هەڵاوسان لە ئێران زیاتر دەبێت و قەیرانی پیاز دروست بووە

زووم…

 

ناوەندی ئاماری ئێران زیادبوونی نرخی مانگانەی چەند مادەیەکی خۆراکی لە ناوچە شارییەکان راگەیاند و لە نێویاندا پیاز گەورەترین بازدانی نرخی هەبووە.

لەو دوو ساڵ و نیوەی کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بووە، رێژەی هەڵاوسان سەرەکی ترین کێشەی حکومەت و خەڵک بووە و لە نزیکەی ساڵانە %40 دانەبەزیوە، بەمەش ئێران لە ریزی ئەو وڵاتانە دادەنێت کە هەڵاوسانی زۆریان لە جیهاندا هەیە، لەگەڵ ئەرجەنتین و تورکیا.

ئابوری ئێران ساڵانێکە بەهۆی سزاکانەوە لەگەڵ کێشەی درێژخایەنی هەڵاوسانی بەرز و چەقبەستوویی بەرەوڕوو بووەتەوە.

تەجارەت نیوز، یەکێک لە میدیا ئابوورییەکانی ئێران، لە بابەتێکدا نرخی پیازی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا شیکردەوە و باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی ئیدارەی ئیبراهیم رەئیسیدا، نرخی پیاز زیاتر لە 12 هێندە بەرزبووەتەوە و لە سێ هەزار تمەنەوە گەیشتۆتە 40 هەزار تمەن.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس پیازی زۆر دەکڕن و دەیشارنەوە تا ئەو کاتەی نرخەکەی بەرزتر بێتەوە بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەناردەکردنی پیاز وەک یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخەکەی ئاماژەی پێکراوە و تەنانەت لە هەندێک کاتدا هەناردەکردنی قەدەغەکرابوو.

لەگەڵ درێژەی گرانی نرخەکان، پشکی بەشێک لە کاڵاکان لە سەبەتەی بەکاربردنی ماڵە ئێرانییەکان کەمی کردووە، بۆ نموونە پێشتر لە شاری تاران رۆژانە نزیکەی 350 تەن پیاز دەفرۆشرا بەڵام ئێستا کەمی کردووە بۆ نزیکەی 200 تەن.

بەهۆی گرانییەوە دوای کەمبوونەوەی خواردنی گۆشت لە لایەن هاوڵاتیانەوە، لە ئێستادا کەمبوونەوەی خواردنی بەروبوومی شیرەمەنی و سەوزە و میوە بووە بە مەترسی بۆ سەر تەندروستی خەڵک لەو وڵاتە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button