عێراق بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت

خۆى بەهێز و ئێران لاواز دەکات

عێراق لە ساڵانى حەفتاکانەوە خەون بە بەرهەمهێنانى گازى سروشتییەوە دەبینێت، لە بەعسەوە بۆ سەردەمى عێراقی نوێ، لە ئەنجومەنى حکومەوە بۆ سەردەمى جەعفەرى و دواتر مالیکى، لە عەبادییەوە بۆ عەبدولمەهدى تاوەکو کازمى، هیچیان نەیانتوانى خەونە مێژینەکەیان بەدیبێنن، پێدەچێت لە سەردەمى سودانیدا خەونەکە بەرجەستە بکرێت.

بەگوێرەى راپۆرتێکى پێگەی ئۆیل پرایسی بەریتانی، هەفتەى رابردوو عێراق چەند گرێبەستێکی لەگەڵ سێ کۆمپانیاى جیهانى واژۆکردووە، بەمەبەستى بەرهەمهێنانى نەوت و گازى سروشتى.

کۆمپانیای یەکەم، کرێسێنت پێترۆلیۆمی ئیماراتییە و سێ گرێبەستی درێژخایەنی بۆ گەڕان و پەرەپێدانی سێ کێڵگەی نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتى عێراق واژۆکردووە.

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، پێشیبینی دەکات لە 18 مانگی داهاتوودا دوو لەو کێڵگانە، کێڵگەی گیلابات-قومار و خەشیم لە پارێزگای دیالە، رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم بهێنن. کێڵگەی سێیەمیش دەکەوێتە پارێزگای بەسرا.

دووەم هاوبەشی بەرهەمهێنەری نەوت و گازی عێراق گروپی یەکێتی وزەی چینییە، کە لە کێڵگەی سیندبادی پارێزگای بەسرادا کاردەکات.

سێیەم کۆمپانیاش کە عێراق گرێبەستی لەگەڵ واژۆکردووە، کۆمپانیاى جیۆ-جەید پێترۆلیۆمی چینییە.

ئامانج لە گرێبەستەکان زیادکردنی بەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و 800 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتییە لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی هویزە و نەفتخانە، نەوت بەرهەم دەهێنن، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سنورى خانەقین و نزیکە لە سنورەکانى ئێران.

سەرجەمى ئەو گرێبەستانەی عێراق هەفتەی رابردوو واژۆى کردووە بۆ ماوەی 20 ساڵە. ئەمەش دەبێت بە گرەنتییەک بۆ ئاسایشی وزەی عێراق لە کاتێکدا داهاتێکی زۆری وڵاتەکە بۆ گازی سروشتی بۆ ئێران دەڕوات.

لەبەرئەوەى عێراق تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی هاوردەکراوى ئێران دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى. وەک ماڵپەڕە بەریتانییەکەش دەڵێت، ئەمە پێگەی عێراقی بەرامبەر بە ئێران لاوازکردووە، بۆیە واژۆکردنى گرێبەستە نوێیەکان هەنگاوێکی گرنگن بۆ عێراق.

بەگوێرەى ناوەڕۆکی گرێبەستەکان و لێدوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران، عێراق دەتوانێت لە سێ ساڵی داهاتوودا هاوردەی گازی سروشتی لە ئێرانەوە کۆتایی پێبهێنێت. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو فشارانەى ئێستا خراوەتە سەر عێراق بۆ خۆدورگرتنى لە ئێران و رێگەگرتن لە بردنە دەرەوەى دۆلارى ئەمریکى لە عێراقەوە بۆ ئێران و وڵاتانى دیکەى نەیارى ئەمریکا.

بەگوێرەى قسەکانى سودانى عێراق ساڵانە لەنێوان  پێنج ملیار و 500 ملیۆن بۆ شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە هاوردەى گازى سروشتى ئێراندا خەرج دەکات.

عێراق دەیەوێت نەک هاوردەى گازى سروشتى نەهێڵێت، بەڵکو خۆشى هەناردەى بکات.

سودانى دەڵێت، ئێمە بڕیارمانداوە بچینە نێو بازاڕی جیهانی گازی سروشتییەوە. هەنگاومان ناوە بۆ بنیادنانی پرۆژەی تایبەت بە پەرەپێدانی گازی سروشتی.

عێراق، لە هەناردەى نەوتیشدا دەیەوێت زیاتر پێشبکەوێت، ئێستا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو گروپی ئۆپێکدا، رۆژانە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لە کاتێکدا وڵاتەکە توانای هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە بۆ 5 بۆ 6 ملیۆن بەرمیل.

حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەم پلانانە، حکومەتی عێراق بەنیازە لەداهاتوویەکی نزیکدا چەند تەندەرێک بۆ دۆزینەوەی بلۆکی نەوتی لە باکور، رۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا رابگەیەنێت.

بەگوێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، عێراق توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا رۆژانە لە چوار ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ چوار ملیۆن و 600 هەزار بەرز بکاتەوە. پێشبینیش دەکات تاوەکو ساڵی 2027 عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەرووی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرز بکاتەوە.

بەوشێوەیە عێراق لەلایەک خۆى وەک بەرهەمهێنەرێکى سەرەکى نەوت بەهێزتر دەکات و لەلایەکى دیکەش خۆى لە گێژاوى مامەڵەى راستەوخۆى وزە لەگەڵ ئێران دەرباز دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button