هیوایەک بۆ توشبووانی زەهایمەر

بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى گاردیانی بەریتانی، بەرپرسانی تەندروستی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، ئەو کەسە بەتەمەنانەی ئەمڕۆ بەدەست نەخۆشی زەهایمەرەوە دەناڵینن، دەبن بە کۆتا نەوەی مرۆڤایەتیی کە توشی ئەو نەخۆشییە بێ چارەسەرە ببن.

هیلاری ئیڤانز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی زەهایمەر لە بەریتانیا، کە ماوەی مانگێکە ئەو پۆستەی پێدراوە رایگەیاند، جیهان لە “لێواری گزنگێکی نوێدایە” بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی بیرچوونە و نەمانی کۆنترۆڵ، ئەمەش مانای وایە چیتر نەخۆشیی وەستانی خانەکانی مێشک نابێت بە شتێکی حەتمی لە کەسانی بەتەمەندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئیڤانز ئاماژەی بەوەکردووە پێویستە چاکسازییەکی گشتی لە چاودێریکردنی ئەو نەخۆشییەدا لە وەزارەتی تەندروستی بەریتانیادا بکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشەکان دەستیان بە دەرمانی چارەسەریی ئەو نەخۆشییە بگات، کە ساڵی داهاتوو، لە بەریتانیادا رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی دەدرێت.

لەبارەی ئەو کەسە بە تەمەنانەی کە ئێستا بەدەست نەخۆشی زەهایمەرەوە دەناڵێنن دەڵێت، “ئەوان کۆتا نەوەی مرۆڤایەتیین کە بێ دەرمانی چارەسەریی نەخۆشییەکە دەبن. ئەوانەی کە لەناوەراستی 70 یان 80کانی تەمەنیان دان و چەند نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێداتە، رەنگە تۆزێک درەنگ بێت بۆ ئەوەی دەرمانەکە کاریگەریی لەسەریان هەبێت.”

گوتیشی، بۆ کەسانێک کە تەمەنیان لە 40 ساڵیدایە سود لە دەرمانەکە دەبینن و ئەوانەی کە تەمەنیان لە 60 کاندایە، هیوایەکی باش هەیە کە چارەسەرییەکە سودیان پێ بگەیەنێت.

ئیڤانز مانگی رابردوو لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە دەستنیشانکرا کە سەرپەرشتی دەستپێشخەریی وڵاتەکە بکات بۆ وانە وەرگرتن لە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەخۆشی زەهایمەر، ئەمەش بودجەیەکی 160 ملیۆن دۆلاریی بۆ توێژینەوەیەکی یەک ساڵی لە نێوان 2024 بۆ 2025 بۆ تەرخانکراوە.

دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو دەرمانی لیکانیماب لەلایەن هەردوو کۆمپانیای ئیسایی و بایۆجینەوە راگەیندرا کە وەک یەکەم دەرمانی خاوکەرەوەی لەناوچونی خانەکانی مێشک ناسێنرا، کە دەکاتە قۆناغە سەرەتاییەکانی زەهایمەر.

لەسەرەتادا دەرمانەکە چەند کێشەیەکی هەبوو بەوپێەیەی پرۆسەی لەناوچوونی خانەکانی تەنها چەند مانگێک دوا دەخست، دەبووە هۆی خوێنبەربوون و ئیلتیهابی مێشک و سێ نەخۆشیش لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا گیانیان لەدەستدا.

ئیڤانز، دەرمانەکەی بەراوردکرد بە هەمان قۆناغی سەرەتایی ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە و ئایدز دروستکرابوون، کە لەسەرەتادا سودیان کەمبووە و کاریگەریی لاوەکییان زۆربووە، بەڵام رێگەخۆشکەر بوون بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی دەرمانیی بۆ نەوەکانی دوای خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە تا دێت پەرەپێدانی دەرمانەکە بەرەو باشتر بوون دەچێت، لەسەرەتادا بۆ شەش مانگ کاریگەری دەبێت، دواتر بۆ ساڵێک ئینجا بۆ دووساڵ و پاشان دەبێت بە چارەسەرکەرێکی راستەقینە.

بۆ ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی 40 ساڵیدان، ئیڤانز پێشبینی دەکات چارەسەری پوکانەوەی خانەکانی مێشک زوتر کاردەکات و ئەو دەرمان و ڤاکسینانەی کە بۆ نەخۆشییەکانی خەڵەفان و زەهایمەر دەروستدەکرێن کاریگەرییەکەیان تا دێت زیاتر دەبێت.

دەرمانی لێکانیماب، کاردەکات لەسەر ئەو کلسە ژەهراویەی لەدەوری خانەکانی مێشک کۆدەبێتەوە، هەربۆیە تا زوتر دەرمانەکە بەکار بهێندرێت کاریگەرییەکەی باشتر و خێراتر دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button