سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداریکرد لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی شەشەمی وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە

زووم..

 

لە بەغداد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداریکرد لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی شەشەمی وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە و دۆزینەوەی کێڵگە و شوێنی نوێی دیکەى وەبەرهێنانى نەوت و غاز.

سەرۆکوزیران لەو رێوڕەسمەدا گوتى، هەرچەندە دواکەوتووین لەوەى وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی نەوت و غاز بکەین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، عێراق هاوکێشەیەکى گرنگی بوارى  وزە و سامانی نەوتە لە ناوچەکە و جیهان.

گوتیشی، هەر لەسەرەتاوە وەبەرهێنان لە بواری نەوت، کاری لەپێشینەی کابینکەیان بووە، بە راگرتنى سووتاندنی غاز دەستمانپێکردووە، پشت بە خودا لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی دیکە ئەو سووتانە رادەگیرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی لە مانگەکانی پێشوو ئەنجامدراون.

لە هەمان رێورەسمدا وەزیری نەوتی عێراق قسەیکرد، گوتى، ئەمڕۆ وەزارەتەکەیان 29 پرۆژە دەخاتەڕوو، کە دەبنە دەستپێکێکی نوێ و قۆناغێکی دیکە لە وەبەرهێنانى نەوت و غاز.

حەیان عەبدولغەنی، رایگەیاند، دوای پێنج گەڕ لە مۆڵەتپیدانی کۆمپانیاکان، لە ساڵی 2008ـەوە، وەزارەتی نەوت 27 گرێبەستی دۆزینەوەى شوێن و کێڵگەی نەوت و غازی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى عێراق ئەزمونێکی باشی لە سێکتەرى نەوت و وەبەرهێنان وەربگرێت.

گوتیشی، پرۆژەکانی مۆڵەتپێدانەکەی ئەمڕۆ بەسەر 12 پارێزگای عێراق دابەشدەبێت.

بەگوێرەى گوتەکانى حەیان، ئەو ئەزموونەیان وایکردووە رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت زیادبکەن، جگە لەو وەبەرهێنانە گەورانەى لە سێکتەرى غاز ئەنجامدراوە.

راگەیەندراوێکى ئۆفیسی میدیایی سەرۆکوزیرانى عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا، عێراق بتوانێت  رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار و 459 ملیۆن پێ سێجا غاز وەبەربهێنێت.

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button