بۆ دانانى پشووى غەدیر نوێژى سوپاسگوزاری ئەنجام دەدرێت

 زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان


شەرقلئەوسەت

لەنێو گەرمەى جەنگی سوداندا دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە زیادبووندایە

ئەمیرە عوسمان، سەرۆکی کەمپینى “نابۆ تێکشکاندنى ژنان” رایگەیاند، ژمارەیى ئەو کچ و ژنانەى لەنێو کەمپ و گۆڕەپانەکانى جەنگدا لە سودان رۆژانە رووبەڕووى توندوتیژى و دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە روو لە هەڵکشانە.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵەکانى جیهانى عەرەب بڵاویکردبووەوە، ژمارەى ئەو ژنانە بەرەو زیادبوون دەڕۆن و لەماوەى سێ مانگی رابوردوودا 14 حاڵەت تۆمارکراوە، کە لە ئەنجامى دەستدرێژیی سێکسی شەشیان دووگیان بوون.
ئەمیرە عوسمان دەڵێت، لەبەرئەوەى کۆمەڵگەى سودان کۆمەڵگەیەکى نەریتى دواکەوتووە و حکومەتیش ناتوانێت بەرگری لەو ژن و منداڵانە بکات رووبەڕووى کێشەى کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆیە داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کردووە بەدەم ژنانى سودانەوە بچن.

سەباح

بۆ دانانى پشووى غەدیر نوێژى سوپاسگوزاری ئەنجام دەدرێت
موقتەدا سەدر، سەرکردەى رەوتى سەدر، لە تۆری ئێکس سوپاسی سەرجەم ئەندامانى پەرلەمانى عێراقى کرد کە دەنگیان داوە بە پرۆژەیاساى پشووەکانى عێراق و لەنێویاندا پشووى رۆژى غەدیریان کردووەتە فەرمی و گوتی، پێویستە لەسەر هەمووان سبەینێ هەینى لەنێو مزگەوتەکانى عێراق سەرجەم موسڵمانان دوو رکات نوێژى سوپاسگوزاری ئەنجام بدەن بۆ سەرکەوتنى ئەو پرۆژە گرنگە.
لە لایەکى دیکەوە رۆژی 16ـى ئازارى هەموو ساڵێک کرایە پشوو، کە ساڵڕۆژی کیمیابارانى هەڵەبجەیە و ئەمەش کاردانەوەى زۆری لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى کوردستاندا لێکەوتەوە، بەشێکى زۆر لە کاردانەوەکان نووسیویانە، ئەوەى پەرلەمانى کوردستان نەیکرد، پەرلەمانى عێراق کردى.

دەستوور

بەرنامەى وەزارەتى پەروەردە دەگۆڕێت
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیى ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، بە هاوکاریی هەردوو رێکخراوى یونسێف و یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پلانێکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى عێراق داڕشتووە، بۆ ئەوەى هەنگاوێک پەروەردە ببەنە پێشەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناغى یەکەمدا 100 هەزار مامۆستا و 30 هەزار قوتابخانە دەخەنە نێو پرۆسەکەوە.
وەک باڵێۆزی ئەوروپا ئاشکراى کردووە، ئەوان کار لەسەر چوار بنەماى سەرەکیی گۆڕانکاریی دەکەن، کە بریتین لە؛
• یەکەم سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیاى سەردەم.
• دووەم بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان قوتابخانە و کۆمەڵگە.
• سێیەم بەشداریی پێکردنى کۆمەڵگەى مەدەنى لە پرۆسەى پەروەردەدا.
• چوارەم بەهێزکردنى تواناى مامۆستایان لە روانگەى زانستى و پەروەردەییەوە.
ساندرا لەتوف، نوێنەری یونسێف لە عێراق دەڵێت، لەم رێگەیەوە عێراق لە هاوکاریی مرۆییەوە دەگوازینەوە بۆ پەرەپێدانێکى ماوەدرێژ و بەردەوام.

عەرەب

واشنتن دەیەوێت نەوتى هەرێمى کوردستان نەچێتە دەستى چینەوە
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى عێراق، تورکیا و هەرێمى کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆدان سەبارەت بەو زیانەى بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى کوردستان لەڕێگەى بەندەری جەیهانى تورکیاوە کردوویانە.
فیدانت باتیل، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى بەندەرى جەیهانەوە سوودى سەرەکى بۆ هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیا چینییەکانى بوارى نەوت و غاز لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستیان بە جووڵە کردووە و ئەمریکا نایەوێت نەوتى هەرێمى کوردستان بچێتە دەستى ئەوانەوە، بەتایبەتى چین هاوپەیمانێکى گەورەى ئێرانە.

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی مەیڵ

ریشی سوناک: ئێستا کاتی ئەوەیە بەریتانیا داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت

رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیویەتى، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاری کۆتاییدا و 4ـی تەمموزی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەی دیاریکرد.
ریشی سوناک لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، بەڵێنیدا بەردەوامبێت لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان و کۆچی نایاسایی لە بەریتانیا.

ئۆرشەلیم پۆست

خێزانی بارمتەکان ڤیدیۆی رفاندنی کچەکانیان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بڵاودەکەنەوە

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی بڵاوکردەوە کە لەئێستادا زۆربەی میدیاکان باسی دەکەن، ئەویش ئەو گرتە ڤیدیۆییەیە کە خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە.
مێژووی گرتە ڤیدیۆییەکە دەگەڕێتەوە بۆ 7ـی ئۆکتۆبەر، ئەو کاتەی حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل.
لە گرتەکەدا دەردەکەوێت ژمارەیەک لە سەربازە کچەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لەلایەن سەربازانی حەماسەوە رفێندراون و شوێنەواری ئەشکەنجە و خوێن بە رووخساریانەوە دیارە.

واشنتن پۆست

گۆشەگیری ئیسرائیل لە ئەوروپا بەرفراوانتر دەبێت

تاوەکو دێت پشتیوانییەکانی ئەوروپا بۆ دەوڵەتی فەلەستین زیاد دەبن؛ ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بڕیاریاندا رۆژی 28ـی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیویەتى، سەرکردەکانی ئەو سێ وڵاتە دەیانەوێت بەم بڕیارە ئیسرائیل والێبکەن پەنا بباتەبەر چارەسەری دوو دەوڵەت.

فاینانشەڵ تایمز

پارتی راستڕەوی توندڕەوی ئەڵمانیا لە گێژاودایە

پارتی راستڕەوی توندڕەوی ئەڵمانیا لە گێژاودایە، دوای ئەوەی کاندیدی یەکەم پشتیوانی خۆی بۆ هێزی ئاسایشی تایبەت دەربڕی، کە هێزێکی نیمچە سەربازیی سەرەکی نازییەکانە و دواتریش بەهۆی ئەو پشتیوانییەوە لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی ئەوروپا کشایەوە.
ماکسیمیلیان کرا، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و کاندیدی یەکەمی پارتی راستڕەوی توندڕەوی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمز گوتی، هەموو ئەوانەی لە حکومەتی نازیدا خزمەتیان کرد تاوانبار نەبوون.

 

رۆژنامە تورکییەکان

قەرار

داودئۆغڵو دەڵێت، دادگا لایەنگریی دەکات
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتى پێشکەوتن لەبارەى بڕیارەکەى دادگا لەسەر دۆسیەى کۆبانی و سزادانى سیاسییەکانى باکوورى کوردستان رایگەیاند، دادگا بووەتە ئامڕازێک بۆ کەرەستەیەکی سیاسیی و بەشێک لە رێککەوتنە سیاسییەکان، لەلایەک دەستگیرکراوانى دۆسیەى کۆبانی سزادران و لەلایەکی دیکە فەرماندەکانى دۆسیەى کودەتاکەى 28ـى شوبات ئازادکران، “با بپرسین بۆچی بڕیارى دۆسیەى کۆبانی 10 ساڵى خایاند؟ ئایا لە دەرەنجامی بڕیارەکەى دادگا چ رێککەوتنێک کراوە؟”

 


سۆزجو

هاووڵاتیان لە زۆرى رێژەى هەڵاوسان رەشبینن
محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا رایگەیاند، ئابووریی وڵات باش دەکەن و ئامانجیانە لە کۆتایی ئەمساڵ رێژەى هەڵاوسان بۆ 30% کەمبکەنەوە و لە ساڵى 2025 بیگەیەنە 10%.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هاووڵاتیانی تورکیا نیگەران لە رێژەى هەڵاوسان بۆ 75% و لە بەرنامەکەى حکومەتیش بۆ دابەزاندنى هەڵاوسان رەشبینن.

جمهورییەت

100 رۆژ بەسەر دیارنەمانى کرێکارەکان تێدەپەڕێت
100 رۆژ بەسەر رووداوەکەى داڕمانى کانە ئاڵتونییەکە لە شارۆچکەى ئیلیچی سەربە پارێزگاى ئەرزینجان تێپەڕی، تائێستا نەتوانراوە تەرمی نۆ کرێکار دەربهێندرێنەوە و کەسوکارى قوربانیان دەڵێن، کەموکورتی لە ئامادەکردنى راپۆرتی بەدواداچونى رووداوەکە هەیە و هەوڵەکانى حکومەتیش بە کەم تەرخەم دەبینن.

 


میللییەت

ئاک پارتى پڕۆژە یاسایەک بۆ سەگی بێلانە ئامادەدەکات
فراکسیۆنى ئاک پارتى لە پەرلەمانى تورکیا پڕۆژەیاسایەکى لەبارەى سەگى بێلانە ئامادەکردووە و پێشنیاز کراوە سەگەکان لە رێگەى دەرزییەکەوە بۆ ماوەى 30 رۆژ بێهۆش بکرێن.
هەندێک لە لایەکان تانەیان لە پڕۆژەکەى ئاک پارتى داوە و بە تاوانی دژ بە ئاژەڵى ناودەبەن.
عومەر چەلیک، گوتەبێژى ئاک پارتى رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە کارى لەسەر دەکەین و هێشتا لەوبارەیەوە بڕیارى کۆتاییمان نەداوە.

 

رۆژنامە فارسییەکان

کار و کارگەر

سزاکان چۆن کاریگەرییان لەسەر سەلامەتی فڕۆکەکانی ئێران هەیە؟
تێکڕای تەمەنی فڕۆکەکانی ئێران نزیکەی 28 ساڵە کە زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە.
کۆمپانیای ئێران ئایر، کە هێڵی ئاسمانیی سەرەکیی ئێرانە، تائێستا هەندێک فڕۆکە بەکاردەهێنێت تەمەنیان نزیکەی 40 ساڵە.
دوای ئەوەی ئێران لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان گەیشتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی، بەشێک لە سزاکانی رۆژئاوا هەڵگیران و تاران توانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ و ئەیرباس بە بەهای زیاتر لە 40 ملیار دۆلار واژۆ بکات بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی ئاسمانی، بەڵام ئەو پلانە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 کێشەى بۆ دروستبوو، سەپاندنی سەدان سزای دیکە بوون بە هۆکاری مەترسی و پەککەوتنی کەرتى فڕۆکەوانى ئێران.

 

تەجارەت

سیاسەتی دەرەوەی ئیبراهیم رەئیسی بوو بە هۆکاری تۆفانی ئەقسا

کاتێک ئیبراهیم رەئیسی، هاتە سەر دەسەڵات، میدیای رۆژئاوا وەک “توندڕەو” ناساندیان و ئێران لە سەردەمی ئەودا لەسەر رێگەکانی پێشوو بەردەوام بوو. کاتێک هاتە سەر دەسەڵات، پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ حوسییەکانی یەمەن و فەلەستینییەکان زیادی کرد و ئەنجامەکەی لە هێرشە بەرفراوانەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیلییەکان نیشاندرا.
هەروەها پەیوەندی نێوان تاران و مۆسکۆ دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین پێشخرا، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید 136ـى بۆ روسیا نارد.

کەیهان

لە ریوڕەسمەکاندا 69 سەرۆک و بەرپرسی وڵاتان رێزیان لە رەئیسی و هاوەڵانی گرت

دوێنی لە بەرزڕاگرتنی یادی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و هاوڕێکانیدا 69 سەرۆک و بەرپرسی باڵای وڵاتان و رێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی تاران ئامادە بوون.
رێوڕەسمی رێزگرتن لە تەرمی سەرۆککۆمار و هاوەڵانی بە بەشداری بەرپرسانی ئەم وڵاتانەوە بەڕێوەچوو؛ ئەمیری قەتەر، سەرکردەی نەتەوەیی تورکمانستان، سەرۆکەکانی تونس، سوریا و تاجیکستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاکستان، ئەرمینیا و ئازەربایجان، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، جەزائیر، کازاخستان، دومای روسیا و سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان و مەجلیسی باڵای ئۆزبەکستان، جێگرانی سەرۆککۆماری تورکیا و هیندستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی قرغیزستان لەو بەرپرسە باڵایانەن بەشدارییان کردووە لە پرسەکان لە تاران و سەرەخۆشیان لە بەرپرسان و خەڵکی ئێران کرد.

هونەرمەند

بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نەشیاو 35 کەس لە لایەن پۆلیسی ئەلیکترۆنی دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە

سەردار وەحید مەجید، بەرپرسی پۆلیسی فەزای ئەلیکترۆنی رایگەیاند، بە مەبەستی پاککردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگە تێکبدات، بە نمونە سووکایەتیکردن، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ یان هەر ناوەڕۆکێکی پێچەوانەی ئەخلاق و ناکۆک لەگەڵ ئایین و خەڵکی ئێران، لەسەر ئەم رووداوە لە رۆژانی رابردوودا، 550 تێبینی لەسەر لە 80 ماڵپەڕ کە لە فەزای مەجازیدا چالاکن تۆمارکراون.
بەهۆی ئەم تاوانکارییانە 35 رێوشوێن گیراوەتەبەر، لەوانەش ئاگادارکردنەوە و بانگهێشتکردن و رەوانەکردنی دۆسیەی کەسانی سەرپێچیکار بۆ دەسەڵاتی دادوەری.

هەواڵی زیاتر

Back to top button