حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ئەمریکا بەرزترین ئاستی تۆمارکرد

لە ساڵی 2022دا، 49 هەزار و 449 کەس لە ئەمریکا بە خۆکوشتن گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش 3%ی زیاترە لەو 48 هەزار و 183 کەسەی کە ساڵی 2021 بە هەمان هۆکار گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە.

بە جۆرێکی تر، لە ساڵی 2022دا، تێکڕای خۆکوشتن بەڕێژەی 1% بەرزبووەتەوە و بووە بە 14.3 حاڵەت بۆ هەر 100 هەزار کەسێک لە ئەمریکا، لەکاتێکدا ئەو تێکڕایە 14.1 بووە لە ساڵی 2021دا، ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە ساڵی 1941ـەوە تۆمارکرابێت کە بەردەوام لەو ساڵەوە رێژەکە تۆمارکراوە.

بەرپرسانی ناوەندە ئەمریکییە فەرمییەکە دەڵێن، کاتێک ئامارەکانی ساڵی 2022ـیان کۆکردووەتەوە، پێشبینیان کردووە حاڵەتەکانی کوشتن زۆر زیاتر بن، ئەوان دەشڵێن، هەندێک جار تۆمارکردنی حاڵەتێک بە خۆکوشتن دوادەکەوێت چونکە کەیسەکەی ماوەیەکی پێ دەچێت تاوەکو یەکلایی دەبێتەوە.

کاتێکیش باس دێتە سەر رەگەز، حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەناو رەگەزی نێرینەدا لە ساڵی 2022دا بەڕێژەی 1% زیاترە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی و بریتییە لە 23.1 حاڵەت بۆ هەر 100 هەزار کەسێکی نێرینە، رێژەکە لەناو رەگەزی مێینەدا 22.8 حاڵەتە بۆ هەر 100 هەزار کەسێکی مێینە.

لەناو رەگەزی نێرینەدا، حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەناو ئەو کەسانەی تەمەنیان 34 بەرەوخوارە کەمتربووەتەوە، لەکاتێکدا ئەوانەی لە 35 بەرەوسەرترن، زیادی کردووە، بەڵام لەناو رەگەزی مێینەدا، حاڵەتەکە لەناو ئەو کەسانەی تەمەنیان 24 ساڵ و خوارترن کەمیکردووە، بەڵام ئەوانەی 25 ساڵ و بەرزترن زیادی کردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button