستدەکات، تا ئەوکاتەی بەبێ خواستی بنەماڵەی شاهانە لە ساڵی 2018دا هاوسەرگیریی لەگەڵدا دەکات. هەر ئەم هاوسەرگیرییەبوو کە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەوە رەتدەکرایەوە و پێیان وابووە نەدەبوو هاری کچە ئەکتەرێکی ئەمریکی بخوازێت چونکە “لەگەڵ پێگەی شاهانەدا یەک ناگرێتەوە”.

هاری لە چەند چاوپێکەوتنێکدا پێشتر رایگەیاندبوو کە بەهۆی مامەڵەی جیاواز و خۆشنەویستنی مێگانی هاوسەری لەلایەن بنەماڵەکەیەوە نیگەران بووە، هاری چەند جارێک باسی خۆشەویستی بۆ دایکی کۆچکردووی کردووە کە ساڵی 1997 لە روداوێکی هاتوچۆدا لە فەرەنسا گیانی لەدەستدا.

هاری لە کتێبەکەیدا سەرجەم ناکۆکییەکانی نێوان خۆی و بنەماڵەکەی باسکردووە کە بەهۆیانەوە لە ساڵی 2020 دا لەگەڵ مێگانی هاوسەری دەستبەرداری ئەرکە شاهانەییەکانیان بوون و بڕیاریاندا لەوکاتەوە بەریتانیا جێبهێڵن و لە ئەمریکا ژیان بەسەر ببەن.

بیرەوەرییە 410 لاپەڕەییەکە، ململانێ و گرژییە کەسییەکانی نێو کۆشکی شاهانە ئاشکرادەکات، شازادە هاری باسى خۆى دەکات کە چۆن لە بێنازی دایکیدا گەورەبووە و دواتر کەوتووەتە کێشە لەگەڵ خێزانی شاهانە.

تا ئێستا کۆشکی باکینگهام و بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا هیچ وەڵام و کاردانەوەیەکیان بۆ کتێب و لێدوانەکانی هاری دەرنەبڕیوە.

لە  کتێبەکەدا هاری نوسیویەتی کە زۆر لە باوکی پاڕاوەتەوە کە دوای مردنی دایکی، دووبارە هاوسەرگیریی نەکاتەوە، باسی لەوەشکردووە کە چۆن لەکاتی خزمەتکردنی سەربازیی لە ئەفغانستان 25 چەکداری تاڵیبانی کوشتووە.

هاری زۆر لە باوکی پاڕاوەتەوە کە دوای مردنی دایکی، دووبارە هاوسەرگیریی نەکاتەوە

بەرگی کتێبەکەی شازادە هاری، بە ناوی “زیادە”

هارى باسی لەوەشکردووە کە دەرمانی چارەسەری دەروونی خواردووە کە بەشێکیان بەهۆی ئەو خەمانەوە بووە کە بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان مێگان و کاترینی هاوسەری ویلیامەوە تووشى هاتووە.

بابەتێکی سەرەکی لە کتێبەکەدا باسکردنە لەو خەم و ئازارانەی هاری بەهۆی لەدەستدانی دایکییەوە چەشتوویەتی. لە کتێبەکەدا هاری دەڵێت بەهۆیەوە “برینێکی” لە مێشکیدا درووستبووە کە بەهۆی خواردنی دەرمانەوە دۆخی بەرەو باشتر رۆیشتووە.

شازادە هاری لە کەناڵی بی بی سییەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاژنی بیستووە

هاری باسی ئەوەشدەکات کە چۆن ناکۆکییەکانی نێو بنەماڵەی شاهانە بوونەتە هۆی ئەوەی کاتێک شاژنە ئیلیزابێس لە پایزى رابردوو کۆچى دوایی کرد لە کەناڵی بی بی سییەوە هەواڵەکەی زانیوە و بنەماڵەی شاهانە لەبارەی ئەو هەواڵەوە پێشتر ئاگاداریان نەکردووەتەوە.

هەروەها باسی ئەو بوکەڵەیە دەکات کە شاچارڵزى باوکى لەگەڵ خۆیدا بۆ هەموو شوێنێک دەیبات، شازادە هاری دەڵێت، ئەو ورچە وەک هاودەمێکە کە هەر لە منداڵییەوە بەهۆی تەنهاییەوە باوکی لای خۆی هێشتوویەتییەوە و رەنگدانەوەی ئەو تەنهاییەیە کە بەهۆی ژیانی شاهانەوە باوکی توشی بووە.

پاش ئەوەی پرسیاری لێکرا کە ئایا بڵاوکردنەوەی کتێبەکە یارمەتیدەر یان رێگر دەبێت لەبەردەم چانسی ئاشتەوایی لەگەڵ خێزانی شاهانە، شازادە هاری گوتی: “تێکچوونی پەیوەندی نێوان من و خێزانەکەم پێش ئەم کتێبە لەوە خراپتر نەدەبوو کە هەبوو.” بەو واتایەی پەیوندی نێوانیان هێندە خراپ بووە کتێبەکە ئەوەندە کاریگەریی لەسەری نابێت.

لە لێدوانێکیدا هاری بە ماڵپەڕی “بەیانی باش ئەمریکا”ی گوتووە، شتگەلێک هەن کە هێشتا توڕەم دەکەن، بەڵام ئیتر توڕە نیم، چونکە من ڕێک لەو شوێنەدام کە بڕیارە لێی بم.

هەواڵی زیاتر

Back to top button