“خەریکە لە دەستى مرۆڤایەتى دەردەچێت”.. پلەى گەرمى زەوى ئاستی پێوانەیی تۆماردەکات

شارەزایانى کەشوهەوا دەڵێن، راگرتنى پلەى گەرمى زەوى لە 1.5 پلەدا خەریکە لە دەستى مرۆڤایەتى دەردەچێت. ئەمساڵ چەندجارێک و لە چەند رۆژێکى جیاوازدا پلەى گەرمى ئەو سنورەى تێپەڕاندووە.

ساڵانێکە بەرپرسانى رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارى لە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى دەدەن و دەڵێت، سەرەڕای چەندین قەیرانی سیاسی، ئابووریی و ئەمنی، بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى زەوی دەبێتە قەیرانێکى سەخت بۆ مرۆڤایەتى.

پلەى گەرمى زەوى، لە 1.5 پلەدا لەسەردەمى شۆڕى پیشەسازیدا تۆمارکراوە، ئەوکات تێکڕای پلەی گەرمی دەوری گۆی زەوی 13.7 پلەی سلیزی بوو، بەڵام لە ئێستادا بۆ 14.9 پلە بەرزبووەتەوە.

پێشتر ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا و گوتى وڵاتە زلهێزەکان، هەنگاوی پێویستیان نەناوە بۆ کەمکردنەوەی گەرمبوونی زەوى و رێگرى لە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا.

بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى بۆ سەروو 1.5 پلە، یەکەمجارە لە نیوەگۆی باکوری گۆی زەوی تۆماردەکرێت، کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە و وەرزی هاوینیان لە 1ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات. سەڕەڕایی ئەوەش پلەکانی گەرما لە مانگی نیسان و ئایارى ئەمساڵدا لە سەرانسەری جیهاندا ئاستی پێوانەیەیی تۆمارکردووە.

سارا پێرکینس، شارەزای کەشوهەوا لە زانکۆی نیو ساوس وێلزی ئوسترالیا دەڵێت، “کاتمان نەماوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، چونکە گۆڕانکاریی کاتێکی زۆری پێویستە.”

لە شوباتى ئەمساڵدا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى، ئاستی ئاوی دەریاکان لە جیهاندا زۆر خێرا بەرزدەبێتەوە، ئەم بەرزبوونەوە بێوچانەش مەترسی لەسەر چەندین وڵات دروستکردووە، لەوانەش بەنگلادیش، چین، هیندستان و هۆڵەندا و ژیانی 900 ملیۆن کەس کە لەو ناوچە نزمانەدا دەژین، دەکەوێتە مەترسییەوە.

مانگی رابردوو پلەکانی گەرما لە پەکینی پایتەختی چین ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و شەپۆلی گەرمای بەهێزیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە. ئەمەش لەکاتێکداییە ماوەی چەند مانگێکە دوکەڵی ئاگری دارستانەکانی کەنەدا بووەتە مەترسییەکی جدی بۆسەر دانیشتوانی ئەو وڵاتە.

سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتن بەکارهێنانی سوتەمەنی کەمبکەنەوە و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەژێر ئەو 1.5 پلەیەدا بهێڵنەوە، بەڵام لە ئێستادا بە ئەگەری 66% پێشبینی دەکرێت پلەکە بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو لە ئێستاوە تا ساڵی 2027 ئەو ئاستە دیاریکراوە تێپەڕێنێت. لەکاتێکدا ئێستا تەنها چەند رۆژێک ئەو پلەى تێپەڕاندووە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای سەر رووی زەوی، پلەکانی گەرمای زەریاکانیش روویان لە بەرزبوونەوەیە، بەمەش زیانێکی زۆر بە ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان دەگەیەنن. مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا، بە هەزاران ماسی لەناوچوون و چەندین شێری دەریا و دۆلفینیش لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەناوچوون، کە هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەریاکان دەگەڕێتەوە.

ئەگەر پلەی گەرمى دەریا و زەریاکان بەرزبێتەوە، ئەوا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی باران. ئەمەش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دووبارە بەرزبووەنەوەی پلەکانی گەرما.

بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لوتکەی گۆرانکاری کەشوهەوای سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لە دوبەی بەڕێوەبچێت کە تایبەتە بە چارەسەری کێشەکانی ژینگە و کەشوهەوا. هەفتەی داهاتووش چین و ئەمریکا بەنیازن لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەن، کە تێیدا جۆن کێری، نوێنەری کەشوهەوای ئەمریکا، سەردانی پەکین دەکات. بەڵام وەک گۆتەرێس دەڵێت،  تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمبوونی گۆى زەوی بە “موعجیزە” لەژێر 1.5 پلەی سلیزیدا بمێنێتەوە، ئەوا بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى دەریاکان هەر بەردەوامدەبێت، کە خێراترین ئاستە لە ساڵى 1900ـەوە.

بەگوێرەى داتاکانی رێکخراوی کەشناسی جیهانی، ئەگەر پلەی گەرمبوونی زەوى لە 1.5یشدا بمێنێتەوە، ئاستی ئاوی دەریاکان 2 بۆ 3 مەتر هەر بەرزدەبنەوە، خۆ ئەگەر پلەکە بگاتە سەرووی دوو پلە، ئەوا ئاستی ئاوی دەریاکان شەش مەتر بەرزدەبنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button