رەئیسی گەشتێکی بێ گەڕانەوەی بۆ ئازەربایجانی رۆژهەڵات ئەنجامدا

زووم…

 

کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ ئیبراهیم رەیسی لەگەڵ ئیلهام عەلیف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەشی هەردوولا بوون لە نزیک شاری تەورێز لە ئازربایجانی شەرقی کە لەسەر رووباری ئاراس دروستکراوە.

دەوروبەری کاتژمێر 2:12 خولەک، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری لە ناوچەی شاخاوی سەختی جولفا لە نزیک تەورێز تووشی رووداوێکی سەخت بووە، بەڵام دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە بە سەلامەتی گەیشتووەنەتە شوێنی خۆیان.

کاتژمێر 2:15 خولەک، میدیای فەرمیی راگەیاند کەشوهەوای ئەو ناوچەی هێلیکۆپتەرەکەی تێدا دیار نەماوە زۆر سەختە و تەمێکی زۆر ناوچەکەی گرتووەتەوە.

دەستبەجێ و لە کاتژمێر 2:30 خولەکدا تیمەکانی فریاگوزاری نێردرا بۆ ناوچەکە، ئەوەش راگەیەنرا کە سەید محەمەد عەلى هاشم، نوێنەرى خامنەیی لە ئازەربایجانى شەرقییش لەناو فڕۆکەدایە.

ئەحمەد وەحیدی،وەزیری ناوخۆی ئێران هاتە سەرخەت و پشتڕاستیکردەوە هەلیکۆپتەرێکی تیمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە سنووری تەورێز تووشی رووداوی “نیشتنەوەیەکی سەخت” بووە.

دەوروبەری کاتژمێر 5ی ئێوارە، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتنە ناوچەکە، پرۆسەکە زۆر ئاڵۆز و سەخت بوو چونکە ناوچەکە زۆر شاخاوی بووە و کەشوهەواش زۆر ناسەقامگیر بوو، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەى مان یان نەمانی سەرۆککۆمار و هاوڕێیانی نەبوو.

کاتژمێر 5:50 خولەی ئێوارە گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند کە بەرپرسانی باڵا بەرەو تەورێز بەڕێکەوتوون بۆ ئاگاداربوون لە ئۆپراسیۆنەکانی رووداوەکە، هێشتا دیار نییە چی قەوماوە!

هەڵمەتی فریاگوزاری بەردەوام بوو، لە کاتژمێر 6:20 خولە مانگی سوور رایگەیاند کە زیاتر لە 40 تیمی سەرقاڵی گەڕانن و هێشتا شوێنی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە دیاری نەکراوە و جەختیانکردەوە کە ناتوانن فڕۆکە و درۆن بەکاربهێنن بەهۆی زۆری تەم لە ناوچەکە.

دەوروبەری کاتژمێر 7:30 خولەک سوپای ئێران و سوپای پاسدارانی پەیوەندییان بە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین کرد، لەو نێوەندەدا پۆلیسی ئێران رایگەیاند کە چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و هۆشداری دا هیچ کەسێک زانیاری ناڕاست بڵاونەکاتەوە.

کاتژمێر 8:20 خولەک، جارێکی دیکە گوتەبێژی حکومەت جەختیکردەوە کە هیچ هەواڵێکی نوێ نییە و داوایکرد هەمووان دوعا بکەن بۆ سەرۆککۆمار.

لە کاتژمێر 9:30، مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند کە شوێنی هێلیکۆپتەرەکەی دیاری کردووە، هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەرباری خەمباربوونی بە رووداوەکە جەختیکردەوە کە هیچ کاریگەرییەکی بۆسەر کارەکانی حکومەت نابێت و هیچ کێشەیەکیش روونادات.

لە دەوروبەری کاتژمێر 11ـێ شەو، تاران بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە کرد فڕۆکەی تایبەتی شەوبینی بۆ بنێرێت و تورکیاش فڕۆکەکە و چەند تیمێکی نارد.

کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆیە  هەوڵەکانی رزگارکردنی هێشتا بەبێ ئەنجامێکی روون بەردەوامە و ژمارەی تیمەکان گەیشتن بە 72 تیم و کەشوهەوا هێشتا زۆر سەخت و ساردە، تەمێکی زۆر ئاستی بینینی زۆر کەمکردووەتەوە.

لە کاتژمێر 5:30، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتن بە شوێنی رووداوە و دەرکەوت هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری کەوتووەتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە، پاشان حکومەتی ئێران بە فەرمی هەواڵەکەی راگەیاند.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button