داهێنانی تازە..کۆرپەلەی دەستکرد

بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپەڕى گاردیان، زانایانی بەریتانیا لەڕێگەی خانەی بنەڕەتی مرۆڤەوە توانیویانە کۆرپەلەی دەستکرد دروستبکەن، بەشێوەیەک چیتر پێویستی بە هێلکە و سپێرم نەبێت.

زاناکان دەڵێن، ئەمجۆرە کۆرپەلەیە هاوشێوەی هەمان کۆرپەلەیە کە لەسەرەتاکانی دروستبوونی مرۆڤەوە پەیدادەبێت، دەتوانێت پەنجەرەیەکی گرنگ لەسەر تێکچوونە جیناتییەکان و هۆکارە بایۆلۆژییەکانی لەبارچوونی کۆرپەلە بکاتەوە.

بەڵام داهێنانەکە كێشەیەکی ئیتیکی و یاسایی دروستدەکات بەوپێیەی دروستکردنی کۆرپەلە لەنێو تاقیگەکان لەدەرەوەی یاسای بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندایە.

سەرەڕای ئەوەی پێکاتە تاقیگەییەکە دڵی نییە لێبدات یان مێشکی بۆ دروست نابێت، چەندین خانە لەخۆدەگرێت، کە دەتوانن وێڵاش و پەردەی دەوری کۆرپەلە و کۆرپەکەلەکە خۆی دروستبکات.

پرۆفیسۆر ماگدالینا زێرنیکا لە زانکۆی کامبریج و پەیمانگای تەکنەلۆجیای کالیفۆرنیا راگەیاند، دەتوانین کۆرپەلەی هاوشێوەی مرۆڤ دروستبکەین، لە رێگەی دووبارە پرۆگرامکردنەوەی خانەی کۆرپەلەییەوە.

داهێنانە پزیشکییەکە، تازەیە و دیار نییە کەی لەداهاتوودا دەتوانرێت لە تاقیگەکاندا بەردەست بێت. لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا نایاساییە کۆرپەلەی ئاوا بخرێتە نێو منداڵدانەوە، تاوەکو ئێستا روون نییە ئەم پێکهاتە کۆرپەلەییە توانایان هەیە بەردەوام گەورە ببن و قۆناغە سەرەتایییەکان تێ بپەڕێنن.

ئەم هەنگاوە بۆ زانایانی ئەو بوارە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت، بۆ تێگەیشتن لە سندوقە رەشەکەی ماوەی گەشەکردنی کۆرپەلە، چونکە لە ئێستادا لە بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان تەنها رێگە بەوە دەدرێت لە پێش تەمەنی 14 رۆژییەوە کۆرپەلە لە تاقیگەدا بچێندرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت و دوای ئەو کاتە کارێکی نایاساییە.

رۆبن لۆڤێل، سەرۆکی بەشی بایۆلۆجی خانەی بنەڕەتی و گەشەسەندنی بۆماوەیی لە زانکۆی فرانسیس کریک لە لەندەن دەڵێت، “بیرۆکەی داهێنانەکە ئەوەیە ئەگەر لەرێگەی خانەی بنەڕەتییەوە کۆرپەلەیەکی مرۆڤ گەشەپێبدەین، دەتوانین زانیارییەکی یەکجار زۆر ببزانین لەبارەی ئەوەی ئێمەی مرۆڤ چۆن دروستدەبین و لەکوێدا چ شتێک هەڵە گەشە دەکات، ئەمەش بەبێ ئەوەی پێویستیمان بەوە هەبێت کۆرپەلەی بچوکی ئاسایی لە توێژینەوەکانماندا بەکار بهێنین.”

لەبارەی داهێنانەکەوە تاوەکو ئێستا چەند پرسیارێک هەن هێشتا وەڵامیان نەزانراوە، یەکێک لەو پرسانە ئەوەیە ئایا ئەو پێکهاتانە توانایان هەیە گەشە بکەن و ببن بە دروستکراوی زیندوو.

بەگوێرەى تاقیکردنەوەکان کە لەسەر مشک ئەنجامدراون، ئەو کۆرپەلانە هاوشێوەی هەمان کۆرپەلەی ئاسایین. بەڵام کە خراونەتە نێو منداڵدانی مشکەوە، کۆرپەلەکان هیچ گەشەیەکیان نەکردووە بۆ ئەوەى ببن بە بوونەوەری زیندوو لە ژیاندا. هەمان تاقیکردنەوەش لە چین لەسەر مەیمون ئەنجامدرا، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە دانانی کۆرپەلەکان لەنێو منداڵداندا، کۆرپەلەکان گیانیان لەدەستدا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button