عێراق بە پرۆژەیەکی 17 ملیار دۆلاری ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە

حکومەتی عێراق دوێنێ پڕۆژەیەکی بە بڕی 17 ملیار دۆلار راگەیاندووە، کە دەبێتە هۆی بەستنەوەی بەندەرێکی گەورەی کاڵا لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکەیەوە بە رێگای شەمەندەفەر و وشکانیی بە تورکیاوە. ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ باشترکردنی ئابوری عێراق دادەنرێت دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و قەیرانەکان.

رێگاکە کە بە رێگای گەشەپێدان ناسراوە ئامانجی بەستنەوەی بەندەری گەورەی فاوە لە بەسرا، بە تورکیاوە، ئەمەش وڵاتەکە دەکاتە ناوەندێکی گواستنەوە (ترانزێت) کە گەشتە دور و درێژەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی کەناڵی سوێزەوە کورتر دەکاتەوە و وەک رکابەرێکی ئەو کەناڵە سەیر دەکرێت.

فەرحان ئەلفەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەکانی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، “رێگای گەشەپێدان تەنها رێگەیەک نییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل یان گەشتیاران، ئەم رێگایە دەرگای گەشەپێدان بەروی ناوچە بەرفراوانەکانی عێراقدا دەکاتەوە.”

حکومەتی عێراق پێشبینیدەکات شەمەندەفەرەکانی سەر ئەو رێگا خێرایە، کەلوپەل و گەشتیاران بە خێرایی 300 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بگوازنەوە، دەکرێت رێگاکە بە ناوەندە پیشەسازییە ناوخۆیی و وزەییەکانەوە بلکێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆری و گازیش شانبەشانی رێگاکە دابمەزرێندرێن و بەرهەمەکانی عێراق بە ئاسانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەناردەبکرێت.

ئێستا خزمەتگوزاری شەمەندەفەری عێراق چەند هێڵێکی کەم بەڕێوەدەبات، کە یەکێک لەوانە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بەکاردێت لە بەسراوە بۆ بەغداد کە ماوەی 10 بۆ 12 کاتژمێر دەخایەنێت بۆ ئەوەی دوری 500 کیلۆمەتر ببڕێت.

فەرتوسی رایگەیاند، بەندەری گەورەی فاو کە زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەکەی دارێژراوە و نیوەی پرۆژەکە، سەرەڕای شەڕی داعش، تەواو بووە.

گواستنەوەی سەرنشین و گەشتیاران لەنێوان عێراق و ئەوروپا یەکێکی دیکەیە لەو پلانە گەورانەی کە حکومەتی عێراق هەیەتی بۆ پرۆژەکە کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستدەکرێت بە کارکردن تێیدا.

وەک رۆیتەرز دەڵێت، دەمێکە لە عێراق بەڵێنی گەورە دەدرێن، بەڵام گەشەی ژێرخانی ئەو وڵاتە هێشتا لە ئاستێکی خراپدایە، هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی وەک هیوایەک دەبینرێن بۆ باشتر کردنی دۆخەکە.

بەگوێرەی فەرتوسی، ئەگەر ئەم پرۆژەیە ساڵی داهاتوو دەستپێبکات، ئەوا لە ساڵی 2029دا تەواو دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، “راستە عێراق چەند ساڵێک یان دەیەیەک دواکەوتووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەم رۆژانە سەرەتای دەستپێکردنی گەڕانەوەی عێراقن.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button