ئایین یان هەژاریی.. کامیان پاڵنەرى سەرەکى چوونە نێو گروپە توندڕەوەکانن؟

“هەژاریی” پاڵنەرى سەرەکییە بۆ چوونە نێو گروپە توندڕەوەکان نەک “ئایین”، ئەمە ئەنجامى تازەترین راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکانە سەبارەت بە هۆکارى پەیوەندیکردنى ئەفریقییەکان بە گروپە توندڕەوەکانەوە.

پرۆگرامى گەشەپێدانى سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکى سەبارەت بە هۆکارەکانى پەیوەست بوون بە گروپە توندڕەوەکان لە ئەفریقیا بڵاوکردەوە و راوبۆچوونى سەدان کەسى لە هەشت وڵات لەوباریەوە وەرگرتووە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە تەنها لە 17%ـى ئەوانەى بەشدارى راپرسییەکەیان کردووە دەڵێن “ئایین” هۆکارى چوونە نێو گروپە توندڕەوەکانە، لەکاتێکدا 40% دەڵێن “هەژاریی” پاڵنەرى سەرەکییە بۆ پەیوەندیکردن بەو گروپانەوە.

هەروەک راپۆرتەکە ئاماژەى بۆ کردووە، خوێندن رۆڵى گرنگ لەم بابەتەدا دەگێڕێت، وێنە (1)ئەو کەسانەى ساڵانێکى زیاتر لە خوێندن بەردەوام دەبن، ئەگەرى پەیوەندیکردنیان بەو گروپانەوە بە رێژەیەکى زۆر کەم دەبێتەوە.

ئەنجامەکانى ئەم راپۆرتە گومان دەخاتە سەر ئەو بیروباوەڕە باوەى کە پێیوایە ئایین هۆکارى سەرەکى پەیوەندیکردنە بە گروپە توندڕەوەکانى لە نموونەى بۆکۆحەرام و بزوتنەوەى گەنجانى سۆماڵ و لقەکانى رێکخراوى ئەلقاعیدە.

لە راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو هەزار و 200 کەس کراوە لە هەشت وڵات کە ئەوانیش وێنە (2 ) (بۆرکینافاسۆ و کامیرۆن و چاد و مالى و نەیجەر و نەیجیریا و سۆماڵ و سودانن)، کە گروپە جیهادى و گروپە توندڕەوەکانى دیکە لەم وڵاتانەدا چالاکن.

لەو ژمارەیەى کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، نزیکەى هەزار و 200 کەسیان پێشتر لە ریزى گروپە توندڕەوەکان بوون، 25%ـیان گوتویانە لەپێناو کار و بۆ بەدەستهێنانى موچەیەکى مانگانە پەیوەندییان بەو گروپانەوە کردووە، ئەم هۆکارە بەراورد بە راپۆرتەکانى پێشوو بە رێژەى 92% زیادیکردووە.

لە 22%ـى بەشداربووەکانیش گوتوویانە لەپێناوى ئەوەى لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکانیان یاخود هاوڕێکانیاندا بمێننەوە، بۆیە چوونەتە نێو ئەو گروپانەوە، بەڵام پاڵنەرى “ئایینى” بە پلەى سێیەم هاتووە کاتێک تەنها 17%ـى ئەو کەسانە گوتوویانە “ئایین” پاڵنەرى سەرەکییان بووە بۆ چوونە نێو گروپە توندڕەوەکانەوە.

ئاکیم شتاینەر، سەرۆکى پرۆگرامى گەشەپێدانى نەتەوەیەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانى گوتووە: وێنە (3) لە زۆرێک لە وڵاتان، داهاتى کەم و نەبوونى هەلى کار و سەختى ژیان و بێ هیوایی، وا لە خەڵک دەکەن بە دواى دەرفەتى باشتردا بگەڕێن جا لە هەر لایەکەوە بێت.

بەگوێرەى ئامارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەى پێنج ساڵى رابروودا کوژران بەهۆکارى تیرۆرەوە لە سەرانسەرى جیهان پاشەکشەى کردووە، بەڵام هێرشەکان لە بیابانى باشور لە ئەفریقیا بەراورد بە ساڵى 2016 دووهێندە زیادیکردووە.

هەر بەگوێرەى ئامارەکان لە نێوان ساڵانى 2017 بۆ 2021 زیاتر لە چوار هەزار هێرش لەو هەشت وڵاتەى لە راپۆرتەکەدا بە نموونە وەرگیراون روویانداوە، هێرشەکان بوونەتە هۆى کوژرانى نزیکەى 18 هەزار و 400 کەس.

لە ساڵى 2021، نزیکەى نیوەى هەموو مردنەکانى پەیوەست بە تیرۆر بە تەنیا لەم ناوچەیە بووە، زیاتر لە یەک لەسەر سێى ئەو ژمارەیە لە وڵاتانى سۆماڵ و بۆرکینافاسۆ و نەیجەر و مالى بووە.

ئاکیم شتاینەر، بەرپرسەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارى دەدات کە وێنە (4) لەم ساڵانەى دواییدا بیابانى ئەفریقیاى باشوور بووەتە کانگاى توندڕەویی لە جیهاندا، بەڵام تەنها چەند وڵاتێکى کەم سەرەنجیان خستووەتە سەر ئەم بابەتە و جیهان زیاتر بە کۆرۆنا و قەیرانەکانى کەشوهەوا و جەنگى ئۆکراینەوە سەرقاڵە.

راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆتاییدا جەختدەکاتەوە لە پەیڕەوکردنى ستراتیژى خۆپارێزى تاوەکو خەڵک نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گروپانەوە، بۆئەوەش داوا دەکات کە چاودێرى منداڵ بکرێت و گرنگى بە خوێندنیان بدرێت، هەروەها دووبارە راهێنان بەوانە بکرێت کە لەو گروپە توندڕەوانە جیا دەبنەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button