ئەمریکا و بەریتانیا داوا دەکەن عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر بکات

ئیمارات و یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەن.

زووم…

 

کۆمپانیای دانەغاز، کە لە کێڵگەکە کاردەکات، ئیماراتییە، ئەو چوار کارمەندەش کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا، یەمەنین، بۆیە ئەو دوو وڵاتە کاردانەوەیان هەبوو.

لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن، جگە لە سەرکۆنەی توندی هێرشەکە، دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ زانینی هۆکارەکانی هێرشەکە.

یەمەن ئاشکرایکردووە، جگە لە چوار کوژراوەکە، چەند هاووڵاتییەکی دیکەی یەمەنی بریندار بوون، راشیگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ گەڕانەوەی تەرمی قوربانییەکان بۆ یەمەن و لەنزیکەوە چاودێریی رەوشی تەندروستیی بریندارەکان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش لە راگەیەندراوی سەرکۆنەکردنەکەدا، هێرشەکەی سەر کیڵگەی کۆرمۆری بە تیرۆریستی ناوبردووە، دەڵێت، ئامانجی ئەو هێرشانە تێکدانی ئاسایش و ئارامیی عێراقە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتیشی دەکاتەوە، دەوڵەتی ئیمارات پشتگیریی هەر رێکارێکی عێراق دەکات بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکە.

پێشتر ئەمریکاش لەرێگەی ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد، گوتی، هێرشەکە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانە.

میلەر هانی دەسەڵاتدارانی عێراقی دا لێکۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەکە بکەن و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی دادپەروەری بکەنەوە، جەختیشیکردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەکە.

هەروەها ستیفن هیچن، باڵێۆزی بەریتانیا لە عێراق، هێرشەکەی سەر کۆرمۆری بە هەوڵێکی قبوڵنەکراو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری بە رێگای توندوتیژی ناوبرد، گوتی، پێویستە بەرپرسانی ئەو کردەوەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

جگە لە داواکاریی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە، هەرێمی کوردستانیش هەمان داواکاریی لە عێراق هەبوو، بۆیە بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی و تەکنیکی پێکهێنرا و سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری کرد.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button