عێراق لە ململانێی سەختدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەهاى دۆلار

ئەلمۆنیتەر: ئەمریکا دەیانجار سودانی لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ ئێران ئاگادارکردووەتەوە

زووم:ئەلمۆنیتەر

کاتێک محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رۆژى پێنجشەممە، چووە نێو یاریگاى بەسرە بۆ بەشداریکردن لە یاری کۆتای جامى کەنداو، سەدان هاوڵاتى عێراقى بە دروشمى “بەهاى دۆلار دابەزێنن”پێشوازییان لێکرد.

کۆتایی هەفتەى رابردوو، بەهاى 100 دۆلارى ئەمریکى نزیکبووەوە لە 170 هەزار دینارى عێراقی، ئەمڕۆ یەکشمەممەش بەهاکەى زیاترە لە 165 هەزار دینار. خولەک بە خولەکیش بەرز و نزم دەکات.

بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار لەدواى دەستبەکاربوونى کابینەکەى محەمەد شیاع سودانییەوە دەستیپێکرد، ئەوە یەکەمجارە لە دواى ساڵى 2004ەوە بەهاى دۆلار بەوشێوەیە بەرزببێتەوە.

بانکى ناوەندى ئەمڕۆ 87 ملیۆن دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە

بەگوێرەى راپۆرتى بانکى ناوەندى عێراق ئەمڕۆ 87 ملیۆن دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە، لەکاتێکدا لە خوار 300 ملیۆن دۆلارەوە تەنگەژەى بازاڕى دراو لە عێراق دروستدەبێت.

لەپاڵ ئەم هۆکارەدا کاتێک بەنێو ماڵپەڕە جیهانییەکاندا سێرچێک دەکەین چەندین راپۆرت هەن کە هۆکارى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار بۆ بە “قاچاخبردنى” بۆ ئێران دەگەڕێننەوە، لەلایەن “میلیشیا” و ئەوانەى نزیک لەو وڵاتەن.

سەرچاوەیەکى عێراقى بە ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى راگەیاندووە، بەرپرسانى ئەمریکا چەندینجار ئەم پرسەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى تاوتوێ کردووە، دواینیان برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپی بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقا بووە، کە هەفتەى رابردوو لە بەغداد لەگەڵى باسی کردووە.

رۆمانۆڤسکی و سودانى دەیانجار پرسەکەیان تاوتوێ کردووە

ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سودانى هەیە، لەپاش وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵى ئەنجامداوە و پرسی دۆلار هەمیشە لە سەروی لیستى ئەو بابەتانەوە بووە کە گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.

بانکی ناوەندی عێراق هەندێک رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەى دۆخەکە، یەکێک لەوانە راگرتنى فرۆشتنى دۆلار بە چوار بانکی عێراقییە، ئەوانیش بانکى ئەلئەنساری ئیسلامی، بانکی ئیسلامی قەزاف، بانکی ئیسلامی ئاسیا و بانکی وەبەرهێنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عێراق بۆ وەبەرهێنان، کە ئەمانە گومانیان لەسەرە مامەڵەى نایاساییان بە دۆلار کردبێت.

بانکى ناوەندى عێراق رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە و وردبینى بۆ چەندین بانک و رێکخراو و دامەزراوەى دارایی دیکەدا دەکەن، بۆئەوەى رێگرى لە مامەڵەى نایاسایى بە دۆلار رابگرن.

دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار لەپاڵ هۆکارە تەکنیکییەکان بە فشارى ئەمریکاش دادەنرێت. ئەمریکا دەیەوێت عێراق نەبێت بە دەرەچەیەک بۆ کەمکردنەوەى سزاکانى بۆسەر ئێران، لەرێگەى ناردنى دۆلار بۆ ئێران.

ئێران لە دۆخێکى خراپى ئابوریدایە 100 دۆلار بەرامبەر بە چوار ملیۆن و 550 هەزار تومەنە، کە ئەوەش لەدەستدانێکى مێژوویی بەهاى تومەنە.

عێراق غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، ئەمریکاش لە سزاکانى لەو رووەوە بەخشیویەتى، بەڵام نابێت پارەى غاز و کارەبا بگوازێتەوە بۆ ئێران، بەڵکو دەبێت پارەکە بە دینارى عێراقى بدات بەو بانکانەى لە عێراق هەن، کە خاوەندارێتییان کەسانى ئێرانییە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button