رێگەى گەشەپێدان شەش ملیۆن هەلی کار لە عێراق دەڕەخسێنێت

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

شەرقلئەوسەت

چیتر زیلنسکی سەرۆکی ئۆکراین نییە

دەزگاى هەواڵگریی روسیا راپۆرتێکى دوورودرێژى سەبارەت بە دۆخى ئۆکراین بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەى بە رۆڵی ڤلادیمیر زیلنسکی، سەرۆکی وڵاتەکە و هاووڵاتیان کردووە و تێیدا هاتووە متمانەى خەڵکى ئۆکراین بە سەرۆکەکەیان 17% کەمیکردووە و 70% متمانەیان بە دامەزراوەکانى حکومەت نەماوە و 90%ـیشیان ئەگەر فرسەتیان بۆ هەڵبکەوێت وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن و دۆخى ناوخۆیی سوپاکەشیان خراپە.
بەگوێرەى راپۆرتە هەواڵگرییەکەى روسیا هەموو ئەو هۆکارانە نیشانەى ئەوەن لە هەڵبژاردنى داهاتوودا زیلنسکی نابێتەوە بە سەرۆکی ئۆکراین.

 

 

سەباح

رێگەى گەشەپێدان شەش ملیۆن هەلی کار دەڕەخسێنێت

ناسر ئەسەدى، راوێژکاری وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق رایگەیاند، رێگەی گەشەپێدان داهاتێکى نیشتمانى گەورە و بەردەوامە بۆ عێراقییەکان و هەلی کار بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن کەس دەڕەخسێنێت.
راشیگەیاندووە، پرۆژەکە رەهەندێکى جیهانی هەیە وڵاتانى دنیا بە بایەخەوەى لێی دەڕوانن، لە ئێستادا وڵاتانى دراوسێ لەبری ئەوەى بیر لە شەڕوشۆڕ و دەستێوەردانى عێراق بکەنەوە، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن سەرمایەکانیان لەو پرۆژەیەدا بخەنەگەڕ و پشکێکیان تێدا هەبێت.
ئەسەدى دەڵێت، پرۆژەکە تەنها بوارى بازرگانى و گواستنەوە ناگرێتەوە، بەڵکو پەل دەهاوێژێت بۆ بوارى پیشەسازیی و لەو کەرتەشدا رۆڵی سەرەکى دەبێت و بە دووریشى نازانێت رێگەى گەشەپێدان هەنگاوێک بێت بۆ بە پیشەسازییکردنى وڵاتانى ناوچەکە و بەتایبەتى عێراق.

 

 

دەستوور

نەوڕەسەکانى دوکان ئەنفلۆنزاى باڵندە کوشتنى

محەمەد خوزاعی، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەو نەخۆشییەى لەنێو نەورەسەکانى دەریاچەى دوکاندا بووە هۆی مرداربوونەوەى ژمارەیەکى زۆریان ئەنفلۆنزاى باڵندە بووە.
خوزاعی بە رۆژنامەى دەستوورى گوتووە دواى بەدواداچوونى بابەتەکە و ناردنى لیژنەیەکى تایبەتى وەزارەتەکەیان بۆ سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى پشکنینى نەورەسە مرداربووەکان لە تاقیگەکانى هەرێمى کوردستان بۆیان دەرکەوتووە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاى باڵندە هۆکاری سەرەکی مرداربوونەوەى ئەو ژمارە زۆرەى نەورەسەکان بووە، هەربۆیە بە هاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەى تایبەتییان لە هەموو پارێزگاکانى عێراق بۆ چاودێریکردنى سەرهەڵدانەوەى ئەو نەخۆشییە پێکهێناوەو سەردانى سەرجەم شوێنەکان دەکەن و دواشى لە هاووڵاتییان کردووە هەر مرداربوونەوەیەکى نائاساییان بینى بە خێرایی لایەنە کارگێڕییەکانى ناوچەکەیان ئاگاداربکەنەوە، بەڵام بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ڤێرتنەرى رانیە رایگەیاندووە، هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکان ژەهراویی بوون بووە.

 

 

عەرەب

کوژرانى رەئیسی لە فەلەستین کاردانەوەى زۆری نەبوو

هەرچەندە بەردەوام ئێران بە هاوکاریکردنى بزووتنەوەى حەماس و لایەنە فەلەستینیبەکان تۆمەتباردەکرێت و حەماسیش بەخێرایی بروسکەى ماتەمینى ئاڕاستەى رێبەرى ئەو وڵاتەکرد، بەڵام کاردانەوەکانى مردنى رەئیسى و تیمەکەى هاوڕێى لەسەر ئاستى جەماوەرى کاردانەوەى زۆرى نەبووە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب خەڵکى فەلەستین پێیانوایە هاوکارییەکانى ئێران و دنەدانى ئەوان بووە حەماس پەلاماری ئیسرائیلى داوە و بووەتە هۆى ئەو جەنگەى ئێستا بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانى ئێرانى بە تاوانبارى هەڵگیرسانى جەنگەکە دەزانن.
رۆژنامەکە لە زارى هەندێک لە شرۆڤەکارانى خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەڵوێستە جەماوەرییەى فەلەستینییەکان ماناى شکستى ئەو ئەجێندایەیە کە ئێران ماوەیەکى زۆرە لە فەلەستین کارى لەسەردەکات.

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

حوڕییەت

ئێران بە دواى وەڵامی پێنج پرسیار دەگەڕێت

ئەو هەلیکۆپتەرەى کەوتەخوارەوە و گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمارى ئێران و شاندی یارەوەى لێکەوتەوە، لە پاش 15 کاتژمێر دۆزرایەوە. کەوتنى هەلکۆپتەرەکەى ئێران پێنج پرسیارى لەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە:
1- بۆچى فڕۆکەوانەکە لە کەشێکی خراپدا گەشتی کرد؟
2- بۆچى رەئیسی بە هەلیکۆپتەرێکی سەردەمی شا گەشتەکەی کردووە؟
3- ئایا ئەگەر هەیە هەلیکۆپتەرەکە لە هێرشێکدا خرابێتەخوارەوە؟
4- ئەو لایەنانەى لەسەر ئەم رووداوە گومانیان لێدەکرێت کێن؟
5- لەپاش رووداوەکە لە ئێران چی روودەدات؟

 

 

 

سەباح

ئەردۆغان: رووداوەکانى کۆبانی هەوڵێکی سەرهەڵدان بوو لە دژى دەوڵەت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لەبارەى دۆسیەى کۆبانی رایگەیاند، لە رووداوەکەى کۆبانی پەلامارێکی “تیرۆریست”ـی بوو، کە بووە هۆى گیانلەدەستدانی 37 هاووڵاتی، هاوکات هەوڵێکى سەرهەڵدان بوو لەدژی دەوڵەت.
دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەی سزادانیان دواکەوت، “خۆشحاڵین تۆمەتباران بە سزای خۆیان گەیشتن”.

 

 

سۆزجو

گرانکردنى کرێی خانوو بە رێژەى 25% لادەبرێت

حکومەتى ئاک پارتى لە ساڵى 2022دا رایگەیاندبوو خاوەن خانووەکان دەتوانن تاوەکو رێژەى 25% کرێ لەسەر کرێچییەکانیان زیاد بکەن، بەو هۆکارە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خاوەن خانوو و کرێچییەکان دروستبوو.
لە نوێترین راگەیەنراوى محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دووی تەموزی ئەمساڵەوە زیادکردنى ئەو رێژەیە لەسەر کرێچی لادەبرێت.

 

 

قەرار

کۆبانی دۆسیەیەکی کاریگەر بووە لەسەر سیاسەت

ئەڵتان تان، سیاسەتکارى ناودارى باکوورى کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگا لەسەر دۆسیەى کۆبانی، دەرخستەى ئەوە بوو کۆبانی دۆسیەیەکی کاریگەر بووە لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە تورکیا.
دادگا لە دۆسیەى کۆبانیدا سزاى ئەوانەى داوە کە بە فەرمانی پەکەکە خۆپیشاندانیان کردبوو.
ئەو دەڵێت، بڕیارەکەى دادگا ئەوەی نیشاندا دۆسیەی کۆبانی دۆسیەیەکی سیاسییە.

 

 

 

 

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

ناشناڵی سکۆتلەندی

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ چەند لایەنێکی شەڕی غەزە دەردەکات و نەتانیاهۆی تێدایە

داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوادەکات بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سێ سەرکردەی حەماس بچنە بەر دادگا بۆ لێپرسینەوە.
وەڵامدانەوەی بەریتانیاش بە خواستەکەی دادگا، کایەی کاری دادگاکە بەرتەسک دەکاتەوە، هاوکات داوا لە وڵاتی کامیرۆنیش کراوە واز لە چەکدارکردنی ئیسرائیل بهێنێت.

 

 

عەرەب نیوز

ئێران پێنج رۆژ پرسە و ماتەمی بۆ رەئیسی راگەیاند

عەلی خامنەئیی رابەری باڵای ئێران، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پێنج رۆژی داهاتوو لە تەواوی ئێراندا پرسەی فەرمی دەبێت بەهۆى گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسیی، سەرەککۆمارەوە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا.
هەروەها محەمەد موخبیری، جێگری یەکەمی سەرەککۆماری راسپارد پۆستە چۆڵەکەی سەرەککۆمار پڕبکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بە پەنجا رۆژ لە پاش گیانلەدەستدانى رەئیسی، سەرەککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

 

 

دەیلی مەیل

رۆژێک هەیە مایەی شەرمە بۆ دەوڵەتی بەریتانی، ئەو رۆژە ناونرا کەتنی خوێن

چەند راپۆرتێکی دیار و بەرچاو هەن، مردنی سێ هەزارکەس بەهۆی گواستنەوەی خوێنی هەڵگری ڤایرەسەوە بە گەورەترین شکستی حکومەتی بەریتانی ناودەبەن.
بێزاریی خۆیان دەردەبڕن کە حکومەت بۆ ماوەی چل 40 ساڵ راستیی روودانی ئەم “کەتنە”ـی لە خەڵک شاردووەتەوە، کەسوکاری قوربانییەکانیش ترسیان هەیە، هەرگیز کەس لەسەر ئەو “کەتنە” دادگایی نەکرێت.
ئەو راپۆرتەی حکومەت بڵاویکردووەتەوە، باسی “کەتنەکە” دەکات و ئاماژەی ئەوەی تێدا ننیە کەسی لەسەر ئەو کەیسە دادگایی کردبێت.

 

تایمز

نەتانیاهۆ تووڕەیە و پێیگوتراوە تاوانى جەنگی ئەنجامداوە

بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، ئەو بڕیارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بە “بێبەها” ناوبرد، کە ئەویان وەک تاوانباری جەنگ ناوبردوە و گوتویەتی ئەوە هەوڵێکە بۆ بەستنەوەی دەستی ئیسرائیل.
سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و چەند سەرکردەیەکی باڵای حەماسیش لەلایەن دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی لاهایەوە بانگکراون بچنە بەردەمی دادگا بۆ لێپرسینەوە لەسەرئەوەی تاوانی جەنگیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

 

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

مەردوم سالاری

پێشنیار کراوە 38 رۆژی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام بدرێت

بەڕێوەبەری گشتی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی سەرۆککۆمارییەوە رایگەیاند، کاتی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی سەرۆکایەتی بە گوێرەی مادەی 131ـى یاسای بنەڕەتی لە بارەگای هەڵبژاردنەکانی ئێران لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و بۆ ئەنجومەنی پارێزەران بەڕێکراوە و چاوەڕێی وەڵامین لەو بارەیەوە.
موحسن ئیسلامی، جەختیشی کردەوە، پێشنیاز کراوە 38 رۆژی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەبچێت و لەسەر بنەمای ئەمەش کاتی ناو تۆمارکردنی بەربژێرەکان لە هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات.

 

 

ئەبرار

لە گەڕانەکاندا هیچ یارمەتیەکی دەرەکیمان نەبووە

پیرحسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، کارێکی زۆر ئاڵۆز و قورسی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن هاوکارەکانمانەوە بە قەبارەیەکی گەورە لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆز و لەگەڵ بارودۆخی کەشوهەوای نالەباردا ئەنجامدرا، هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار لە بەرزی دوو هەزار و 500 مەتر و لە شوێنێکدا کە گەیشتن بە ئاستەم بوو، تووشی رووداوێک بوو، هێزەکانی مانگی سووریش بە “گیان و دڵ” کاریان کرد و گەڕانەکە و بەتەواوی لەلایەن هێزەکانی فریاگوزاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدرا و هیچ هاوکارییەکی دەرەکیش نەبوو لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە.

 

 

 

کار و کارگەر

پۆلیسی ئێران چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و سزای “تاوانباران” دەدات

پۆلیسی ئەلیکترۆنی ئێران سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار و شاندەکەی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و هۆشدارییدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی بابەتی نەگونجاو بڵاودەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بە وردی چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، داوا لە خەڵک دەکەین گرنگی بە دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستەکان نەدەن، هەروەها هیچ ناوەڕۆکێک بڵاونەکەنەوە بە هیچ شێوەیەک هەستی گشتی بریندار و ناڕەحەت بکات، خۆتان بەدوور بگرن لەو بابەتانە بەپێچەوانەوە رووبەڕووی کاردانەوەی هێزە ئەمنیەکان دەبنەوە.

 

کیمیای وەتەن

چالاکییە هونەرییەکان لە ئێران بۆ ماوەی هەفتەیەک راگیران

سینەما و شانۆ و کۆنسێرتەکانی سەرتاسەری ئێران تاوەکو کۆتایی هەفتە داخراون، دوابەدوای گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و هاوڕێکانی، سەرجەم بەرنامە شانۆییەکان و نمایشە راستەوخۆکانی مۆسیقا تاوەکو کۆتایی هەفتە هەڵوەشایەوە.
ئەم پشووە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و لانیکەم تاوەکو کۆتایی رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی لە بینەرانی شانۆ و کۆنسێرتەکان بەشێوەی بلیت وەردەگیرێت دەگەڕێتەوە بۆیان.
پێشتر رێکخراوی سینەما داخستنی سینەماکانی سەرتاسەری ئێرانی راگەیاندبوو، بە لەبەرچاوگرتنی پێنج رۆژ ماتەمینی گشتی، پێدەچێت تاوەکو کۆتایی هەفتە داخستنی سینەماکان بەردەوام بێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button