زیرەکی دەستکرد کاری یەک ملیار کەس تووشی کێشە دەکات.. براوە و دۆڕاوەکانی کێن؟

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئەو تسونامییەی کە خەریکە کاری ناو ئۆفیس و فەرمانگەکان لەگەڵ خۆیدا رادەماڵێت و سەدان ملیۆن هەلی کار لەناودەبات، کار و پیشەی نزیکەی یەک ملیار کەس لە جیهاندا کێشەی بۆ دروستدەبێت و 14 ملیۆن هەلی کاریش لەناودەچن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر، پەککەوتن بەهۆی زیرەکی دەستکرد یەکێکە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە چەند دەیەی داهاتوودا کاریگەریی تەواویان لەسەر ئابوریی ئەمریکا دەبێت. لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی ئۆفیس و فەرمانگەکان روبەڕووی چەندین مەترسیی کەمبوونەوەی هەلی کار و داهات دەبنەوە، بەشێکی دیکەی ئەو کارمەند و کرێکارانەی کە لەدەرەوەی ئۆفیسەکانیان کاردەکەن، سەلامەت دەبن و لە مەترسییەکە رزگاریان دەبێت، ئەوانیش کرێکارانی کاری کۆمەڵایەتی، بیناسازیی، کاری دەستی و وەرشەکانن. بە پێچەوانەوە دەرفەتی زیادبوونی هەلی کار بۆ ئەو کارانە لە داهاتوودا روو لە زیادبوون دەکات.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ئەمریکی بەتەمەن خانەنشین دەبن، ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لەدوای خۆیاندا بەجێدەهێڵن و خواست لەسەر کارمەندی تەندروستی، وزەی خاوێن، بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و تەلارسازی روو لە زیادبوون دەبێت. بۆ نمونە، بەرنامەی زیرەکی دەستکردی چات جی پی تی شوێنی ئەو پەرستارە ناگرێتەوە کە لە نەخۆشخانەکاندا بەدەم نەخۆشەکانەوە دەچن، یان شوێنی ئەو کرێکارەی تەلارسازیی ناگرێتەوە کە مۆدێلی چێشتخانەکەت بۆ نوێدەکاتەوە.

بەکورتی، براوەکانی شۆڕشی زیرەکی دەستکرد کەسانی تەکنیکی، پەرستار و وەستای هەمەکارەن کە ئابوری نوێی وڵاتان بەڕێوەدەبەن دوای ئەوەی ئامێرەکان (زیرەکی دەستکرد) ئۆفیسەکان کۆنترۆڵ دەکەن. نوسینگەی ئاماری کار لە ئەمریکا پێشبینی دەکات لە ماوەی دەیەی داهاتوودا باوترین پیشەکان لە بواری چاودێریی تەندروستی، گواستنەوە، وزەی نوێبووەوە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا دەبن.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، نیوەی پیشەکان لە داهاتوودا لە سێکتەرەکانی چاودێریی تەندروستیی و کۆمەڵایتییەوە دەستەبەردەبن. لە ساڵی 2032دا یەک لەسەر شەشی کرێکارەکان چاودێری تەندروستی ماڵەوە یان کەسییی دەبن. هاوکات تەلارسازیی، کە ساڵی رابردوو مانگانە 15 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، بەردەوامدەبێت لە پەرەسەندن.

لە راپۆرتێکی هاوبەشی کۆڕبەندی ئابوری جیهانیی و کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییدا کە لەسەر 19 هەزار کەس لە 900 بواری جیادا ئەنجامدراوە، لێکۆڵینەوە لەوە کراوە کە تاچەند زیرەکی دەستکرد کاریگەریی لەسەر پیشەکانیان دەبێت، ئەنجامی توێژنەوەکە ئاشکرایکردووە ئەوکارانەی کە پەیوەندییان بە ئاوێتەبوونی کەسی یان کاری فیزیکی ناڕۆتینی هەیە کەمترین کاریگەرییان لەسەر دروستدەبێت، کە ئەم پیشانە دەگرێتەوە؛ سەرتاشیی، چاودێری منداڵان، قاپشۆریی، وەستای بەرزکەرەوە، ئاگرکوژێنەوە، پاککەرەوە، باخەوانی، خزمەتکاری ماڵان، پەرستاریی، چاودێری کەسیی و شارەزایانی تەندروستی پێست.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە وەستای سپلێت، مامۆستا و ئارایشتکار، لەو پیشانەن کە رۆتین نین و تا 5 بۆ 10 ساڵی دیکە زیانیان پێ ناگات. سەبارەت بە بۆیاخچی، دارتاش و وەستای سەقف کە 4%ی بازاڕی کار پێكدەهێنن، هیچ مەترسییەکی زیرەکی دەستکردیان لەسەر دروست نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا زیرەکی دەستکرد کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرەوپێشبردن و ئاسانکاریی بۆ هەندێک کار دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button