توشبوون بە شێرپەنجەى سییەکان لەنێو ژناندا زیاترە لە پیاوان

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی گاردیانى بەریتانی، کە رێکخراوى توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا، ئامارەکانى بۆ کۆکردووەتەوە، بۆیەکەمجار توشبوون بە شێرپەنجەى سییەکان لەنێو ژنانى وڵاتەکەدا لە ژمارەى پیاوە توشبووەکان زیاتر دەبێت و هۆشدارى زیاتربوونیشی دەدرێت.

بەگوێرەی چەند ئامارێکى رێکخراوەکە، ژمارەی ژنانی توشبوو بە شێرپەنجەی سییەکان لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024 ژمارەی پیاوانی توشبوو تێدەپەڕێنێت، بەشێوەیەک پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی توشبووان لە ژناندا 27 هەزار و 332 کەس و ژمارەی پیاوان 27 هەزار و 172 کەس دەبێت، ئەمەش بۆ یەکەمجارە ژمارەی ژنان زیاتر بێت لە ژمارەی پیاوان لە وڵاتەکەدا.

ئەم ئامارە وایکردووە هۆشداری بدرێتە ژنان، کە هاوشێوەى هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک، هۆشیارییان لەبارەی شێرپەنجەی سییەکانەوە هەبێت، پسۆرانى نەخۆشییەکە دەڵێن، لەمەودوا ژنان هەروەک چۆن پشکنین بۆ گرێکانی مەمکیان دەکەن دەبێت هەمیشە ئاگاداری نیشانەکانی شێرپەنجەی سییەکان بن.

شێرپەنجەی سییەکان یەکێکە لە باوترین هۆکارەکانی مردن لەنێو نەخۆشانی شێرپەنجەدا، بەشێوەیەک لەهەر 5 مردنێکی نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکیان بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوەیە.

نەخۆشییەکە خراپترین ئەگەری بۆ مانەوەى کەسی توشبوو لە ژیاندا هەیە، وەک پسپۆرانى نەخۆشییەکە دەڵێن، هۆکارى ئەمەش درەنگ ئاگاداربوونە لە توشبوون بە نەخۆشییەکە، کە زۆربەی کات نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدا دیاریدەکرێت. لەوکاتەشدا چارەسەریی و دەرمانەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.

جگەرەکێشان بە هۆکارى سەرەکى شێرپەنجەى سییەکان دادەنرێت. لە ساڵانى رابردوودا ژمارەى توشبووانى شێرپەنجەى سییەکان لەنێو پیاواندا زیاتر بوو، ئەوەش بەهۆى ئەوەى جگەرە کێشان لەنێو پیاواندا زیاتربوو.

بۆ نمونە لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 ژمارەی توشبووانی پیاو زیاتر لە 25 هەزار کەس بووە لە هەر ساڵێکدا لە بەریتانیا، ژمارەی ژنانیش 23 هەزار کەس بووە. بەڵام لە ئامارەکانى ئەمساڵدا توشبووانى ژن زیاترن.

لەبارەی مەترسی شێرپەنجەوە، وەزیرانی بەریتانیا داوایان لێکراوە رێکاری زیاتر بگەرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی جگەرەکێشان. ئەلیزێ فۆرگوێل، بەپرسی سیاسەتی رێگریی لە جگەرەکێشانی سەنتەری توێژینەوەکە رایگەیاند، “شێرپەنجەی سییەکان زیاتر لە هەر جۆرێکی دیکەی شێرپەنجە دەبێتە هۆکاری مردن، هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکەش جگەرەکێشانە.”

ئەو دەڵێت، ئەو بودجەیەی بۆ نەهێشتنی جگەرەکێشان تەرخانکراوە لە ئاستی پێویستیدا نییە و ناتوانن خەڵکی وەک پێویست هانبدەن واز لە جگەرەکێشان بهێنن.

شێرپەنجەی سییەکان نەخۆشییەکی مەترسیدارە، کە روبەڕوی سییەکان دەبێتەوە، کە ئەگەر نەخۆشەکە لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا چارەسەرى بۆ نەکرێت دەبێتە هۆى مردنى.

بەگوێرەى توژینەوەکە لە هەر 100 کەس، کە لە قۆناغی یەکەمی نەخۆشییەکەدان 55 کەسیان دەتوانن بۆماوەی 5 ساڵ لە ژیاندا بمێنەوە. بەڵام لە کۆی 100 کەس کە لە قۆناغی چوارەم یان کۆتایی نەخۆشییەکەدان، تەنها 5 کەسیان دەتوانن بژین.

بەگوێرەى تەندروستى جیهانى شێرپەنجە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانى مردن لە جیهاندا، تەنها لە ساڵى 2020 نزیکەى 10 ملیۆن کەس بە شێرپەنجە مردوونن کە یەک لەسەر شەشى مردن لە جیهاندا دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button