عێراق وەک ئەو وڵاتەى کە هەمەجۆری ئابوریی نییە و تەنها سەرنجی لەسەر نەوتە، بە سێ رۆژی گرنگدا تێپەڕی..

زووم…

 

 

دەستپێکردنی گەڕی شەشەمی مۆڵەتپێدانى کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ وەبەرهێنان و دۆزینەوەی کێڵگە و شوێنی نوێی دیکەى وەبەرهێنانى نەوت و غاز، بووە سێ رۆژی گرنگ بۆ چارەنوسی چەند ساڵێکی دیکەى عێراق.

دوای ئەوەى وەزیری نەوتى عێراق كۆتاييهاتنى گەڕی پێنجەمی تەواوکاریی و شەشەمی مۆڵەتدانی کۆمپانیاکانى وەبەرهێنانی نەوت و غازی راگەیاند، ئەو سێ رۆژەدا چەندین گرێبەست و ئامار و داتاى نوێ لە سێکتەرى نەوت ئاشکرابوون.

شەش مانگ ئامادەکاریی بۆ گەڕەکە کرابوو، چەند جارێک ستافی بەشی گرێبەست و مۆڵەتی نەوت رەوانەی دەرەوەی عێراق کراون بۆ بینینى وۆرکشۆپ.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەک کەسی یەکەمى دەوڵەت بەشداریکرد لە کردنەوەى گەڕەکە، کە 29 کێڵگە و دۆزینەوەی شوێنی نوێی دیکەى وەبەرهێنانى نەوت و غازی لەخۆگرتبوو.

سودانی گوتی هەرچەندە دواکەوتوون لەوەى وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی نەوت و غاز بکەن، بەڵام هاوکێشەیەکى گرنگی بوارى  وزە و سامانی نەوتن لە ناوچەکە و جیهان، لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی دیکەش ئەو غازەى بە فیڕۆ دەسووتێت رادەگرن.

وەزیری نەوتی عێراقیش لە دوایین رۆژدا، ناوی ئەو کۆمپانیایانەی بڵاوکردەوە لە چوارچێوەی گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەمی مۆڵەتپێدان، گرێبەستی وەبەرهێنان و دۆزینەوەى کێڵگە نەوتی و غازییەکانیان بەدەستهێنا.

کۆمپانیا چینییەکان پشکى شێری گرێبەستەکانیان پێبڕا، کە دیارترینیان “سینۆک” و “زینهوا” و “سینۆپیک” و “ئەنتن ئۆیەڵ”بوون.

حەیان عەبدولغەنى گوتیشی 27 گرێبەستی دۆزینەوەى شوێن و کێڵگەی نەوت و غازی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى عێراق ئەزمونێکی باشی لە سێکتەرى نەوت و وەبەرهێنان وەربگرێت.

بەگوێرەى گوتەکانى حەیان، ئەو ئەزموونەیان وایکردووە رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت زیادبکەن، جگە لەو وەبەرهێنانە گەورانەى لە سێکتەرى غاز ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە وەبەرهێنانى غازیش، راگەیەندراوێکى ئۆفیسی میدیایی سەرۆکوزیرانى عێراقیش بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو عێراق بتوانێت رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار و 460 ملیۆن پێ سێجا غاز وەبەربهێنێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button