خەڵک لە ئەمریکا و ئەوروپاوە فۆڕمی شوقەی کرێنشینانیان پڕکردووەتەوە..

 

هێشتا گەرمای هاوین نەهاتبوو، کە حکومەتی هەرێم بڕیاریدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروستبکات، بەڵام وا شەش مانگ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی روون نییە کە پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوو سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی کوردستان، مژدەی بە کرێنشینان دا، کە حکومەت بڕیاری پرۆژەیەکی داوە، کە بەهۆیەوە لە کرێچێتی رزگاریان دەبێت.

 

تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نەبووە پرۆژەکە وەربگرێت

ئەوکات د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندبوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایسپاردوون پرۆژەکان بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی هەرزان دروستبکرێن، ببنە نمونەیەک لەرووی بنیاتنان و مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستییەوە. بەڵام ئێستا پاش شەش مانگ، نەک راسپاردەکان جێبەجێنەکراون، بەڵکو خودی پرۆژەکەش بەرەوپێشچوونی بەخۆوە نەدیوە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نەبووە پرۆژەکە وەربگرێت و ببێتە یەکەم هەنگاوی فیعلی بە ئاڕاستەی رزگارکردنی کرێنشینان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی و گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانیش بە زوومیان گوت، بەڵێندەران ئامادەنین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی لەمشێوەیە بێنە پێشەوە، ئەوان نایانەوێت پرۆژەیەک وەربگرن کە پارەیەکی زۆر بخەنە ناویەوە و دواتریش قازانجێکی ئەوتۆی لێنەکەن.

پارەکەیان لە بانکدا دابنێن قازانجی زیاتر دەکەن

تەنانەت میران کامیل گوتەبیژی لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەران، دەڵێت بەڵێندەران پارەکەیان لە بانکدا دابنێن قازانجی زیاتر دەکەن، نەوەک بیخەنە پرۆژەیەکی لەمشێوەیە، کە قیستەکانی درێژخایەنن و دەگەنە زیاتر لە 15 ساڵ.

بەدەمەوەنەچوونی بەڵێندەران لەکاتێکدایە سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، دەڵێت، شارەوانیی سلێمانی دوو پارچە زەویی بۆ پرۆژەکە دەستنیشانکردووە، یەکێکیان لە تاسڵوجە و ئەوی دیکەیان لە تانجەرۆ.

پرۆژەکەی حکومەت کە بڕیاری لێداوە، دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە

پرۆژەکەی حکومەت کە بڕیاری لێداوە، دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هەشت هەزاریان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، بۆ ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، 120 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، واتە ژمارەی ئەوانەی داوایان کردووە شەش هێندەی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەیە کە بڕیارە دروستبکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینان، نزیکەی 250 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان کرێچین.

خەڵک هەبووە لە ئەوروپا و ئەمریکاوە ناوی خۆی نووسیوە و داوای یەکەی نیشتەجێبوونی کردووە.

 

کرێنشینان لەماوەی رابردوودا دەیانتوانی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە فۆرمی وەرگرتنی یەکەکان پڕبکەنەوە، بەرهەم قەرەداغی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشیان رەخنەی لە پرۆسەکە هەبوو، دەیگوت بەهۆی بوونی کەموکورتی لە فۆڕمەکاندا، خەڵک هەبووە لە ئەوروپا و ئەمریکاوە ناوی خۆی نووسیوە و داوای یەکەی نیشتەجێبوونی کردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button