لە ئەمریکاوە تاوەکو ئەفغانستان: مافی ژنان لە جیهان لە پاشەکشەدایە

مافەکانی ژنان لەسەر ئاستی جیهان لە پاشەکشەدایە، ئەو رێکخراوانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژناندا چالاکن رەخنە دەگرن و داوا دەکەن ئەو دۆسیەیە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوە سیاسییەکانەوە.

دامەزراوەی ژان ژۆرێس و کۆمەڵەی ئیکێپۆپ، کە لە بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی ژناندا چالاکن، راپۆرتێکی هاوبەشیان لەبارەی مافەکانی ژنانەوە بڵاوکردووەتەوە، جەختدەکەنەوە، پێشێلکاریی دژی مافەکانی ژن لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بوونی هەیە.

دوو رێکخراوە فەرەنسییەکە لە راپۆرتەکەیاندا، دەڵێن هەر لە ئەمریکاوە تاوەکو ئەفغانستان مافەکانی ژنان لە پاشەکشەدان، لە ئەمریکا دادگای باڵای فیدراڵیی مافی لەباربردنی منداڵی لە ژنان سەندەوە، لە ئەفغانستانیش حکومەتەکەی تاڵیبان رێگری لە ژنان دەکات کە بخوێنن، ناهێڵێت سەنتەرە بازرگانییەکاندا کاربکەن، لە پۆڵەنداش کۆتوبەندی تازە دانراوە و ناهێڵن ژنان بە ئاسانی دەستیان بە دەرمانەکانی دژەسکپڕی بگات.

لوسی دانیاڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی ئیکێپۆپ، بە فرانس پرێسی گوتووە، هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بەدەر نییە لەم پاشەکشەیە، ئێستا زۆرێک لە لایەن گروپەکان دژی مافەکانی ژنان دەوەستنەوە.

راپۆرتە هاوبەشەکە، سەرنجی ئەوەی داوە، کە زۆرجار ئەو لایەن و گروپانەی داکۆکی لە مافەکانی ژن دەکەن، زۆرینەیان گروپ و هاوپەیمانیی ناتەبا پێکدەهێنن، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن، هەندێجار گروپە راستڕەوە توندڕەوەکان و بزووتنەوە ئاینییە ئسوڵییەکان لەژێر چەتری هاوپەیمانییەکدا کۆدەبنەوە، لە کۆتاییشد ئەم جوڵەیە بە زیانی ژنان دەشکێتەوە، وەکو ئەوەی ئێستا لە جیهاندا روودەدات.

راپۆرتەکە بە توندی رەخنە لەو هاوپەیمانێتییانە دەگرێت، دەڵێت ئەوان رێکخستنێکی پتەویان هەیە، گرێدراوی یەکترن و پارەیەکی باشیان بۆ دابیندەکرێت، هەموو ئەمانەش زەمینەخۆشکەرن بۆ ئەوەی رێگە لە پێشکەوتنی ژنان بگرن و پاشەکشە بە مافەکانیان بکەن، یاخود هەر هیچ نەبێت پارێزگاریی لەم دۆخەی ئێستا بکەن.

دوو رێکخراوە فەرەنسییەکە، لە کۆتایی راپۆرتەکەی ئەمساڵیاندا، چەند راسپاردەیەکیان بۆ باشکردنی دۆخی مافەکانی ژنان راگەیاندووە، یەکێک لە راسپاردەکان دابینکردنی بودجەی زیاترە بۆ ئەو رێکخراوانەی بە فیعلی داکۆکی لە مافەکانی ژن دەکەن، وەکوچۆن داوایان کردووە دۆخی ئێستای ژنان بکرێتە بابەتێکی جدی و بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوە سیاسییەکانەوە و ئەولەویەتی پێ بدرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button