ژنێک لە پەخشى راستەوخۆى تیکتۆکدا لە تورکیا توندوتیژى بەرامبەر بە منداڵەکانى دەکات

 رۆژنامە تورکییەکان

یەنى شەفاق

زۆرترین ئەندامى پەکەکە لە ئەوروپا دەژین
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لە وڵاتانى ئەوروپا و هەندێک وڵاتی دیکەى رۆژئاوا لە کۆى 23 وڵات زیاتر لە 100 ئەندامى پەکەکە هەیە، لە هەر چالاکییەکیان نزیکەى 10 هەزار ئەندام بەشدارى دەکات. زۆرترین ئەندامى پەکەکە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەژین، کە ژمارەیان زیاتر لە 40 هەزار ئەندامە.

سەباح

ژنێک لە پەخشى راستەوخۆى تیکتۆکدا لە تورکیا توندوتیژى بەرامبەر بە منداڵەکانى دەکات

ژنێک لە شارى بورسە کە 177 هەزار فۆلۆوەرسی هەیە، لە پەخشێکى راستەوخۆ لە تیکتۆک توتدوتیژى بەرامبەر دوو  مناڵەکەى کرد، ئەم ژنە بەشێوەیەکی دڕندانە لە کچە حەوت ساڵانەکەى دەدات و کوڕەکەشی لەنێو بانیۆى ماڵەکەیدا بۆ ماوەیەکی زۆر بەگیردەهێنێت، یەک لە مناڵەکانى بە ئەمبوڵاس گەیەندرانە نەخۆشخانە، ژنەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بە فەرمانى دادوەر رووبەڕووى دادگا دەکرێتەوە.

سۆزجو

مێترۆبوسی کارەبایی دەهێنرێتە ئیستانبوڵ
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەنگاوێکی گرنگی بۆ نەهێشتنى قەرەباڵەغى ئیستەنبوڵ نا، ئەمجارەیان مێترۆبوسی کارەبایی هێنایە شارەکە، ئیمامئۆغڵو بۆ یەکەمینجار لە ئەدرنەکەپی تاکو ئەڤجلار تێستی مێترۆبوسی کارەبایی کرد.
ئیمامئۆغڵو دەڵێت، پارەى خەڵک بە باشترین شێوە بۆ خزمەتکردنى شارەکە خەرج دەکەینەوە.

ئاکیت

دەیگوت ئەردۆغان دەڕوخێنین، کەچی خۆى بوو بە مێژوو
مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکى پێشووی ئیی پارتى، لەدواى کەمال کڵچدارئۆغڵو دووەم سەرکردەى ئۆپۆزسیۆن بوو. ئەو دەیگوت کۆتایی بە دەسەڵاتى ئەردۆغان دەهێنین، بۆ ئەو مەبەستەش مێزى 1+5 یان پێکهێنابوو. بەڵام کۆنگرەکەى دوێنێى ئیی پارتى، کۆتایی بە ژیانی سیاسی ئاکشەنەر هێنا.

 

 

 رۆژنامە عەرەبییەکان


شەرقلئەوسەت

خامنەیی فەتواى حەرامى چەکی ئەتۆمى دەکرد
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى نایەوێت دەستى بگاتە چەکى ئەتۆم لەبەرئەوەى عەلى خامنەیى، رێبەرى وڵاتەکەیان فەتواى حەرامى چەکى ئەتۆمی داوە، چونکە هەڕەشەیەکى جدى و گەورەیە بۆ سەرمرۆڤایەتى، ئەو رێژەیەش کە رێگە پێدراوە و ئێران کارى لەسەر دەکات بە مەبەستى ئاشتییانە و مەدەنیانەیە .
جەواد کەریمى قودوسی، ئەندامى پەرلەمانى ئێران چەند رۆژێک پێش ئێستا رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ئێران تاقیکردنەوەیەکى ئەتۆمى ئەنجام دەدات و هەمووان لە چاوەڕوانى کاردانەوەکانى ئەو پرۆسەیەدا بوون، بەڵام پێدەچێت فەتواکەى خامنەیی ئەو پرۆسەیە رابگریت وەک لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە.

رافایڵ گروسی، بەڕێوەبەرى ئاژانسی وزەى ئەتۆمی جیهان هەفتەى رابوردوو رایگەیاند، ئێران لە ماوەى چەند مانگی داهاتوودا دەبێتە خاوەنى چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەشدا ئیبراهیمى رەئیسی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئێران نابێتە خاوەنى ئەو چەکە چونکە بەرپرسانى ئەو وڵاتە باوەڕیان وایە بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمی حەرام و رێگەپێنەدراوەو ئەوەشى کە هەیانە و رێژەى 60%ـى پیتاندنى یۆرانیۆمە بەمەبەستى کاروبارى خزمەتگوزاریی مەدەنییە، بەتایبەتى بەکارهێنانى کارەیا.

عەرەبی جەدید

سەگە بەرەڵاکانى غەزە بەڵایەکى دیکەن بۆ گیانى خەڵک
محەمەد عسفور، هاووڵاتییەکى دانیشتوى غەزەیە و لەنێو کەلاوەکەى ماڵی خۆیاندا ژیان دەباتە سەروو زۆرینەى ئەندامانى خێزانەکەشى لەنێو حەوشەى ماڵەکەى خۆیاندا کردووە بەژێر خۆڵەوە بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، لەدواى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەرغەزە و زۆربوونى تەرمی کوژراوى هاووڵاتییان لەنێو ماڵ و سەرشەقامەکاندا سەگە بەرەڵاکانیش ئێجگار زۆربوون و بەردەوام گۆشتى کوژراوەکان دەخۆن و پەلامارى خەڵکیش دەدەن، تەنانەت هەندێکیان ئەو گۆڕانەى قووڵ هەڵنەکەندراون هەڵیدەدەنەوەو گۆشتى مردووەکان دەخۆن، ئەوەش هەرەشەیەکى دیکەیە بۆ سەرگیانى ئەو هاووڵاتییانەى کە تا ئێستا لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەبارەى ئەم دیاردەیەوە رۆژنامەکە گوتەى چەند هاووڵاتییەکى دیکەى وەرگرتووە کە بەچاوى خۆیان سەگە بەرەڵاکانیان دیوە کە چۆن جەستەى کوژراوەکان دەخۆن و لە نێو گۆڕو باڵەخانە رووخاوەکاندا دەیانهێننە دەرەوە.

سەباح

عێراق 50% باج لەسەر هاوردەکردنى هێلکە زیاد دەکات
ئەحمەد سەفار، ئەندامى خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو باجەى خراوەتە سەر هاوردەکردنى هێلکە باجی گومرگی نییە، بەڵکو سیاسەتێکە بۆ راگرتنى بازاری هێلکەى ناوخۆی وڵات، ئەوە لەکاتێکدا ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە دوا کۆبوونەوەیدا رەزامەندى داوە لەسەر بەرزکردنەوەى باج لەسەر هاوردەکردنى هێلکە لە دەرەوە بەڕێژەى 50% و ئەوەش بەمەبەستى پاراستى سامانى هێلکەى وڵاتەکە.
لەلایەکی دیکەوە عەلی ساحب، سەرۆکی ناوەندى تویژینەوەى هەرێمایەتى رایگەیاندووە، ئەرکى دەوڵەتە پارێزگاریی لە سامانە جۆراوجۆرەکانى ناوخۆی وڵاتەکەى بکات و یەکێکیش لە رێگەکان زیادکردنى باجە لەسە کاڵا هاوردەکان و ئەوەش لە بەرژەوەندى بەرهەمهێنەرانى ناوخۆیی دەشکێتەوە.

دەستوور

لە عێراق ژمارەیەک کۆمپانیاى حەج و عومرەى وەهمی داخران
وەزارەتى حەج و عومرەى سعودییە رایگەیاند، ئەوانەى دەیانەوێت بۆ حەجی ئەمساڵ ناویان تۆماربکەن دەتوانن لە هەموو وڵاتانى جیهانەوە لە رێگەى فۆرمى ئەلیکترۆنییەوە داواکاری پێشکەش بکەن و دووربکەونەوە لەو کۆمپانیایانەى بەناوى حەج و عومرەوە پارە لە خەڵک وەردەگرن و بازرگانییان بەسەرەوە دەکەن، وەزارەتەکە بەتایبەتى ناوى عێراقى هێناوە و رایگەیاندووە بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانى عێراقى توانیویانە 25 کۆمپانیاى وەهمی عێراقى لە بوارى حەج و عومرەدا لە کارەکانیان دووربخەنەوە و بخرێنە لیستى رەشەوە، وەزارەتى حەج و عومرەى سعودییە راشیگەیاندووە ئەو کۆمپانیایانە لەنێو پلاتفۆڕمەکانى ئینتەرنێتدا بانگەشەى حەجی هەرزان دەکەن و پارە لەخەڵک دەکێشنەوە و جەختیان کردووەتەوە هەر هاووڵاتییەکى خوازیاری حەجە لە ساڵی 2024 دا با لەرێگەى پڕکردنەوەى فۆرمى تایبەتى خۆیانەوە داوا پێشکەش بکەن، نەک کۆمپانیاى نەناسراوو وەهمی.

 

رۆژنامە فارسییەکان

کار و کرێکار

ریکۆردی فرۆشتنی رۆژانەی سینەمای ئێران شکێندرا
فرۆشی سینەماکانی ئێران هەفتەی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، لە ماوەی یەک هەفتەدا فرۆشی بلیتى سینەماکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دۆلار. رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی ١٩٠ هەزار کەس سەردانی سینەمایان کردووە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە فیلمی مێژوویی (سەرخۆشی خۆشەویستی) لەبارەی ژیانی مەولانای رۆمی زۆرترین بینەری بۆ ناو سینەماکان راکێشاوە.

جوملە

کاتی بانگەشەى کاندیدەکانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانى ئێران راگەیەندرا

بانگەشەى کاندیدەکانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانى ئێران لە رۆژى پێنجشەممە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. لەم قۆناغەدا 90 کاندید رکابەری لەسەر 45 کورسی پەرلەمان لە 22 بازنەی هەڵبژاردن دەکەن.
هەڵبژاردنی خولی دوانزەهەمی پەرلەمان کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 9ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

نەقشی ئیقتساد

کوڕان نایانەوێت بڕۆنە زانکۆ

کاتێک هەلی کاری ئازاد بە مووچەی زۆر و لێخۆشبوونی باج هەیە، بۆچی ئەم هەموو ساڵەی ژیانمان لە زانکۆ بەسەربەرین، بەڵام کچان هیچ بژاردەیەکیان نییە، جگە لە خوێندن، بەڵام چیرۆکی کوڕان جیاوازە، رۆژنامەکە نووسویەتى، ئەمە قسەی ئەم رۆژانەن.
ئاماری بەشداربووانی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ لەمساڵدا دەریدەخات تەنها 37%ی کۆی گشتی بەشداربووان کوڕن.
نیگەرانی لە دامەزراندن لە دوای تەواوکردنی خوێندن وایکردووە کوڕان شارەزایی فێربوون و دروستکردنی بزنس بە باشتر بزانن لە چوون بۆ زانکۆ.
نەبوونی کاری گونجاو بۆ بوارە ئەکادیمییەکان و کەمی داهات و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا لە پیاوان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، وایکردووە زوو بچنە ناو بازاڕی کارەوە، ئێستا ژمارەی کچانی خوێندەواری زانکۆ زیاترە لە ژمارەی پیاوانی خوێندەوار و ئەم دیاردەیە بووەتە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم هاوسەرگیری، چونکە کچان دەیانەوێت ئاستی زانستی کوڕەکە زیاتر یان یەکسان بە ئاستی زانستی خۆیان بێت.

ئارمانی ئیمروز

سنوورەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێن

بەرپرسانى ئێران بە ئاماژەدان بەوەی ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار کەلوپەلی قاچاخ چووەتە نێو وڵاتەکەوە دەڵێن، ئەمە تەنها بەشێک لە کێشەکانن و “بازرگانی مادەی هۆشبەر و ئەو نائەمنییانەی بۆ وڵات هەیە، هەموویان لە رێگەی گیرانی سنوورەکان چارەسەر دەکرێن، ئەو کارەی حکومەتەکانی پێشوو پشتگوێیان خستووە.
ئیبراهیم رەئیسی فەرمانی داوە تاوەکو سێ ملیۆن یۆرۆ تەرخان بکرێت بۆ خێراکردنی گرتنی ئەو سنوورانەی کە قاچاخی تێدا دەکرێت.
گرتنی سنوورەکان بە چەند شێوەی تەلی دڕکاوی و دیوار و سیستمی کۆنترۆڵکردنی زیرەکی سنوور دروست دەکرێت.

 

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف

بەریتانیا تاوەکو ساڵی 2030 جۆرێک موشەک بەرهەمدەهێنێت لە دەنگ خێراتر دەڕوات
بەریتانیا پلانی هەیە، تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەی ئێستا جۆرێک موشەک لە ناوخۆی وڵاتەکەدا بەرهەم بهێنێت، خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زۆرترە.
بەرپرسانی سەربازیی بەریتانیا دەیانەوێت لە بەرهەمهێنانی چەکدا پێشبڕکێی وڵاتانی چین و روسیا و ئەمریکا بکەن، موشەکێک بەرهەم بهێنن خێراییەکەی پێنج هێندەی خێرایی موشەکەکانی ئەوان بێت.

گاردیەن

کورتهێنان لە دابینکردنى مامۆستا بۆ قوتابخانەکانى بەریتانیا هەیە
لێکۆڵینەوەیەک دەڵێت، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی ئێستا لە کاردان بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ ـی ئەو ژمارەیەن، کە پێویستە هەبن.
لێکۆڵینەوەیەکى تازە ئاشکرایکردووە لە ئینگلتەرە و وێڵزدا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا وازیان لە کارەکانیان هێناوە، نەخۆشکەوتوون یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، لەبەرئەوە ئێستا حکومەت بودجەیەکی کەم بۆ پەرەوەردەکردنی سەدان هەزار خوێندکار خەرج دەکات.
مامۆستای تازە دانامەزرێندرێت، لەبەرئەوەی بودجەی تەرخانکراو بۆ بوارەکە کەمە، بۆیە زۆربەی قوتابخانەکانی ناو وڵات کێشەی ئەوەیان هەیە، کە ناتوانن مامۆستای پسپۆر بۆ پۆلەکان دابین بکەن.

واشنتن پۆست

خوێندکاران لەبارەی بایکۆتکردنی زانکۆکانی خۆیانەوە چی دەڵێن؟
لەکاتێکدا، کە دەنگە ناڕازییەکانی پشتیوانانی فەلەستین لەناو کەمپی زانکۆکاندا بە هەموو وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، مەترسی بۆسەر ژیانی ژمارەیەکی زۆر خوێندکاریش دروستبووە. هەندێکیان بۆ یەکەم جار لە ژیانی خۆیاندا زیندانی دەکرێن لەسەرئەوەی پشتیوانی لە فەلەستین دەکەن، هەندێکیشیان بەهۆی هەمان بۆچونەوە کارکەنارکراوان، بەڵام هێشتاش هەر لەسەر بۆچوونی خۆیانن، هەندێکی دیکەیان ترسیان لێنیشتوە، لەبەرئەوەی کەمپ و گوندی زانکۆکانیان بوون بە مەیدانی رووبەڕووبونەوە و شەڕی ئایدیۆلۆژی.

ئۆرشەلیم پۆست

ئیسرائیل هۆشداری دەدات بە حەماس ئەگەر بە ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان رازى نەبێت رەفەح داگیر دەکەن
راگەیاندنەکەی سوپای ئیسرائیل حەماسی وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناوهێناوە و گوتویەتی ئەگەر ئەو گرووپە پێشنیاری ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان پەسەند نەکات، ئەوا ئەوان هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر رەفەح ئەنجامدەدەن. حەماس دەبێت هەندێک لە ئەو ١٣٣ کەسە بارمتەکراوانەی لای خۆی ئازادابکات بۆئەوەی گفتوگۆکردنی دانوستاندن دەستپێبکات.
ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەگەر حەماس رەزامەندی پیشان بدات، ئەوا ئەوان هێرشەکەیان هەڵدەسپێرن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button