خامنەیی: نیگەران مەبن هیچ کێشەیەک لە کاروباری وڵات روونادات

 زووم:

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

فڕینی هێلیکۆپتەر لە کەشوهەوای تەماویدا هەڵە بوو

نوێنەری خەڵکی تەورێز، لەبارەى رووداوەکى تێکشانى هێلیکۆپتەرەکەى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران دەڵێت، بۆچی دەبێت سەرۆککۆمار بە هەلیکۆپتەر گەشت بکات، لەکاتێکدا کەشناسی هۆشداریی کەشوهەوای پرتەقاڵی داوە.
بەگوێرەى هەواڵى رۆژنامەکە، ئەو ناوچەیەی هێلیکۆپتەرەکەى تێدا تێکشاوە تەمومژ و باراناوییە، پێشتر لە هەواڵەکەدا باسکراوە بارانى زۆر دەبارێت، بۆیە جێگای مشتومڕە چۆن لە کەشوهەوای لەو شێوەیەدا بە هێلیکۆپتەر رەئیسی گوازراوەتەوە و دیار نییە ئەم بڕیارە هەڵەیە چۆن دراوە.

 

ئیمروز

خامنەیی: نیگەران مەبن هیچ کێشەیەک لە کاروباری وڵات روونادات

عەلى خامنەیی، رێبەری کۆمارى ئیسلامیى ئێران، لەبارەى رووداوى تێکشانى هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمار راگەیاند، هیوادارین خودای مەزن سەرۆککۆماری رێزدار بگەڕێنێتەوە، بەڵام خەڵکی ئێران نابێت نیگەران بێت و هیچ کێشەیەک لە کاروباری وڵات روونادات.
ئەو هەلیکۆپتەرەی سەرۆککۆماری هەڵگرتبوو، بەمەبەستی کردنەوەی بەنداوی سنووری قیز قەڵا سی بەرەو سنووری ئازەربایجان رۆیشتبوو، لە رێگای گەڕانەوەدا لە دارستانی دیزمار تێکشا.

تەجارەت

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی کەوتنەخوارەوەی ئیبراهیم رەئیسی

شەپۆلی فراوانی کاردانەوەی دەرەکی بەرامبەر بە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆمار و هاوەڵەکانی، جگە لە ئاستی ناوخۆ، کاردانەوەی فراوانیشی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەدوای خۆیدا هێنا.
بۆ نمونە نووسینگەی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرۆکی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، ئەرمینیا، قەتەر، یەمەن، عێراق، سوریا، میسر، پاکستان و چەندین شوێنی دیکە هاوسۆزیان لەگەڵ ئێران دەربڕی.

جەوان

شەوێکی سەخت بوو بۆ سەرۆککۆمار و خەڵکی ئێران
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەواڵی رووداوی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار و هاوەڵەکانی خەڵکی نیگەران کردووە، هەرچەنده هەواڵەکه ترسناکه، بەڵام خەڵکی ئێران ملکەچی ئەوەن خوای گەورە بۆیانی دەوێت و بە دوای رەزامەندی خودادا دەگەڕێن، بۆیەش تاوەکو نیوەشەو دەستیان لە نوێژ و نزا و پاڕانەوە هەڵنەگرت.

 

 رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

ئێران داواى هاوکارى لە تورکیا کردووە
لەپاش کەوتنەخوارەوەى هەلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمارى ئێران، ئێران بە فەرمی داوای لە تورکیا کرد هاوکاری بکات بۆ دۆزینەوەى هەلیکۆپتەرەکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەپاش داواکارییەکەى ئێران فڕۆکەى تایبەتى نارد بۆ گەڕان و 32 کەس لە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنى کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان ئەرکدار کران و شەش ئۆتومبێلی تایبەتیش بۆ ناوچەکە نێردراون.

سۆزجو

زۆرینەى مامۆستایانی تورکیا قەرزارن

بەگوێرەى راپۆرتێک لەسەر بژێوی و ژیانى مامۆستا لە تورکیا، 21.6%ـى مامۆستا بەهۆى کەمدەرامەتییەوە بەدەر لە پیشەکەی خۆى کارى دیکە دەکات. 69%ـى مامۆستایان قەرزی بانکیان لەسەرە، 70%ـى مامۆستایانیش ئەو موچەی وەریدەگرن ناتوانن تاوەکو کۆتایی مانگ پێیبژین.

 


ئەڤرەنسەل

گەنجەکان سەلامەتی کاریان نییە
لەماوەى 11 مانگدا ژمارەى ئەو گەنجانەى لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 500 گەنج بووە. ئەمەش کێشەیەکی دیکەی بۆ گەنجان دروستکردووە کە ناتوانن بە ئاسانی کار بدۆزنەوە.

یەنی ئاکیت

هێڵى ئاسمانیی تورکی ژمارەى پێوانەی شکاندووە
لە چوارچێوەى ستراتیژی هێڵى ئاسمانیی تورکی لە ساڵى 2023، ژمارەى فڕۆکەکانیان گەیشتووەتە 813 چاوەڕێ دەکرێت، ساڵانە 171 ملیۆن گەشتیار بە فڕۆکەى هێڵى ئاسمانیی تورکی گەشت بکەن.

 

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 


شەرقلئەوسەت

لە عێراق بەرتیل بە کۆمپانیا بیانییەکان دەدرێت

کریستیانە هومان، باڵێۆزی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند، زۆرینەى ئەو کۆمپانیا بیانییانەى لە عێراق کاردەکەن لە لایەن بەرپرسانى ئەو وڵاتەوە بابەتى وەرگرتنى بەرتیلیان خراوەتە بەردەم لە بەرامبەر جێبەجێکردنى بەرنامەى کارەکانیاندا، ئەمەش وایکردووە کە کۆمپانیا بیانییەکان عێراق بە وێستگەیەکى مەترسیدارى وەبەرهینان بزانن و نوێرن رووى تێبکەن.
هومان رایگەیاند، پێدانى بەرتیل لەوڵاتى ئێمەدا زۆر مەترسیدارە و لێپێچینەوەى یاسایی توندى هەیە، بەڵام لە عێراق بەرپرسانى باڵا ئەو کارەدەکەن.
سروە عەبدولواحید، ئەندامى لیژنەى دەستپاکی لە پەرلەمانى عێراق لە وەڵامى ئەو لێدوانەى باڵیۆزی ئەڵمانیادا رایگەیاندووە، ئەم هەواڵە هیچی نوێی تێدانییە و بووەتە دیاردەیەکى ئاسایی رۆژانە، ئەم دیاردەیە تەنانەت لیژنەکانى پەرلەمانیشى گرتووەتەوە.

سەباح

دواى هەڵمەتەکەى بەتاوین 60% تاوان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کەمیان کردووە
میقداد موسەوى ، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى راگەیاندنى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ستراتیژیەتى دژایەتیکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پشت بە هاریکاریی نێودەوڵەتى و چالاکی هەواڵگریی ناوخۆیی و کۆکردنەوەى زانیاری دەبەستێت، جەختیشی کردووەتەوە لەپاش هەڵمەتە فراوانەکەى ناوچەى بەتاوینى بەغداد و دەستگیرکردنى 600 داواکراو و تاوانبارى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، 60%ـى ئەو جۆرە تاوانانە کەمیان کردووە.
موسەوى رایگەیاندووە، لە رووبەڕووبوونەوەى بازرگانانى مرۆڤدا پۆلیسی ئەنتەرپولیش هاوکارییان دەکات.

دەستوور

لە مانگى تەموزەوە تاکسییەکان بە پێوەر کاردەکەن
مەیسەم سافى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى راگەیاندنى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردەوە لەسەرەتاى مانگى تەموزی داهاتوەوە تاکسییەکان بە پێوەری تایبەت کاردەکەن و ئەم کارەش رێککارێکى زۆر سەرکەوتووە بۆ کەمکردنەوەى گلەیی و گازندەى هاووڵاتیان لەبارەى گرانى کورێى گواستنەوەیان بە تاکسی ناوشارەکان، ئاماژەى بەوەشکرد لەم رێگەیەوە پارەیەکى زۆر بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوەو تاڕادەیەکیش لە دادپەروەرییەوە نزیکترە، داواشی لەخاوەنى ئەو تاکسییانە کرد کە تائیستا پێوەرى زیرەکیان نەبەستووە بەخێرایی بیبەستن لەبەرئەوەى لە سەرەتاى مانگى تەمووزەوە رێگەی کارکردنیان پێنادرێت و لێپێچینەوەى یاسایی دەبێت و مەفرەزەکانیان بڕیارەکە دەخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.

عەرەب

ئەمریکا سعودییە دەکاتە خاوەنى چەکی ئەتۆم
ئەمریکا و عەرەبستانى سعودییە هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ واژۆکردنى رێککەوتنێکى ستراتیژی دەنێن، کە جەخت لەسەر بەهێزکردنى ئاسایشى سعودییە دەکات و لە هەمانکاتیشدا هاوکارییان دەکات بۆ دەستگەیشتنیان بە ئەتۆمى مەدەنى و وەک رۆژنامەکەش دەڵێت، دوورنییە ئەم هەنگاوەى ئەمریکا لەبەرامبەر ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى سعودییەدا بێت لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆژنامەکە باس لەوەدەکات یەکێک لە خاڵە گرنگەکانى رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە ئەوەیە ئەمریکا هاوکاریی عەرەبستانى سعودییە دەکات بە دامەزراندنى دامەزراوەیەکى ئەتۆمی بە مەبەستى پیتاندنى یۆرانیۆم لەسەر خاکی سعودییە، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە خۆیان بەڕێوەى دەبەن، یان رادەستى پسپۆڕانى سعودییەى دەکەن و ئەمەش یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوانیان و لە زنجیرە کۆبوونەوەکانى داهاتوویاندا ئەو پرسەش یەکلایی دەکەنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button