بەرپرسە عێراقییەکان قسەى نوێیان لەسەر دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەیە

زووم:

چیتر دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان، تەنها لەسەر زاری پارت و بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەمایەوە، ئەگەری دواخستنەکە بووە قسەی بەشێک لە بەرپرسە عێراقییەکانیش.

ئێستا بەرپرسە عێراقییەکان قسەی نوێیان هەیە، دەڵێن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و کاتەکەشی پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە.

هەڵوێستی نوێی عێراقییەکان، لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد بینران.

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی بەدر، لە وەڵامی پرسیارێکی زووم لەبارەی ئەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسیان لە ئەگەری دواخستنی ئە هەڵبژاردن کردووە؟ لە وەڵامدا گوتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆییە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر دواخستنی دەدات.

نێچیرڤان بارزانی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساشدا باسکرد، زووم، مالکی بۆ هەمان پرس دواند، بە روونی گوتی، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو پرسە یەکلادەکەنەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەکەی، نوری مالکی ئاشکرایکردووە، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك دروستكراوه‌ بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان”.

هەر لە سەردانەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی دادوەری، رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باسکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی دیکە ئاشکرابکرێت.

ئەوەی پێشوازییەکەی فایەق زێدانی لەوانەی دیکە جیاکردەوە، دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان بوو بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button