
زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دوایین رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕیی نەوتی خاوی عێراق بەرامبەر گازی سروشتی ئێران، پێدەچێت پێشێلکاریی بێت بەرامبەر بەو سزایانەی ئەمریکا لەسەر ئێران دایناون، مەگەر ئەمریکا خۆی رێگە بە رێککەوتنێکی لەوشێوەیە بدات.
سێشەممەى رابردوو، 11ـى تەمووز، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق لەمەودوا لەبەرامبەر هاوردەکردنی گازی سروشتی ئێران، نەوتی خاو بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەکات، ئەمەش بۆ کۆتاییهێنانە بەو قەرزانەی بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، لەسەر عێراق کەڵەکە بووە.
عێراق بۆ دابینکردنى کارەبا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەڵام ئەمریکا رازی نییە پارەکە راستەوخۆ بدرێتەوە بە ئێران، بۆیە بۆ دانەوەى قەرزەکان و دابینکردنى گاز عێراق پەناى بۆ ئەم رێگەیە بردووە، چونکە هەفتەى پێشوو ئێران هەناردەکردنى گازى بۆ عێراق کەمکردەوە و کێشەى کەمی کارەبا لەناوچەکانى ناوەڕاست و باشور سەریهەڵدایەوە.
بەگوتى سودانی، ئێران لەسەرەتای مانگی تەموزەوە رێژەی هەناردەی گازی بۆ عێراق بۆ نیوە کەمکردبووەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە عێراق نەیتوانیبوو ئەمریکا رازی بکات بەشێک لە قەرزەکانی ئێران بداتەوە. بەڵام چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنى رێککەوتنەکە ئێران دەستی بە هەناردەی گاز کردەوە.
رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بەرامبەر بە گازی سروشتی، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە عێراق بۆ نزیکەی 50 پلە بەرزدەبنەوە و خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات. رۆیتەرز دەڵێت، رێککەوتنەکە کاریگەرییەکی باشی لەسەر ئەدای حکومەتەکەی سودانی دەبێت، بەوپێیەی ناڕەزایی شەقامی عێراقی لە ئاست کەمیی خزمەتگوزارییەکان کپدەکاتەوە.
چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان گوتووە، ئەو ئاڵوگۆڕە رەنگە کێشە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکادا دروستبکات.
ریچارد گۆڵدبێرگ، لە دامەزراوەی فیکریی بەرگریی لە دیموکراسیی ئەمریکا دەڵێت، “ئەگەر ئەمریکا لیخۆشبوونێک بۆ ئەو بابەتە نەکات، ئەوا ئاڵوگۆڕەکە دەبێت بە پێشێلکارییەکی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران.”
ئەو دەشڵێت، “ئەم مامەڵەیە لەژێر یاسای ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئێران قەدەغەیە، بەوپێیەی یاساکە هەموو مامەڵەیەکی پەیوەندیداری وزە لەگەڵ ئێراندا قەدەغە دەکات.”
لە 21 ئازاری ئەمساڵدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێگەپێدانێکی 120 رۆژی دەرکرد، کە بەهۆیەوە رێگە بە عێراق دەدات تەنها بۆ هاوردەی کارەبا پارە بدات بە ئێران، نەک بۆ کڕینی گازی سروشتیی بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەی خۆیدا کارەبا بەرهەم بهێنێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە نەیویستووە ناوی ئاشكرابکرێت، بە رۆیتەرزى گوتووە، “ئەو رێگەپێدانە 120 رۆژییە بۆ کڕینی کارەبایە لە ئێران، نەک شتی دیکە.”
سەرەڕای ئەوەى دەنگۆی هەیە رێگە پێدانەکەی بلینکن هەمواربکرێتەوە بۆئەوەی رێگە بە ئاڵوگۆڕەکە بدات، بەڵام بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە باسی ئەو بابەتەی بۆ رۆیتەرز نەکردووە.
ئەو گوتی، “ئێمە لەو ئاستەدا نین بتوانین پێشبینی بۆ بڕیارەکانی داهاتوو بکەین لەبارەی رێگەپێدانەکەوە. لە ئێستادا لەبارەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕیی نێوان ئێران و عێراق هیچ لێدوانێکمان نییە.”
بەرپرسێکی پێشوو لە وەزارتی خەزێنەی ئەمریکا، کە چاودێری سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەکات دەڵێت، دەستەواژەی “مامەڵە” زۆر دەستەواژەیەکی گشتگیر و فراوانە، دەکرێت ئەو ئاڵوگۆڕەش بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم بابەتە پرسێکی سیاسییە و پێویستی بە بڕیارێکی سیاسییە، نەک پرسێکى یاسایی، بەڵام ئەگەر وەک پرسێکی یاسایی سەیری بکەین ئەوە بێگومان ئاڵوگۆڕەکە پێشێلی سزاکانی ئەمریکا دەکات بۆ سەر ئێران.