مۆتەکەى ژنانى ئێران سڕکرا

سەرپۆشەکەى ژینا لە ملى پۆلیسی ئەخلاق ئاڵا

31 ساڵە پۆلیسی ئەخلاق لەسەر شەقامەکانە

هەرکەس سەرپۆشەکەى خوار بێت، یەخەى دەگرن.

بەڵام ئەمجارە سەرپۆشەکەى ژینا لە ملى ئەوان دەئاڵێت.

ژنانى ئێران ناچار بە سەرپۆش کراون، تەنانەت بۆ گەشتیاریش هەروا مامەڵە دەکەن

پۆلیسی ئەخلاق وەک مۆتەکەى ژنان دەبینرێت، دەیانجار خۆپیشاندان لە دژى رێکارەکانیان کراوە.

مەرگى ژینا ناڕەزایەتییەکانى گەیاندە لوتکە.

ئەو، دواى دەستگیرکردنى لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقى تارانەوە لە رووداوێکى تەمومژاویدا گیانى لەدەستدا.

بەردەوامى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کۆماى ئیسلامى ناچار بە سڕکردنى کارى پۆلیسی ئەخلاق کرد.

محەممەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتی ئێران ئاشکرایکرد، کارى پۆلیسی ئەخلاق هەڵپەسێردراوە و  پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش کار لەسەر یاسای باڵاپۆشی دەکەن، ئەنجامەکەیش تاوەکو 15 رۆژی دیکە ئاشکرا دەکەن.

داواکاری گشتی ئێران:

 یاسای باڵاپۆشى زۆرینەى کۆمەڵگەى ئێرانی هەراسانکردووە

ئەو دەڵێت، نایانەوێت بەتەواوی پۆلیسی ئەخلاق هەڵبوەشێننەوە، بەڵام دامەزراوە ئەمنی و رۆشنبیریەکانی ئێران بەدوای چارەسێکی راست و دروست بۆ پرسی باڵاپۆشی دەگەڕێن، سیستمی دادوەری سەرقاڵی ئامادەکردن و دارشتنی رەشنوسی یاسایەکە، کە تایبەتە بە باڵاپۆشی و پاکیزەیی.

دروشمى سەرەکى خۆپیشاندانەکان “ژن، ژیان، ئازادی”یە، ژنان بەشێکى سەرەکى خۆپیشاندانە 10 هەفتەییەکەییەکەى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستانن.

ئەحمەد راستینە، گوتەبێژی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا گوتى، پێویستیان بە یاسایەکی نوێی تایبەت بە باڵاپۆشییە.

ماوەیەکە لەنێو زانکۆکانیش کۆبوونەوە و کۆنفرانس لەژیر ناوی”بیرکردنەوەی ئازاد” لەبارەى باڵاپۆشی بەڕێوەدەچێت.

بەڵام بەرەی بنئاژۆخوازان هێشتا سورن لەسەر مانەوەى یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ و نایانەوێت گۆڕانکارى تێدا بکرێت.

پۆلیسی ئەخلاق، کە کۆتایی پێهێنانى، داواکارى سەرەکى خۆپیشاندەرانە، لە 5ى تشرینى یەکەمى 1991 دامەزرا و سەر بە فەرماندەیی گشتى پۆلیسی وڵاتەکەیە.

دەورییەکانى، خەڵکى رقئەستورتر کردووە، هەر ئەوەشە وایکردووە، خەڵکى روبەڕوی گولەى هێزە ئەمنییەکان بوەستنەوە، تەنها لەپێناو ئازادى، وەک خۆیان بە دەنگى بەرز دەیڵێنەوە.

کوژرانى 450 کەس لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە، کە نزیکەى 30 کەسیان ژنن، سوربوونى خەڵک نیشان دەدات بۆ کۆتایهێنان بەو حکومەى ئێستا پەیڕەو دەکرێت

هەواڵی زیاتر

Back to top button