شەقامی شێخ سه‌عیدی پیران توركیای لەنێوان “ناپاک” و “شۆڕشگێڕدا” دابەشکرد

کاتێک شارەوانیی ئامەد رایگەیاند دەستیکردووە بە درووستکردنی گەورە شەقامێک بە ناوی شێخ سەعیدی پیران، ئەو شەقامە، شەقامی تورکیا بەسەر دوو بەرەی ناپاکی و قارەمانێتیدا دابەشکرد.

گەورەشارەوانی ئامەد لەلایەن قەیومەوە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئاک پارتییە بەڕێوەدەبرێت کە له ‌جێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی شاره‌وانییەکە دانراوە، هەرچەندە بەرپرسانی شارەوانییەکە دەڵێن بڕیاری ناونانی گەورەشەقامەکە بە ناوی شێخ سەعیدی پیرانەوە پێشتر دراوە، بەڵام ئەوە هیچی لە قەبارەی مشتومڕ و کاردانەوەکان نەگۆڕی.

كاردانه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ناوهێنانی شێخ کە ساڵی 1925 لە ئامەد شۆڕشی دژی حکومەتی تورکیا بەرپاکردووە و دواتر بەهۆیەوە لەسێدارەدرا، شتێکی نامۆیە لە مێژووی تورکیا.

95 ساڵ بەسەر شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران تێپەڕدەبێت | رووداو.نێت

پارتی زه‌فه‌ر به‌ توندی دژی وه‌ستایه‌وه‌

ئومیت ئۆزداغ، سه‌رۆكی پارتی زه‌فه‌ر كه‌ پارتێكی راستڕه‌وی نه‌ته‌وه‌ییه‌ رایگه‌یاند، “كام ده‌وڵه‌ت ناوی ناپاكێكی نیشتمان كه‌ سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌ت یاخی بووه‌ و سه‌دان ئه‌فسه‌ر، سه‌رباز و كارمه‌ندی مەدەنی كوشتووه‌، له‌و شاره‌دا كه‌ تیایدا له‌سێداره‌ دراوه‌ شەقامێکی بەناوەوە دەنرێت؟!،

ئومیت ره‌خنه‌ له‌ ئاكپارتی ده‌گرێت و ده‌ڵێت، “ماده‌م ئێوه‌ شەقامی شێخ سه‌عیدتان دروست ده‌كرد، بۆچی قه‌یومتان دانا، رێگه‌تان بدایه‌ هه‌ده‌په‌ش هه‌مان شتی ده‌كرد”.

 

هوداپار: شێخ سه‌عید شه‌هیده‌

بەڵام فاروق دینچ، په‌رله‌منتاری مێرسینی هوداپار كه‌ پارتێكی ئیسلامییه‌ و جێگه‌ی هەژموونی باكووری كوردستانه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ په‌رله‌مان گوتی، وه‌ستانه‌وه‌ دژی شێخ سه‌عید بۆچوونێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌، ئەو شێخ سه‌عیدی به‌ شه‌هید ناوبرد و رایگه‌یاند، “نیگه‌رانبوون له‌ ناوهێنانی شێخ سه‌عید، حسابنه‌كردنه‌ بۆ به‌هاكانی گه‌لی دێرین و موسڵمانی دیاربه‌كر، ئه‌وان شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی ئێمه‌ن، پێویسته‌ ناویان له‌ خوێندنگه‌ و زانكۆ و نه‌خۆشخانه‌كانیش بنرێت”.

پەڕگە:شێخ سەعیدی پیران.jpg - Kurd collect

به‌هۆی شێخ سه‌عیده‌وه‌ ئیی پارتی هه‌ڵوه‌ری

بابەتەکە زیاتر قوڵ بوویەوە و بەهۆیەوە ئی پارتی لە ئامەد هەڵوەراند، سالم ئه‌نساریئۆغڵو، په‌رله‌مانتاری ئامەدی ئی پارتی پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی پارته‌كه‌ی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكسه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌رگری له‌ شێخ سه‌عید كرد.

ئه‌نساریئۆعڵو سه‌ره‌ڕای نوێكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازی دیارییكردنی گۆڕی شێخ سه‌عید رایگه‌یاند، “به‌ توندی تۆمه‌تباكردنی شێخ سه‌عید كه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌مه‌وه‌”.

دواتر ئه‌نساریئۆغڵو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ ئیی پارتی راگه‌یاند و هۆكاره‌كه‌شی بۆ لادان له‌ یه‌كێك له‌ فه‌لسه‌فه‌كانی دامه‌زراندنی پارته‌كه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ پارێزگارییكردن له‌ ئایین و سیمبوله‌كانی گه‌ڕانده‌وه‌.

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ناوبراو، كوڕه‌كه‌ی، ڤه‌ژدین ئه‌نساریئۆغڵو كه‌ سه‌رۆكی لقی ئیی پارتییه‌ له‌ ئامەد، له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی لق و رێكخستنه‌كان ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌، شه‌پۆله‌كه‌ به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و ئه‌ندامانی پارته‌كه‌شی گرته‌وه‌ لە شارەکە تا کار گەیشتە ئه‌وه‌ی 12 هه‌زار و 750 ئه‌ندامی ئیی پارتی له‌ شاره‌كه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌ندامێتیی پارته‌كه‌یان بوون.

شێخ سەعیدی پیران

ده‌م پارتی: خه‌باتی شێخ سه‌عید ره‌وا بوو

هاوكات پارتی ده‌م، هەدەپەی پێشوو، سه‌باره‌ت به‌و سووكایه‌تییانه‌ی به‌ناوی شێخ سه‌عید كرا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا باسی له‌وه‌كرد، “ئه‌و شۆڤێنییانه‌ی زماندرێژیی دژی شێخ سه‌عید و هاوه‌ڵانی ده‌كه‌ن یه‌ك زه‌ڕڕه‌ به‌هایان له‌لای گه‌لی كورد نییه‌. شێخ سه‌عید و هاوه‌ڵانی خه‌باتی ره‌وایان ئه‌نجامداوه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ به‌ره‌وڕووی سته‌می ده‌وڵه‌ت بوونه‌ته‌وه‌.”

دەشڵێت، “ئه‌وان به‌های گرنگی گه‌لی كوردن و هه‌میشه‌ش به‌وشێوه‌یه‌ یاد ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی به‌ به‌هاكانمان ده‌كه‌ن ده‌بێت، سنووری خۆیان بزانن”.

 

جه‌هه‌په‌: رێزیان ده‌گرین

لای خۆیه‌وه‌ ئۆزگور ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په‌ له‌باره‌ی مشتومڕه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند، “ده‌زانم كه‌ له‌و بارودۆخه‌دا یاخیبوون دژی كۆمار هه‌بوو، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و ئازارانه‌ی له‌ ئه‌نجامی سه‌ركوتكردندا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، دڵی نه‌وه‌كانی بیه‌شێنێت، ئه‌وا پێویسته‌ رێزیان لێبگرین.”

 

مه‌مله‌كه‌ت و مه‌هه‌په‌ هاوڕان

موحه‌ڕه‌م ئینجه‌، سه‌رۆكی گشتیی پارتی مه‌مله‌كه‌ت رایگه‌یاند، “شێخ سه‌عید ناپاكه‌، من له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر راشكاوم. من له ‌به‌ره‌ی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركم”.

هەروەها ده‌وله‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی گشتیی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (مه‌هه‌په‌) كه‌ هاوكات هاوپه‌یمانی ئاك پارتییه‌ له‌ حكومه‌تدا، جیاواز له‌ بۆچوونی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ئاك پارتی رایگه‌یاند: “شێخ سه‌عیدی خنووسی ناپاكه‌. له‌ یاخیبوونه‌كه‌ی ئه‌ودا سه‌ربازانمان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ شه‌هید بوون و برینداربوون. ئه‌وانه‌ی پێی ده‌ڵێن قاره‌مان، رێبواری هه‌مان رێگای ناپاكین”.

 

ئاك پارتی: شێخ سه‌عید زانایه‌

غالب ئه‌نساریئۆغڵو، په‌رله‌مانتاری ئامادەی ئاك پارتی له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، “شێخ سه‌عید كه‌سایه‌تییه‌كه‌ كه‌ هه‌مووان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رێزه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن. ئه‌و زانایه‌كی گه‌وره‌یه‌، رێبه‌رێكه‌. با هیچ كه‌سێك كورد به‌ جووداییخواز تاوانبار نه‌كات. جووداییخوازی بریتییه‌ له‌و عه‌قڵییه‌ته‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌. ئه‌مانه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌و ئازاره‌ی له‌ رابردوودا ماوه‌ته‌وه‌، بیهێننه‌وه‌ و بیكه‌نه‌وه‌ به‌ مایه‌ی پێكدادان و پشێویی، ئه‌وانه‌ن كه‌ جووداییخوازن. ئه‌م نیشتمانه‌ زیاتر له‌وه‌ی نیشتمانی ره‌گه‌زپه‌رستان بێت، نیشتمانی كوردانه‌”.

شێخ سەعیدی پیران

هەواڵی زیاتر

Back to top button