عێراق کۆتایی بە راکێشانی دۆلار بە کاش دەهێنێت

زووم، رۆیتەرز

بانکى ناوەندى عێراق لە سەرەتاى ساڵى داهاتووەوە رێوشوێنى “توند” بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار دەگرێتەبەر و پێدانى دۆلار بەشێوەى کاش بەتەواوى رادەگرێت.

مازن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان و حەواڵەکردن لە بانکی ناوەندی عێراق ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرزی راگەیاندووو، رێکارە تازەکە لە رۆژى 1ـی کانونی دووەمی ساڵی 2024ـەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە راکێشانى دۆلار بەشێوەی کاش دە‌هێنین.

ئەو دەڵێت، ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەی نایاسایی 50%ـی ئەو 10 ملیار دۆلارەیە، کە عێراق ساڵانە لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە رایدەکێشێت.

بەگوتەى مازن ئەحمەد، ئەو کەسانەی پارەکانیان پێش ساڵی 2024 بە دۆلار لە بانکەکاندا دادەنێن دەتوانن لەدوای ساڵی تازەوە پارەکانیان بە دۆلار رابکێشنەوە، بەڵام هەر بڕە دۆلارێک لەدوای ساڵی تازەوە بخرێتە بانکەوە لە کاتی راکێشاندا، بە دیناری عێراق و بە نرخی فەرمیی 1,320 دینار، دەدرێتەوە بە خاوەنەکەى.

ئەو روونیکردووەتەوە “ئەگەر دەتەوێت پارە حەواڵە بکەیت دەتوانێت، دەتەوێت کارتی بانکی لە ناوخۆی عێراقدا بە دۆلار بەکاربهێنیت دەتوانیت. بەڵام ئەگەر بتەوێت پارە رابکێشیت، بە نرخی فەرمی و بە دینار دەبێت. بەڵام بەهیچ شێوەیەک داوای دۆلار بەشێوەی کاش مەکە”.

پێشتر عێراق پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی بۆ رێکخستنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار راگەیاندبوو، کە لە رێگەیەوە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی ئەو بەڵگەنامە ساختانە بکات کە بۆ خواست لەسەر دۆلار بەهۆی ناردنەدەرەوەی بۆ ئێران و سوریا، کە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادان، کەڵەکە ببوون.

مازن ئەحمەد راشیگەیاندووە، بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، کە زیاتر لە 120 ملیار دۆلاری گلداوەتەوە، توانیویانە بەشێوەیەکی توند کۆنترۆڵی رۆیشتنی بەلێشاوی دۆلار بکەن. واتە تەنها دۆلار بۆ ئەو بازرگان و کۆمپانیایانە دابیندەکرێت کە بەشێوی یاسایی مامەڵەکانیان لە کڕین و هاوردەی کەلوپەلدا ئەنجامدەدەن.

ئەو گوتیشی، راکێشانی پارەی کاش لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ئیستغلال کراوە. تەنانەت ئەوانەی کە بۆ مەبەستی گەشتکردنیش بڕی 3000 دۆلاریان پێدراوە، یارییان بە سیستمەکەی بانکی ناوەندیی کردووە.

لەبارەی دابەزینی بەهای دیناریشەوە رایگەیاند، کێشەمان نییە تەنانەت ئەگەر نرخی یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بگاتە 1700 دیناریش، گرنگ ئەوەیە ئامانجی بانکی ناوەندی بەدیبێت، کە رێکخستنەوەی سیستمی دارایی وڵاتە، کە مەبەستی دابینکردنی دۆلارە بە نرخی فەرمی بۆ ئەو کەسانەی مامەڵەی یاسایی پێوەدەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button