ئەو گۆڤارەی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلامی بڵاوکردەوە مشتومڕێکی دیکە دەنێتەوە

چارلی ئێبدۆ، ئەو گۆڤارە فەرەنسییەی حەوت ساڵ لەمەوبەر چەند کاریکاتێرێکی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوکردەوە، جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی چەند کاریکاتێرێکی دیکە مشتومڕ دەنێتەوە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا دروستدەکات.

گۆڤارە فەرەنسییەکە لەدوایین ژمارەیدا چەند کاریکاتێرێکی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە، راشیگەیاندووە، بڵاوکردنەوەی ئەم کاریکاتێرانە بۆ پشتگیریکردنە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانی چارلی ئێبدۆ لەسەر خامنەیی هاوکاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی ئەو هێرشەی کرایە سەر گۆڤارەکە و تیایدا 12 کەس کوژران، کە یەکێک لەوانە دیارترین وێنەکێشی گۆڤارەکە بوو.

بەرپرسانی ئێران هەرزوو لە بارەی بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکان هاتنە سەر خەت، حکومەتی ئێران باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران بانگ کرد و پێی راگەیاند، رێگە بە پاریس نادەن سنوورەکان ببەزێنێت.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە لایەنی فەرەنسیی گوتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی بکرێت، رێگەنادات هیچ لایەنێک لە بەها دینی و ئیسلامی و نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکان نەشیاو بوون، رێگە بە فەرەنسا نادرێت سنوورەکان ببەزێنێت.

ئەم کاریکاتێرانە لەکاتێکدا دژی ئێران بڵاوکراونەتەوە، کە خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوان وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەرپرسانی ئێران وڵاتانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن بە نانەوەی پشێوی و پشتگیریکردنی ئاژاوەگێڕیی لە وڵاتەکەیاندا.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button