ئێران چوار ئەندامی کۆمەڵەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد لەسێدارەدا کە لە هەرێمەوە گەڕابوونەوە

 زووم:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران چوار ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل “مۆساد” لەسێدارەدا، ئەوەش بەگوێرەی ماڵپەری میزان کە هەواڵەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاودەکاتەوە.

ماڵپەڕەکە دەشڵێت، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و هەروەها محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵە و خەڵکی دێولان بوون.

دەشڵێت، ئەو چوار کەسە لە 23ـێی تەموزی ساڵی 2022دا و لەکاتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی دامەزراوەیەکی پیشەسازی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە ئەسفەهان دەستگیرکراون و هەر ئەو کاتە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرانەوە کە گوایە کاتی دەستگیرکردنیانە، دواتر و لە ئەیلولی ساڵی 2023دا، بە تۆمەتی کارکردنی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکەوە، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.

بەڵام رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە گرنگی بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات دەڵێت، ئەو چوار ئەندامەی کۆمەڵە لە تەموزی 2022دا لە گوندی “یەنگەجە” لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون کاتێک ویستوویانە لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە ئەو وڵاتە.

رێکخراوەکە دەشڵێت، ئەو چوار کەسە دوای 18ـی مانگ لە دەستبەسەربوونیان و دوای بێبەشکردنی مافی بوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکانیان، بەیانی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج لەسێدارەدراون.

دەشڵێت، ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ یەکەمجار و دواجار لە بەندیخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام داوە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ بۆ جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج گواسترانەوە.

جیاواز لە سزای لەسێدارەدان بە تۆمەتی ”افساد فی الارض” لەرێگای هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، ئەو چوار کەسە هەر  یەکەیان بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ سزای 10 ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button