گیڤارا لە شۆڕشگێڕێکەوە بۆ کاڵایەک

چێ گیڤارا، لەدایکبووى ١٤ـى حوزەیرانى ١٩٢٨، شۆڕشگێڕێکى کۆمۆنیستى خەڵکى ئەرجەنتین بوو. ناوى ئەو، سەردەمى شۆڕشەکانى سەدەى بیستمان بیردەخاتەوە. سەردەمێک کە دونیا، دونیاى شۆڕش بوو. بەپێچەوانەى ئێستاوە، کە شۆڕش و جووڵانەوەکانیش دەبنەوە بە کاڵاى بازاڕ و میدیا.

یەکەم چرۆى شۆڕشگێڕى لە گیڤارادا ساڵى ١٩٥٠ دەرکەوت کە پاش دوو ساڵ خوێندنى پزیشکى، کۆلێژى جێهێشت و بە ماتۆڕسیکلیتێک زۆرینەى شار و شارۆچکەکانى ئەرجەنتینى بەسەرکردەوە. ساڵى دواتر، بەدرێژایی نۆ مانگ لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەناوى ئالبێرتۆ گرانادۆ، کەوتە گەڕان بە ئەمریکاى باشوردا. چیللى و پیرۆ و کۆلۆمبیا و ڤەنزوێلاى بڕى. لە ژیانى خەڵک وردبووەوە و چەشنى “مەسیح” کەوتە چارەسەرکردنى خەڵکانى نەخۆش و بەشمەینەت. گیڤاراى پزیشک دەستى نوسینیشى هەبوو، بۆیە بیرەوەرییەکانى ئەم گەشتانەى نوسییەوە و ناوینا “ياداشتە ڕۆژانەییەکانى ماتۆڕسکیلێک”.

گیڤارا پاش تەواوکردنى کۆلێژى پزیشکى، دەستیدایە گەشتێکى تر. ئەو لە گواتیمالا گیرسایەوە. ماوەیەکى باش لەوێ مایەوە. لەو ماوەیەدا نازناوى “چێ”ـى بۆ خۆى دیاریکرد. چێ، نازناوێکە بە ماناى “سڵاو” و “هاوڕێ”ش دێت، جۆرێک بانگکردنى قۆشمانە بووە گیڤارا خۆى هەڵیبژاردووە.

ناوبانگى گیڤارا، لە شۆڕشى کوباوە تەقییەوە. ئەو یەکەمجار لە ساڵى ١٩٥٥ لە شارى مەکسیکۆ، فیدڵ کاسترۆى ناسى. پاشان یەکێک بوو لەو 82 کەسەى بەرەو کوبا ڕۆیشتن بۆ هەڵگیرساندنى شۆڕش دژى حکومەتەکەى باتێستا کە دەستنێژى ئەمریکا بوو. پاش سەرکەوتنى شۆڕش، ماوەیەک بووە وەزیرى پیشەسازى و دواییش سەرۆکى بانکى ناوەندى. گیڤارا دواى ڤیدڵ کاسترۆ، دیارترین فیگەرى شۆڕشى کوبا بوو. بەڵام پاش کۆتاییهاتنى شۆڕش لە کوبا نەمایەوە و وەک شۆڕشگێڕێکى کۆچەرى و گەردوونى، کەوتەڕێ بەرەو وڵاتانى ئەمریکاى لاتین، و ئۆقرەى نەگرت تا ئەوەى لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٧ لە دارستانەکانى بۆلیڤیا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا دەستگیرکرا و گوللەبارانکرا. سى ئاى ئەمریکى، دەستى لەم پیلانەدا هەبوو.

هەر لە سەروبەندى شۆڕشدا، سارتەر و سیمۆن دیبۆڤوار سەردانى کوبا دەکەن و گیڤارا دەبینن. یەک لە فۆتۆکانى ئەو دیدارە، بووە بەناوبانگترین وێنەى ئەو سەردەى نێوان فەیلەسوفێکى چەپ و فیمینیستێکى چەپ و پارتیزانێکى چەپ. ژان پۆل سارتەر، فەیلەسوفى فەڕەنسى لەبارەى گیڤاراوە دەڵێت: «ئەو، کامڵترین مرۆڤى سەردەمى ئێمە بوو».

 

گیڤارا سەر بە سەردەمێک بوو کە نەتەوە چەوساوەکان بۆ ڕزگارى تێدەکۆشان، ڕزگاربوون لە ستەم و سڕینەوەى نەتەوەیی. بۆیە لەناو میللەتانى ستەملێکراودا، فیگەرى خەباتکار هەبوون بە ئازایی ناویان ڕۆیشتبوو: لەناو کورددا و لە سەردەمى خەباتى شاخدا، “مامە ڕیشە” یەکێک بوو لەو فیگەرانەى کە ناوى بە ئازایەتى ڕۆیشتبوو. یەک لە سروودە شۆڕشگێڕییە کوردییەکانیش، لەلایەن “جوان حاجۆ”وە لەبارەى گیڤاراوە وتراوە:

 

لەناو نەتەوە سەردەشت و دەسەڵاتدارەکانیشدا، هەوڵێک هەبوو بۆ ناشیرینکردنى فیگەرێکى وەک گیڤارا. بۆ نمونە لە ئەمریکا، کە نەیارى ئایدۆلۆژیی گیڤاراش بوو، فیگەرێکى سینەمایی وەک “سوپەرمان”  درووستکرابوو بۆ شاردنەوەى ئازایەتیی گیڤارا و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکەى لەناو گەنجاندا. ئەمریکا، ڕەمزى سەرمایەدارى بوو، گیڤاراش ڕەمزى بەگژاچوونەوەى سەرمایەدارى.

گیڤارا دەمێکە کراوەتە کاڵا. وێنەکانى بەسەر جلى گەنجان، شمەکەکان، یارییەکان، و دەفتەر و کتێبەکانیشەوە دەبینرێت. لە سینەماشدا، تێماى چەندین کارى بەرز و نزم بووە. ئەو لە شۆڕشگێڕێکەوە کە نەیارەکانى لێى دەترسان، گۆڕاوە بۆ مارکە و براندى جۆراوجۆر. واتە بووەتەوە بە خۆراکى ئەو نەهەنگەى کە خۆى لەپێناویدا کردە قوربانى.

لە کۆمەڵگاى کوردی دا، زۆرجار گەنجان و مێردمناڵان شەیدا وێنەى گیڤارا دەبن و لە لاپەڕەکانى سۆشیاڵ میدیاش هەر وتە و وێنەکانى گیڤارا بەدیدەکرێت. بەڵام کەمن ئەوانەى بزانن گیڤارا چەپە و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش پێچەوانەى بڕواى دینیی ئەوانە. بەڵام گیڤارا زیاتر وەک هێماى دادپەروەرى گەیشتووەتە خەڵکانى دونیا.

پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ گیڤارا جارێکى تر دەبێتەوە بە هەوێنى بەرەنگارى و شۆڕش بۆ خەڵکى دونیا؟ یان زیاتر و زیاتر دەکرێت بە خۆراکى سەرمایە و سووڕى سەرمایە؟

هەواڵی زیاتر

Back to top button