ئەو پیاوەی خومەینی گەڕاندەوەو کەس نەیناسی!

سیخوڕێکی فەرەنسی 30 ساڵ لە ئێران ژیا و لەوێش مرد!

رۆژی 1ی شوباتی 1979 سەعات 9 و بیست خولەکی بەیانیی بەکاتی تاران، ئیمام خومەینی کە بوو بە رەمزێکی سەرەکی و دیاری شۆڕشەکە، دوای 14 ساڵ دووری لەوڵاتەکەی بە فڕۆکەیەکی ئێرفرانس گەڕایەوە ئێران و ملیۆنان کەس چووبوون بە پیرییەوە تا چاویان پێی بکەوێ.

کاتێک خومەینی دەرکەوت کە بەهێواشی لەسەر پلیکانەی فڕۆکە فەرەنسیەکە دێتە خوارەوە، پیاوێکی سمێڵ تاشراو کە بۆ ئەو کاتەی کۆمەڵگەی ئێران و خودی شۆڕشەکە روخسارێکی دەگمەن بوو، دەستی چەپی درێژکردووەو خومەینی دەستی پێوەگرتووەو هەنگاو دەنێ.

نەک بۆ ئاپۆڕای خەڵکە تێکڕژاوەکە، بەڵکو بۆ ئەو سەرکردە و رێبەرانەیشی چووبوونە پێشوازی خومەینی، ئەو پیاوە ناسراو نەبوو. تا 30 ساڵ دواتریش کەس نەیناسی.

ئەو فڕۆکەیەی کە ئیمام خومەینی لە فەرەنساوە هێناوە بۆ ئێران، پڕبوو لە راوێژکارانی خومەینی و رێبەرانی شۆڕش کە دژی شا خەباتیان دەکرد. بەڵام کاتێک خومەینی لەسەر کورسی ناوفڕۆکەکە هەستا تابچێتە دەرەوە، ئەو پیاوە سمێڵ تاشراوەی پێشخست تا دەستباریبێ لە دابەزیندا نەک ئەحمەدی کوڕی یان راوێژکارە نزیکەکانی خۆی!

لەبەر ئەوەی شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوتووبوو، خەڵک و رێبەرەکانی لە نەشئە و شەوقی سەرکەوتنەکاندابوون  بۆیە بایەخیان بەوە نەدا ئەو پیاوە کێیە کە دەستی ئیمامەکەیانی گرتووە و لە فڕۆکەکە دایگرت.

31 ساڵ دوای گەڕانەوەی ئیمام خومەینی ناسنامەی ئەو پیاوە نامۆیە ئاشکرابوو ئەویش (ژێرارد ژان فابین باتاوش)ی فەرەنسی بوو کە پاشان ئاشکرابوو سەر بە دەزگای ئیستخباراتی فەرەنسایە و بە تایبەت ئەرکدارکراوە تاوەکو لەگەڵ ئیمام خومەینیدا بێ.

باتاوش بە ئەسڵ خەڵکی جەزائیرەو خێزانەکەی وەکو پەناهەندە چوونەتە فەرەنسا. لەسەر پاسپۆرتەکەی ئاماژە بەوەدراوە کە 10ی 5ی 1943  لەدایکبووە، دوای ئەوەی لە زانکۆ کچێکی خۆشدەوێت و دەبنە هاوڕێ، بۆی دەردەکەوێت ئەو کچە ئێرانییەو ناوی بێتا-یە پاشان هاوسەرگیری دەکەن و دەبنە دایکوباوکی کچ و کوڕێک.

دوای تەواوکردنی زانکۆ، باتاوش پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە دەکات و لەوێ وەکو مەئمووری شاراوە ئەرکی پێدەسپێرن و بێجگەلە ئێران، لە لوبنان و بەریتانیا و ئیسپانیا کاری سیخوڕی کردووە.

نزیکبوونەوە لە خومەینی

ئەو ماوەیەی ئیمام خومەینی لە فەرەنسابوو، پۆلیسی فەرەنسا چەندین کەس دەنێرێت تا وەکو پاسەوانی خومەینی بکەن لە شوێنی مانەوەی خۆی لە “نۆفڵ لۆشاتو” بەڵام ئەو رەتیان دەکاتەوە. دواجار رازی دەبێ باتاوش لەگەڵیدا بمێنێتەوە چونکە توانیویەتی بە فارسی قسە بکات.

بەدرێژایی 116 رۆژی مانەوەی ئیمام خومەینی لە نۆفل لۆشاتۆ، پەیوەندییەکی زۆر دروست دەبێ لەنێوانیاندا و متمانەی خومەینی و ئەحمەدی کوڕی بەدەست دەهێنێ.

ئەو رۆژەی کە بڕیار دەدرێ خومەینی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران، باتاوش بەرگی رەسمی فڕۆکەوانیی لەبەر دەکات کە هەرگیز فڕۆکەوانیشی نەکردووە، هاوسەفەری ئیمام خومەینی دەبێ تەنانەت لە فڕۆکەکەیش بە دەستی خۆی لە پلیکانەکان دەیهێنێتە خوارەوە.

جێرارد باتاوش چونکە خۆی مەسیحیی بووە، ئەو ساتەی کە لە فڕۆکە لەگەڵ ئیمام خومەینی دادەبەزێ بە “ساتێکی مێژوویی هاوشێوەی دابەزینی حەزرەتی مەسیح” وەسفی دەکات

باتاوش دەیگێڕێتەوە کە لە فڕۆکەکە دابەزین، بە ئەحمەدی کوڕی خومەینی دەڵێت: دەمەوێ بۆ هەمیشە لە ئێران بمێنمەوە ئایا رێگەم پێدەدەن؟

ئەحمەد خومەینی دەڵێت: ئایا حکومەتی فەرەنسا کێشەت بۆ دروست ناکات ئەگەر وا بکەی؟

باتاوش دەڵێت: خۆم خانەنشین دەکەم و دەمەوێ بێم لە ئێران بژیم.

دوای ئەم گفتوگۆیە، ئیتر باتاوش بڕیار دەدات بۆ هەمیشە لە ئێران بژی بەڵام بەو مەرجەی کەس نەیناسێ و ناسنامەی ئاشکرا نەبێ!

30 ساڵ نادیاری

ساڵی 2009 پیاوێکی پیری سەروریش سپی دەچێت بۆ ناوەندی ئەرشیف و بەڵگەنامەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لەوێ خۆی بە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەوێ ئاشکرا دەکات کە هەمان ئەو پیاوەیە کە دەستی ئیمام خومەینی گرتووەو لە فڕۆکە دەیهێنێتە خوارەوە!

بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەو دامەزراوە رەسمیەی ئێران توشی سەرسوڕمان دەبن کە ئەو چیرۆکە دەبیستن. دەڵێن چۆنە ئەونە ساڵە نادیاریت؟ کەچی باتاوش دەڵێت هەر لە ئێران دەژی بەڵام وەکو ئاوارەو لێقەوماوێک. هەروەها ئاشکرای دەکات کە ژنەکەی لێی جیابووەتەوەو کچ و کوڕەکەی لە ئەمریکا دەژین!

هەرچەندە ساڵی 2008 رۆژنامەی ” لۆفیگارۆ”ی فەرەنسی بۆ یەکەمجار چیرۆکەکەی ژێرارد باتاوشی ئاشکراکرد، بەڵام زۆر بایەخی پێنەدرا لە ئێران یان هەر پێیان نەزانی.

باتاوش دوای ئەوەی دینی خۆی دەگۆڕێت لە مەسیحییەوە بۆ ئیسلام، ناوی خۆیشی دەگۆڕێت بە رەزا باتاوش. تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە ئێران دەمێنێتەوەو رۆژی 11ی شوباتی2016 لە تاران کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەناوبانگی بەهەشتی زەهرا بە خاک دەسپێردرێ.

چەند رۆژێک  پێش ئەوەی بمرێ لە یادی گەڕانەوەی ئیمام خومەینیدا بەشداری دەکات و بە زمانی فارسی هاوار دەکات مەرگ بەر ئەمریکا.. مەرگ بەر ئیسرائیل!

هەواڵی زیاتر

Back to top button