لە تورکیا کێ هەژارە؟

زووم،ئاژانسەکان:

تاوەکو بەر لە 6ـی شوبات یەک کێشەى دیار، بەرۆکى گرتبوون، ئەویش هەڵاوسان بوو. بەڵام لە بەرەبەیانێکدا بومەلەرزە هەمووشتێکى لەگەڵ خۆى ژێروژور کرد، داروپەردوو هەناسەى لە نزیکەى 50 هەزار کەس بڕى، ئەوەشى رزگاری بوو، دەیان کێشە بەرۆکى گرتووە؛ نەبوونى پەناگەیەکى ئارام، نەبوونى خۆراک و کار، هەڵاوسانیش رۆژ لەدواى رۆژ زیاتر دەبێت. ئەمە سەرزگوزشتەى دۆخى باکورى کوردستان و تورکیایە.

حکومەتی تورکیا ماوەیەک بەر لە بومەلەرزەکان، موچەى کارمەندانى حکومى و خانەنشینانى زیادکرد، لەبەرئەوەى گرانى و هەڵاوسان تەنگى بپێهەڵچنیبوون، بەڵام بومەلەرزە وڵاتەکەى خستە دۆخێکەوە سەدان ملیار دۆلارى پێویستە بۆئەوەى دیمەنى شارە وێرانەکان وەک پێشوو لێبکاتەوە. بەگوێرەى ئامارى وەزارەتی ژینگە و شارستانی تورکیا بومەلەرزەکان زیانى راستەوخۆى بە نزیکەی 14 ملیۆن کەس لە 10 پارێزگا داوە، کە دەکاتە زیاتر لە 15٪ی دانیشتووانی تورکیا و باکوری کوردستان. ئەمەش رێژەى هەڵاوسان لەو وڵاتە دەباتەوە لوتکە.

بەگوێرەى ئامارى حکومەت پێش بومەلەرزەکان رێژەى هەڵاوسان بۆ 58% دابەزی بوو

بەگوێرەى ئامارى حکومەت پێش بومەلەرزەکان رێژەى هەڵاوسان بۆ 58% دابەزی بوو، لەکاتێکدا ساڵى رابردوو گەیشتبووە 84%. حکومەتى تورکیا قەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکانى بە 100 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. سەربارى ئەوەى ناوچەکەشی پەکخستووە. ئەو 10 پارێزگایەى باکورى کوردستان کە بومەلەرزە گرتییەوە، بە شادەمارى بازرگانى تورکیا دادەنرێن، قەبارەی بازرگانی ساڵی رابردووى 10 پارێزگاکە، 21 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

بەگوێرەی ئامارێکی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆ ئێن دی پی)، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون، پێویستیان بە دروستکردنی 500 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، تێچووەکەشی بە نزیکەی 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. یەکێک لە دیارترین کێشەى زیانلێکەوتوان نەبوونى شوێنى مانەوەیە. بەگوێرەی ئامارێکی رۆژنامەی ئاکشامی تورکی، کرێی خانووبەرە لەناوچە زیانلێکەوتووەکان و بە تایبەتی لە پارێزگای ئەدەنە کە ژمارەیەکی زۆر لە زیانلێکەووەکان رویان لەو شارە کردووە، 100٪ بەرزبووەتەوە.

هەر خانەوادەیەکی چوار کەسی داهاتى مانگانەى لە 10 هەزار و 259 لیرە کەمتر بێت، لەژێر هێڵى هەژاریدایە

 

ئەمەش وەک قەیرانێکى نوێ، بەرۆکى هاوڵاتیانی گرتووە. ئەمڕۆ، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی یەکگرتووی گشتی کاری تورکیا، رێژەى هێڵی هەژاری لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەى ئامارەکە، هەر خانەوادەیەکی چوار کەسی داهاتى مانگانەى لە 10 هەزار و 259 لیرە کەمتر بێت، لەژێر هێڵى هەژاریدایە. بەگوێرەى رێژەکە زۆرینەى چینى کارمەندان و خانەنشیانى وڵاتەکە لەژێر هێڵى هەژاریدان. موچەى کارمەندان و خانەنشینیان دواى ئەوەى کە 30% زیادکرا، ئێستا دەگاتە هەشت هەزار و 506 لیرە. واتە نزیکەى دوو هەزار لیرە کەمترە لەو رێژەىەی بۆ هێڵی هەژاری دیاریکراوە.

ئەوانەشی کە کارمەندن یان خانەنشینن، ژمارەیان کەمنییە. ئێستا پێنج ملیۆن و 52 هەزار و 409 کارمەندى حکومى لە تورکیا هەن، لەگەڵ 13 ملیۆن و 100 هەزار خانەنشین، کە دەکاتە نزیکەى 19 هەزار کەس، ئەوەش دەکاتە نزیکەى چارەکێکى کۆى دانیشتوانى تورکیا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button