لە بازگەکانى کەرکوک سۆنەر بۆ ئۆتۆمبێلى گەورە دادەنرێت

زووم:

رۆژنامە تورکییەکان

قەرار

تورکیا لە وەرگرتنی پەنابەردا لە ریزبەندی یەکەمدایە
لە تورکیا و باکوورى کوردستان سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەر هەن، بەگوێرەى راپۆرتى 2024ـى نەتەوەیەکگرتووەکان تورکیا بە پلەى یەکەم دێت لەسەرتاسەرى جیهان لە زۆرى پەنابەردا، بە پلەى یەکەمیش پەنابەرى سووری دێت.
لە پاش تورکیا ئەو وڵاتانەى ژمارەى پەنابەریان زۆرە بریتین لە ئێران، ئەڵمانیا و پاکستان.
بەگوێرەى راپۆرتەکە لەسەرتاسەرى جیهان 281 ملیۆن پەنابەر هەن.

 


سۆزجو

دراوى تورکی بەهاى پولێکى نەماوە

دەسەڵاتى ئاک پارتى لە ساڵى 2009 دراوی کاغەزیی 20 لیرەیى چاپ کرد، ئەوکات 200 لیرە دەیکردە 130 دۆلار، یان 93 یۆرۆ. ئێستا دەکاتە 6.2 دۆلار، یان 537 یۆرۆ.
لەپاش 15 ساڵ ئێستا ئەو دراوە هیچ بەهایەکی نەماوە و وەک پولێکی لێهاتووە. ئێستا سیمبولی دراوی لیرە، بێ بەهاترین دراوی جیهانە.

جمهورییەت

ئیی پارتى لەگەڵ هەموارکردنەوەى دەستوور نییە

موسەڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، لە کۆبوونەوەى هەفتانەى فراکسیۆنى پارتەکەیدا رەخنەى لە ئاک پارتى گرت، کە هەوڵ دەدات دەستوور هەموار بکاتەوە.
دەرویشئۆغڵو دەرگاى پارتەکەى بەڕووى شاندى هەموارکردنەوەى دەستوور داخستووە و گوتی، “لە وڵاتێکى بێ یاسادا دەژین، بۆیە هەمواکردنەوەى دەستوور هەوڵێکى بێ بنەمایە”.

یەنی بیرلیک

پەرە بە دۆستایەتى لەگەڵ یۆنان دەدرێت
بڕیارە لە 13ـى ئەم مانگەدا کریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانى یۆنان بە فەرمى سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە.
هەردوولا رەزامەندی تەواویان نیشانداوە بۆ برەودان بە دۆستایەتى لەنێوان هەردوو وڵات و پەیوەندییەکانى نێوانیان.
چاوەڕێ دەکرێت لەم سەردانەدا هەماهەنگی لە بوارى وزە لەنێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش ببرێت و بڕیارە لەنێوان هەردوو وڵات کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی غازی سروشتی، کارەبا و بوارى وزە پێکبهێنرێت.

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

کۆمپانیاى ئەسترازینیکاى بەریتانی پێکوتە بەناوبانگەکەى کۆرۆناى کشاندەوە

کۆمپانیاى ئەسترازینیکاى بەریتانیا بڕیاریدا پێکوتەى دژى کۆڤید19 کە ناوە زانستییەکەى فاکس فیریایە، لە بازاڕەکان بکشێنێتەوە، کە لە سەرەتاى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە بانگەشەى زۆری بۆدەکرا و رێکخراوى تەندروستیى جیهانیش پەسەندی کردووە.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، هۆکارەکە تەنها بازرگانییە، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە پیکوتەکە هەندێک کاریگەریی لاوەکى هەیە و چەند سکاڵایەکى یاساییش لەسەر ئەم کۆمپانیایە لە چەند دادگایەک تۆمارکراون، لەبەرئەوەى ژمارەیەک لە کەسوکارى سکاڵاکارەکان لەکاتى بەکارهێناندا گیانیان لەدەستداوە، تەنها لەبەریتانیا ژمارەى ئەوانەى پێکوتەى فاکس فیریاى کۆمپانیاى ئەسترازینیکایان بەکارهێناوە 81 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

سەباح

لە بازگەکانى کەرکوک سۆنەر بۆ ئۆتۆمبێلى گەورە دادەنرێت
عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، لەسەرجەم بازگە و رێگە سەرەکییەکانى پارێزگاکە ئامێری سۆنەر بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دادەنرێت، لەبەرئەوەى لە رووى ئەمنییەوە گرنگە و کارەکانیش بەخێرایی بەڕێوەدەچن و گرفتى قەرەباڵغى دروست ناکات.
ئەو دەڵێت، لە رێگەى ئەو ئامێرەوە سەرجەم پارچەکانى خودى ئۆتۆمبێلەکە و بارەکەیان دەردەکەون و تەنانەت ئامێرەکان تواناى دەستنیشانکردنى پارەى ساختەشیان هەیە و ئەوەش دەبێتە هاوکارێکى باشی هێزە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنى دۆخى ئەمنى پارێزگاى کەرکوک.

عەرەب

 

بەشار ئەسەد خێڵ و گوندنشینەکان چەکدار دەکات
فەراس عەلاوى، رۆژنامەنووسی سوری دەڵێت، بەشار ئەسەد، سەرۆکى سوریا بۆ رووبەڕووبوونەوەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات پەنا بۆ چەکدارکردنى گوندنشینەکان و خێڵەکان دەبات.
ئەو دەڵێت، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) ترسی هەیە ئەسەد پەنا ببات بۆ چەکدارکردنى گوندنشین و خێڵەکان وەک ئەوەى لە ماوەى رابردودا کردویانە و خێڵی ئەلبوشەعبانیان چەکدارکردووە و لەنێو دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا گروپێکى چەکداری خۆیان پێکهێناوە و بوونەتە هاوپەیمانى هێزەکانى حکومەت و ئەجێنداى ئێرانیان جێبەجێکردوە و لەدژى هێزەکانى هەسەدە وەستاونەتەوە.

دەستوور

ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان ناهێڵێت لێبوردنى گشتیى دەربکرێت
محەمەد عەنوز، ئەندامی لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکردن لەبارەى یاساى لێبوردنى گشتى پێویستى بە رێککەوتنى لایەنە سیاسییەکان هەیە.
راشیگەیاندووە، لیژنەکەیان چەند جارێک داواى لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە یاساکە بخەنە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە بۆئەوەى کاری لەسەر بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە ئەو کارە بکرێت و لەلایەکى دیکەشەوە پەیوەندى بە دیاریکردنى سەرۆکى پەرلەمانیشەوە هەیە، هەربۆیە بە دوورى نەزانیوە یاساى لێبوردنى گشتى فریاى ئەم خولە نەکەوێت و بکەوێتە خولێکى دیکەى پەرلەمان.
ئەو دەڵێت، یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانى نێو پرۆژەیاسای لێبوردنى گشتى، رێکنەکەوتنى لایەنەکانە لەسەر پێناسەى تیرۆر.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

سوناک دەڵێت زانکۆکان ئەرکی پاراستنی خوێندکارە جووەکانیان لە ئەستۆدایە

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، زانکۆکانی وڵاتەکەی ئەرکێکی “ئەخلاقییان” لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی خوێندکارە جووەکان و رووبەڕووبونەوەی سوکایەتی و گێچەڵ ببنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران لەگەڵ جێگری راوێژکارانی زانکۆکانی وڵاتەکەی کۆببێتەوە و داوایان لێبکات هیچ دژایەتییەکی جووەکان لە زانکۆکاندا قبوڵ نەکرێت.

فاینەنشیەڵ تایمز

کیێڤ پەنا بۆ هەمان دەفتەر پلانی مۆسکۆ دەبات لەڕێگەی بەسەربازییکردنی زیندانییەکان بۆ بەرەکانى جەنگ.
ئۆکراین بەنیازە دەستبکات بە دامەزراندنی زیندانییانی وڵاتەکەی و بیانبات بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە دژی روسیا.
ئەم هەنگاوە لەسەر بنەماى یاسایەک کارى لەسەر دەکرێت کە تایبەتە بە بەهیزکردنی سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ.
بەگوێرەی یاساکە ئەو کەسانەش دەکرێن بە سەرباز، کە بەتۆمەتی کوشتن و گەندەڵی سزادراون.
یاساکە بەوجۆرەیە حکومەت لێخۆشبوون بۆ ئەو زیندانییانە دەردەکات کە دەچنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.

واشنتن پۆست

داخستنی دەروازەی رەفەح رێگری لە چوونەناوەوەی هاوکارییەکان دەکات

دوای دەستبەسەرداگرتنی دەروازەی رەفەح، لەلایەن سوپای ئیسرائیل و داخستنی، لە ئێستادا هیچ سوتەمەنی و خۆراکێک ناگەیەندرێتە نێو کەرتەکە و رێکخراوە خێرخوازییەکان هۆشداری دەدەن خۆراک بەشێوەیەکی مەترسیدار رووی لە کەمیی کردووە و دۆخەکەی هێندەی دیکە خراپتر کردووە.

عەرەب نیوز

واشنتن ناردنی بۆمب بۆ ئیسرائیل رادەگرێت، لەکاتێکدا جەنگ دەگاتە رەفەح

لەسەروبەندی دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی رەفەح، ئەمریکا ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل راگرت و پنتاگۆن هۆشداری دایە وڵاتەکە، کە نابێت هیچ هێرشێک بکاتە سەر رەفەح، بەبێ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی، لەکاتێکدا ئێستا شەڕێکی سەخت لە دەورووبەری شارەکە دەکرێت.
ئەو هاوکارییانەی ئەمریکا رایگرتوون بڕی 3500 بۆمبی بەهێزە، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش رایگەیاند، زۆر بە روونی بە بەرپرسانى ئیسرائیلی گوتووە، نابێت هیچ هێرشێک بۆسەر رەفەح دەستپێبکات، بەبێ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییەکانی.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئەفکار

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئێران 11,500 لق ئامادەن
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران هێندەى خولی یەکەم گرنگە و گوتی، 11,500 لق لە 22 بازنەی هەڵبژاردن لە 15 پارێزگادا بۆ دەنگدان ئامادەکراون.
ئەحمەد وەحیدی رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنە 45 نوێنەری دیکە دەبنە پەرلەمانتار، بۆیە دەبێت هەمووان “بەزەحمەت کاربکەین”، بۆ ئەوەی خەڵک زۆرترین بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
هەڵبژاردنی خولی 12ـى پەرلەمانی ئێران دوو مانگ پێش ئێستا بەڕێوەچوو، بەڵام چارەنووسی 45 کورسی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکرێت، کە سبەى هەینی بەڕێوەدەچێت.

 

 

ئەبرار ئیقتسادی

حکومەتى ئێران بڕی 300 ملیۆن دۆلار قەرزاری جوتیارانی گەنمە

عەتا هاشمی، سەرۆکی دەزگای نیشتمانیی جوتیارانی گەنمی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتاى مانگى نەورۆزەوە حکومەتى ئێران یەک ملیۆن و 350 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەکی پێنەداون.
ئەو دەڵێت، ئەم بڕە گەنمە بە نرخێکی هەرزان لە جوتیاران کڕدراوە و خەڵاتیش بۆ رادەستکردنی گەنم کە هەموو ساڵێک رادەگەیەنرێت، هێشتا رانەگەیەندراوە و ئەوەش جوتیارانی نیگەران کردووە.

مەردوم سالاری

نزیکەی 20%ـی هاوسەرە ئێرانییەکان منداڵیان نییە
حەمید چوبینە، سکرتێری کۆمەڵەی چاودێریی خێزانی ئێران رایگەیاند، نزیکەی 20%ـى هاوسەرە ئێرانییەکان منداڵیان نییە.
ئەو دەڵێت، زیادبوونی تەمەنی هاوسەرگیری بە تایبەت لەنێو ژناندا و ئارەزووی نەبوونی منداڵ خەریکە دەبێتە کلتوور لە ئێران.
حەمید چوبینە رایگەیاند، ئێمە ئەو هاوسەرانە دەبینین لە سەرەتای هاوسەرگیری نایانەوێت منداڵیان هەبێت، ئەمەش مەترسییە بۆ وڵاتەکەمان کە دانیشتووانی بەرەو بەساڵاچووی هەنگاو دەنێت، ئەمەش کاریگەرى کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێت.

ئەبرار

نرخی نان لە سنە 400% بەرزبووەتەوە!
نرخی نان لە هەندێک لە نانەواخانەکاندا بەڕێژەی چوار هێندە زیاد دەکرێت، لەکاتێکدا هیچ یاسا و پاساوێک نییە بۆ ئەو گرانکردنە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەهۆی بوونی ناڕێکی لە نرخی نان، نرخی دیایکراو زیادەڕەوی تێدا دەکرێت و هەر کەسێک بۆ خۆی نرخ دیاری دەکات، کە کارێکی نایاساییە، ئێستا لە پارێزگاکانی دەوروبەردا هیچ شوێنێک نرخی نانی هێندەى رێژەی ئێستای سنە گران نییە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button