رێککەوتنى نەوتیی هەولێر و بەغداد لەژێر فشاری تازەدایە

زووم، ئارگەس

ئەو ماڵپەڕەی بۆ یەکەمجار بڕیاری دادگاکەی پاریسی لە دژی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتێکى تازەدا دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دووبارە لەژێر فشاردایە بۆ لەباربردنی ئەو هەوڵانەی هەردوولا دەیدەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی تورکیاوە.

ماڵپەڕی ئارگەسی بەریتانی، لە راپۆرتەکەیدا باسی گۆڕانکارییەکانى مادەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێمى کوردستانى لە پرۆژەیاساى بودجە کردووە و دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییە بووەهۆى سەرهەڵدانەوەى مشتومڕ و ناکۆکی نێوان هەردوولا. حکومەتی هەرێم گۆڕانکارییەکان بە پێشیلکاریی دەستور و رێککەوتنەکانی نێوانیان دەزانێت.

بەگوێرەى گۆڕانکارییەکە، رێگە بە کۆمپانیای نەوتی سۆمۆی عێراقی دەدرێت، نەوتی هەریم بفرۆشێت، بەڵام هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بدات بە کۆمپانیاکە. سەرەڕای ئەوەش ماوەی پێدانەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراق لەلایەن هەرێمەوە، لە حەوت ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ کەمکراوەتەوە.

بەشێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکە ئەوەیە دەبێت دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە لەو هەژمارە بانکەییەی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی تێدا کۆدەکرێتەوە، لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەکاتێکدایە هەرێم داهاتە نەوتییەکانی لە دوو بانکی لوبنان و تورکیادا دادەنا.

لاوک غەفوری، بەرپرسێکی پێشوو لە حکومەتی هەرێم بە ماڵپەڕەکەى گوتووە، “ئەگەر پرۆژە یاسای بودجە بەمشێوازەی ئێستا تێبپەڕێندرێت، هەرێم کۆنترۆڵی کەرتی نەوت و گاز لەدەستدەدات.” ئاماژەی بەوەشکردووە کە “لەسەرەتادا رێککەوتنەکە ئەو دەسەڵاتەی هەبووە، کە تێیدا هەژماری بانکێکی بیانی لەژێر کۆنترڵیدا دەبوو و بە هەژماری بانکێکی عێراقییەوە دەبەسترایەوە.”

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێشەکە بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی دەبێت بەلادان لە رێککەوتنەکەی پێشووی نێوان محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی، هەرێم رازیبووە بەو گۆڕانکارییە تازەى تایبەت بە کۆنترۆڵی هەژمارە بانکییەکە کراوە. گۆڕانکارییە پێشنازکراوەکانی بودجە کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر رێککەوتنکەی پیشوو کە ئاسانکارییەک بوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

رۆژى 30ى ئایار، دادگای فیدراڵی، درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى بە نادەستوری دانا. مەڵپەڕە بەریتانییەکە دەڵێت، ئەمە وایکرد پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد زیاتر کێشەی تێبکەوێت.

جاسم محەمەد عەبود، دادوەری دادگای فیدراڵیی رایگەیاند، “لە دەستووردا هاتووە ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە و هەر شتێک دژی ئەوە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت.” ئەمەش ئەوەی گەیاند هەر بڕیارێک لەدوای تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە و لەو بەروارەی کە پەرلەمانی تێیدا درێژکراوەتەوە، دەرچووبێت بە پوچەڵ دادەنرێت و هەژمار ناکرێت.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا متمانەی پێدرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو پارتی دەسەڵاتدار لەسەر یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ساڵی 2022 دواخرا.

هەرێم پێشتر رەخنەی لەسیاسەتەکانی دادگای فیدراڵی گرتووە و بە نادادی و سیاسەتی دوژمانکارانە لەبەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان وەسفی کردووە. لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای فیدراڵی رایگەیاند، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستورییە و داوای لە هەولێر کرد سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکانی رادەستی بەغداد بکات.

بەگوتەى غەفوریی، ئێستا فشار لەسەر هەولێر دروستبووە و ئەگەر راجیاییەکان بەردەوام بن، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زیاتر دوادەکەوێت.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button