مۆندیالی قەتەر و پێکادانی شارستانێتییەکان

لە دەرەوەی لاکێشە سەوزەکە چی روودەدات؟

ئەگەر تەنها بەچاوێکی وەرزشییەوە تەماشای مۆندیالی قەتەر بکەین، روبەڕبونەوەی هەڵبژاردە زلهێزەکان و نمایشی ئەستێرەکانی تۆپی پێ دەبینین، بەڵام ئەگەر بە دیدێکی فراوانترەوە لێی بڕوانین دەبینین بابەتەکە زۆر لەوە گەورەترە کە لە ٩٠ خولەکدا نمایشدەکرێت.

ئەوەی ئێستا لە هەشت یاریگەکەی قەتەر و لە دەرەوەی لاکێشە سەوزەکانی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت، کۆبونەوەی نوێنەرانی هەر شەش کیشوەرەکەی گۆی زەوییە، کە خۆیان لە پێنج یەکێتیی کۆنفیدرالی تۆپی پێدا دەبیننەوە، بەگشتی لە هەموو قوژبنێکی جیهانەوە روویان لەو وڵاتە بچوکە موحافیزکارەی کەنداو کردوە.

لە هەموو قوژبنێکی جیهانەوە روویان لە قەتەر کردووە

تاوەکو ئێستا خوێندنەوەکان بۆ بەریەککەوتنی 32 هەڵبژاردەی بەشداربووی مۆندیالە، بێئاگا لەوەی مۆندیال بووەتە شانۆی پێکادانی شارستانێتییە جیاوازەکان.

پێکادانی شارستانێتییەکان یاخود ململانێی شارستانێتییەکان، ناوەڕۆکی کتێبێکی ساموێل هانتينگتۆن-ی نوسەر و زانا و پرۆفیسۆری ئەمریکییە، باس لەوە دەکات، لە دوای جەنگی ساردەوە وڵاتانی جیهان شەڕی ئایدۆلۆژی و ئابووری ناکەن، بەڵکو جیاوازیی دابونەریت و کەلتوور دەبنە بزوێنەری سەرەکی  ململانێکانی نێوان  وڵاتانی جیهان لە ساڵانی ئایندەدا، وەکو ئەوەی ئێستا لە مۆندیالدا دەیبنین.

مۆندیال بووەتە شانۆی پێکادانی شارستانێتییە جیاوازەکان

ئەگەرچی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان هەوڵدەدات هیچ بەرگێکی دەرەوەی تۆپی پێ و وەرزش نەکرێت بە بەری مۆندیالدا، بەڵام زۆر بە سادەیی ئەوەی ئێستا لە قەتەر دەگوزەرێت، پێکادانی شارستانێتییەکانە.

نمونەی زەقی پێکادانەکە، لە پرسی پەلکەزێڕینەدا خۆی نمایشکردووە. بە جۆرێک لە جۆرەکان پرسی هەوادارانی پەلکەزێڕینە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بووەتە بابەتێکی جدی و هاوسۆزی بۆ دروستبوە.

لێرەدا و لەم مۆندیالەی قەتەر، شارستانێتی ئیسلامی و کۆمەڵگە داخراوەکان روبەڕوی هەر ریکلام و بانگەشە و خۆدەرخستنێکی گرووپەکانی پەلکەزێڕینە دەبنەوە، دامەزراوەیەکی وەک فیفاش ناچارکرا هەڕەشە لەو هەڵبژاردە ئەوروپیانە بکات، کە بەنیازبون شارەی کاپتنیی پەلکەزێڕینە ببەستن و سزای بۆ ئامادەکردبون.

شارستانێتی ئیسلامی و کۆمەڵگە داخراوەکان روبەڕوی هەر ریکلام و بانگەشە و خۆدەرخستنێکی گرووپەکانی پەلکەزێڕینە دەبنەوە

ئەمەیان تاوەکو رادەیەک بچوکترە لە گروپەکەی پەلکەزێڕینە، چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەیانویست بە جلوبەرگ و سیمبولی هەڵمەتەکانی سوارچاکانی پەرستگای سەدەکانی رابردووەوە بچنە نێو یاریگەکانی مۆندیالەوە، بەڵام ئەوەش ستۆپی پێکرا و پۆلیسی پارێزەری مۆندیال رێگەی نەدا. سوارچاکانی پەرستگا، بەو گرووپ و رێکخستنە سەربازییانە دەگوتران، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بیروباوەڕی ئاینی کریستیانیان دەپاراست و هەوڵیاندەدا بگەنەوە قودس.

لەسەر ئەرزی واقیع، فەڵەستین نە لە وەرزش و نە لە سیاسەت و نە لە دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیدا بونی بەهێزی نییە و لە هەموو روەکانەوە لاوازە، بەڵام لە مۆندیالی قەتەر کراوەتە سیمبولی بەرگریکردن، ناوبەناو شارەی کاپتنی و ئاڵای فەلەستین لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگەکان دەبینرێن.

نمونەیەکی دیکەی پێکادانی شارستانێتییەکان، خۆی لە بایکۆت و بێزارکردن و رەتکردنەوەی بونی کەناڵی راگەیاندنی ئیسرائیلی و پەیامنێرەکانیاندا دەبینێتەوە.

زۆر گرتەی ڤیدیۆیی و بابەتی نێو سۆشیال میدیا دەبینین، کە هاندەرانی هەڵبژاردە موسڵمان و عەرەبییەکان و خودی قەتەرییەکانیش نایانەوێت بە یەک وشەش قسە بۆ میدیای ئیسرائیلی بکەن، تەنانەت حەز ناکەن لەوەی هاتوونەتە قەتەر، ئەمەش دیمەنێکی هەروا ئاسان و سادە نییە، بەڵکو قوڵایی ئایینی و مێژوویی و سیاسی و دیپلۆماسی هەیە و رۆحی وەرزشیش ناتوانێت تێیپەڕێنێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button