سوپاى پاسداران “هەڕەشە” لە خۆپیشاندەران دەکات

خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران فراوانتر دەبێت

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، بە پەیامێکى “هەڕەشەوە” دەرکەوت و گوتى ” ئەمڕۆ کۆتا رۆژى ئاژاوەگێڕییە”، ئەمڕۆش لە رۆژهەڵاتى کوردستان خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوو، دروشمى “تۆڵە” دەگوترایەوە.

حسێن سەلامی، ئەمڕۆ، شەممە، لە  رێوڕەسمى تایبەت بە کوژراوانى مەزارگەى شا چراخ لە شیراز رایگەیاند، کۆتایی بە “خراپەکاری” بهێنن و چیتر مەیەنە سەر شەقام، ئەمڕۆ کۆتا رۆژى “ئاژاوەگێڕییە”، کە ئەو مەبەستى لە خۆپیشاندانەکانە.

هەڕەشەکەى سەلامى، هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندانەکان رۆژهەڵاتى کوردستان، خوێندکارانى بەشی پزیشکى زانکۆى کۆردستان لە سنە، خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.

خوێندکاران دروشمى “ژن، ژیان، ئازادی” و ” دایە مەگرى بۆ رۆڵە، شەرتبێ بسێنین تۆڵە” دەڵێنەوە.

خۆپیشاندانەکە گرژسى لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خوێندکاران کرد، ئەمە بە گوێرەى ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەى بڵاوکراونەتەوە.

رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو رایگەیاند، خوێندکارێک بە گولـلەى هێزە ئەمنییەکان بە سەختى برینداربووە.

خۆپیشاندانەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەدواى چلەى ژینا ئەمینى فراوانتر بوون، پێشتر تەنها بە شەو خۆپیشاندان دەکرا، بەڵام ئێستا بە رۆژ خۆپیشاندانى فراوان دەکرێت.

رۆژى پێنجشەممە خۆپیشاندەران چوونە نێو قایمقامێتى شارەکەیان، ئەوەش دواى ئەوەبوو شەوى پێشوو ئیسماعیل مەولودی 35 ساڵ، بە گولـلەى هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

لە دواى بەخاکسپاردنى تەرمى ئیسماعیل خۆپیشاندانی فراوان کرا، چوار کەسى دیکە کوژران، کە یەکێکیان تەمەنی 15 ساڵ بوو.

ئەمڕۆ خوێندکارانى زانکۆى کرماشانیش خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، رێکراوى مافى مرۆڤى کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک خوێندکار دەستگیرکراون، لەنێویاندا خوێندکارى کچ هەن.

هاوکات لە شاری “ئەراک”ی ناوەڕاستی ئێران خۆپیشاندەرێکی 20 ساڵ بە ناوی “مهرشاد شەهیدی” بە دەستی هێزە ئەمنیەکان کوژرا.

لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنیدا، هاوکات بوو لەگەڵ یادی لەدایکبوونی، خۆپیشاندەران بە دروشمی “لەدایکبوونت پیرۆز ئەی فریشتە” خۆپیشاندانی فراوانیان دەستپێکرد.

 

خۆپیشاندەران دروشمی جیاواز دەڵێنەوە

جگە لە دروشمی سەرەکی “ژن ژیان ئازادی”  و گۆرانی “لەپێناو..” ، خۆپیشاندەران لە سەرجەم شار و ناوچەکان دروشمی جیاواز دژ بە کۆماری ئیسلامی دەڵێنەوە، دروشمەکان بە خێرایی بڵاودەبنەوە و بەشێکیان بریتین لە

“دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەرتبێ بستێنین تۆڵە”

“مەرگ بۆ خامەنەئی”

“مەرگ بۆ پاسدار”

“یەک دەکوژن هەزار بە دوایدا دێت”

“بێ شەرەف”

“ساڵەهایەک لە تاوان، شەرم و عەیبەیە بۆتان”

جگە لەوەش پەلاماردان و خستننەخوارەوەی مێزەری ئاخوندەکان، بۆتە چالاکیەکی کۆمەڵایەتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێنەوە.

 

مانگرتن رێگەیەکی دیکەى ناڕەزایەتیەکانە

بەدەر لە خۆپیشاندانەکان، مانگرتن بووە بە یەکێک لە رێگە کاریگەرەکانی دیکەى ناڕەزایەتیەکان.

لە شارەکانى سەقز، بۆکان، سنە، کرماشان و مەهاباد، هاوڵاتیان مانیانگرتووە و دوکان و بازاڕ داخراون.

کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکان، کە پێشتر مانگرتنیان رایانگەیاندبوو، جارێکى دیکە هەڕەشە دەکەن و دەڵێن، چیتر کارناکەن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە، پزیشکان لە بەردەم رێکخراوی دامەزراوەی پزیشکی ئێران لە تاران کۆبوونەوە بۆ وەستاندنی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنیەکان هەر لەوێدا وەڵامیان دانەوە و پەریسا بەهمەنی، پزیشکی نەشتەرگەری گشتی کوژرا.

ئەمە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی دامەزراوەی پزیشکی ئێران و جێگرەکەی،  بەشێکی دیکە لە پزیشکان بەتایبەتی لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، هەڕەشەی مانگرتن دەکەن.

 

هەڕەشەکانی ئێران و تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و سعودیە

رۆژی چوارشەمە لەلایەن چەکدارێک هێرشکرایە سەر مەزارگەی شا چراخ لە شیراز، 15 کەس لە هێرشەکەدا کوژران، دواتر چەکدارەکەش لە لایەن هێزە ئەمنیەکان کوژرا.

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنیاندا، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران گوتی “خوێنی شەهیدان قەبارەی ئەم پلانگێڕی و فیتنەیەی سەر ئێرانی دەرخست”.

ئەو بە خۆپیشاندەرانی گوت”مەبنە یاری دەستی شەیتان”، روی لە سعودیەش کرد و گوتی “دێین بۆ لاتان، وازتان لێناهێنین و تۆڵەتان لێدەستێنینەوە”.

 

بەگوێرەى راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تاوەکو ئێستا 253 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون، لەگەڵ دەستگیرکردنی هەزاران کەس.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button