لە دوکان پێشنیازی ئەنجومەنێکی سیاسی دەکرێت و لە پیرمامیش باس لە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە..

 

ئەمڕۆ یەکێتی و بەشی زۆری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری دوکان و لەسەر بانگێشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە، ئەگەرچی میدیای فەرمیی یەکێتی دەڵێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بانگێشتی کۆبوونەوە کرابوون، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی نەکرد..

محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکرات یەکەم کەس بوو پێشنیازێکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز کراوە ئەنجومەنێکی سیاسی پێکبهێنرێت، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا لەسەر ئەوەی پێشنیازەکە کێ کردوویەتی و کام لایەنانەش بەشداریی تێدادەکەن، بەڵام ئەوەی ئاشکراکرد سەرۆکایەتیی ئەنجومەنە سیاسییەکە دەوری دەبێت، واتە هەر ماوەیەک کەسێک دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنە سیاسییەکە..

دواتریش لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەو ئەنجومەنە کرابوو، کە پێویستە کار بۆ پێکهێنانی بکرێت لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی و هەروەها بەهێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێم..

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، بەپێویستیان زانیوە هەنگاوی کرداریی خێرا بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم.. هەروەها کۆکبوون لەسەر ئەوەی بەردەوامیی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن..

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە زوومی گوت، حزبەکەیان لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانی، کۆبوونەوەکەی دوکانیش بۆ هەمان مەبەست بووە، وەکو خۆی دەڵێت “دەیانەوێت لەرێگەی ئەم بەرەیەوە باری لاری حکومڕانی هەرێم راستبکەنەوە”..

کۆبوونەوەکە، بە دەستپێشخەریی یەکێتی بووە، ئەو حزبەی ماوەیەکە بەبەردەوامیی رەخنە لە شێوازی حوکمڕانی پارتی دەگرێت و بە حوکمڕانییەکی تاکڕەو ناوی دەبات..

ئەمە جاری یەکەم نییە کە یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە، مانگێک لەمەوبەر شاندێکی یەکێتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کرد جگە لە پارتی، شاندەکەی یەکێتی نیگەرانییەکانی خۆیان گەیاندە ئەو حزبانە، گوتیان بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قبوڵکراو نابێت..

نیگەرانییەکانی یەکێتی گەیشتووەتە ئاستێک، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مانگێک زیاترە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، لەگەڵ خۆیدا بەشێک لە تیمی وەزاریی حزبەکەی ئامادەنین بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن..

هەر ئەمڕۆ و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکەی دوکاندا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام بۆ رێکخستنەوەی کاروبارە حزبییەکانی پاش کۆنگرەی 14 کۆبوونەوە، بەڵام پێناچێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوە تازەکەی یەکێتی نەکرابێت، بەوپێیەی مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا گوتی، بڕیارمانداوە “لاپەڕەیەکی تازە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵبدەینەوە”..

پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ساتەوەی هەستی بە نیگەرانییەکانی یەکێتی کردووە، دەستی بە جموجوڵ کردووە، ئەوکاتەی یەکێتی چووە لای لایەنە سیاسییەکان، پاش رۆژێک پارتیش شاندی وەزاریی حزبەکەی ناردە لای هەمان ئەو لایەنانە.. پێکهاتەی شاندەکەی پارتی، کە تیمی وەزاریی بوو، وەڵام بوو بۆ نیگەرانییەکانی یەکێتی لە حکومەت..

هەرچییەک ببێت، یەکێتی و پارتی ئەو دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانن کە جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە.. ئەگەرچی ئێستا یەکێتی هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان دەدات، بەڵام هێشتا پارتی دوورەپەرێزە و ئەمڕۆش وەڵامی بانگێشتەکەی یەکێتی نەدایەوە و بەشداریی کۆبوونەوەکەی دوکانی نەکرد..

هەواڵی زیاتر

Back to top button